ناونیشانی بابەت: مامۆستا و فێرخواز..
ئامادەکردنی: #ئاراس سەعید#
“مامۆستا دەبێت دژ بەخۆی، مەشق و ڕاهێنان بەقوتابییەکانی بکات.”
فرێدریک نیتشە
بە بۆچوونی من بەشێکی سەرەکی ئەو قەیرانانەی لە کۆی سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و فیکری و ڕۆشنبیری هەر کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا هەن، ڕیشەکەی لە هەناوی سیستەمی پەروەردە و فێرکارییەکەیدایە. بەتاییبەتی بۆ کۆمەڵگەیەکی وەکوو کۆمەڵگەی #کورد#ی کە سایکۆلۆجاییەکی بندەستەی هەیە، ئەو کێشە گەورەیەی لە سیستەمی پەروەردە و فێرکارییەکەیدا هەیە، پەیوەندییەکی ئۆرگانی بە دنیابینیی و سیستەمی فیکری و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کولتووری کۆمەڵگەی ئێمەوە هەیە. سیستەمی پەروەردەی کوردی سەربە تەرزینی کولتووری ئایینی و پارتریایکییە و لەهەناوی ئەو سیستەمەشدا پەیکەربەندی و پایەکانی خۆی داڕشتووەتەوە. کولتوورێکە پێی وایە، حەقیقەتی ڕەها و موقەدەسی پێیە و دژی تەفسیر و ڕەخنە و کرانەوە و نوێگەرییە، هەر وەکوو چۆن تابۆی ئایین هەموو تەفسیر و ڕەخنەگرتن و ڕەتکردنەوەیەکی ئەحکام و توراسی ئایینەکەیە، ئا بەوجۆرەش سیستەمی پەروەردە دژی هەموو ڕوانین و تەفسیر و ڕەخنەیەکە لە تێکست و پڕۆگرامەکانی.
لە کولتووری ئایینیدا ڕاڤەکردن و تەفیسرکردن تەنیا مافێکە بۆ مەلا و مامۆستایانی ئایینی ڕێگەپێدراوە و هەموو بۆچوون و تەفسیرێکی دیکە، بۆ ئەحکامەکانی ئایینەکە لەلایەن باوەڕدارانەوە گوناﮪ و تاوانێکی موقەدەسە. بەوجۆرەش لە سیستەمی پەروەردەدا مامۆستا و وانەبێژەکانی خاوەنی شەرعییەتی ئەکادیمین و حەقیقەتی ڕەهایان پێییە و مافی ڕاڤەکردن و تەفسیرکردنی تێکست تەنیا مافێکە بۆ ئەوان ڕێگەپێدراوە و ڕەخنەگرتن و تەفسیر و ڕاڤەکردن و ڕوانین لە گۆشەنیگای دیکەوە بۆ تێکست و پەرتووک و مەلزەمەکان تاوانێکی موقەدەسە. لێرەوە ئیشی هەرە گەورەی سیستەمی پەروەردە و فێرکاری ئێمە پوچەڵکردنەوەی هەر ئایدیایەکە، لە دەرەوەی مەعریفەی خۆی بنواڕێتە کۆی ئەو کێشە گەورانەی لە سیستەمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و دینی ئێمەدا هەن. سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا وەکوو ماشێنێکی ترسناک کاردەکات تا کۆبیر و گۆشەنیگای ڕوانینی فێرخواز لە درزێکی بچوکدا قەتیس بکات، بۆ ئەوەی درز و شەبەقە گەورەکانی سیستەم پەردەپۆش بکات.
لەناو سیستەمی فێرکاری ئێمەدا، پەیوەندی مامۆستا و قوتابی لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی قووڵی دەسەڵات دایە، هاوشێوەی پەیوەندی (ئاغا و کۆیلە) وەکوو ئەوەی هیگڵ ئاماژەی بۆ کردووە؛ “بوونی ئاغا بەنده دانپێدانانی ئەویدیکەی کۆیلەوە.” لە سیستەمی پەروەدەی ئیمەشدا مەرجی بوونی ئاغایەتی مامۆستا بەندە بە دانپێدانانی ئەویدیکەوە وەکوو سمیبول و باوکی مەعریفە. ئەمەش پەیوەندی بەو سیستەمە باوکسالارییەوە هەیە، کە سیستەمی پەروەرده پایەکانی خۆی تێدا داڕشتووەتەوە. (#بەختیار عەلی#) لە پەرتووکی (خوێنەری کوشندە)دا خوودی ئەو کێشەکە دەگەڕێنتەوە بۆ ئەوەی “کە قوودسییەتی مامۆستا یەکسان کراوەتەوە بە قوودسییەتی مەعریفەوە.” مامۆستا باوکی ئایدیاڵ و باوکی زانین و باوکی مەعریفەیە و ئەویدیکەی گەورەیە کە دەبێت کوڕنووش و سوژدەی بۆ بەرین. ڕیشەی ئەم پەیوەندییەش لە هەناوی ئەو کولتوورە ئایینییە باوکسالارە ترسناکەوە دێت کەدەڵێت: گۆشتی بۆ من و ئێسیکی بۆ تۆ. یان (من علمنی حرفا صرت لە عەبدا) کە ڕیشەیەکی ئایینی هەیە و فەنتازییایەکی ئۆدیبییە بۆ کوورتکردنەوەی وێنەی جیهان بۆ وێنەی باوکی باش و باوکی خراپ، باوکی خەسێنەر و باوکی داڵدەدەر، مامۆستای باش و مامۆستای خراپ، مامۆستایی خەسێنەر و مامۆستای میهرەبان.
دامەزراوەی پەروەدەکارانە ئاماژەیە بۆ ئەو شوێنە ماددیی و ڕەمزیانەی کە تێدا دەسەڵات نواندن و مومارەسەدەکرێت بۆ ملکەچکردن و ڕامکردن و دەستەمۆکردنی سوبێکت. سیستەمی ڕەمزی سیستەمی ئەویدیکەی گەورەیە، کە جێگرەوەی شتە ڕاستەقینەکانە بە ئەلتەرناتیڤەکان. یان وەکوو ئەوەی (ژیل دۆڵۆز و فلێکس وتاری) لە پەرتووکی (ئەنتی ئۆدیب) کایەی زانیارییەکان بە بەشێک لە “پێکهاتی فالووسی کولتووری باڵادەست پێناسەدەکەن.” هەروەها فەیلەسووفی فەڕەنسی (ژاک ڕانسییەر) سیستەمی پەروەردەکارانە وەکوو نەزمێک پێناسەدەکات، کەتێدا دەسەڵاتی ئەوانەی دەزانن بەسەر ئەوانەدا کەنازانن مومارەسە دەکات. ڕانسییەر لە پەرتووکی (مامۆستای نەزان Le maître ingnorant) دا ئوستووڕەی سیستەمی پێداگۆجی بەوە تەعریف کردووه، کە سیستەمێکە لەسەر بنەمایی دابەشکاری بۆ دوانەیەک درێژە بەبوونی خۆی دەدات، دوانەی زانا و دانا، تەوەزەل و زیرەک. بەدیدی ڕانسییەر هیچ مرۆڤێک لە بنەمادا تەوەزل نییە. ئەو بە گەڕانەوە بۆ چیرۆکی (مسیۆ ژاکۆتۆ) تێزەکەی خۆی دادەڕژێت و دەنووسێت: ( لە ئەنجامی گشت فێربوونە هزرییە جۆراوجۆرەکاندا، ئەوەی گشت منداڵێکی مرۆڤ بەیەکسانی باشتر لە هەر شتێک فێری دەبێت، ئەو فێربوونەیە کە هیچ مامۆستایەک ناتوانێت بۆی ڕوونبکاتەوە، ئەویش فێربوونی زمانی دایکییە.) لێرەوە ڕانسییەر وتە بەناوبانگەکەی ژاکۆتۆ دەڵێتەوە: “هیچ زانینێک لە کەللە سەرێکەوە ناگوازرێتەوە بۆ کەللەسەرێکی دیکە.” بەو مانایەی مامۆستای نەزان لە ڕاستیدا هیچ شتێکی نییە بیبەخشێت بەویدیکە. بەدەربڕینە فۆکۆییەکە کایەی پەروەدەکارانە و مەعریفە لە بنەمادا، کایەی دەسەڵات و پەیوەندییەکانییەتی.
مامۆستا سەر بەکایەی زانین و مەعریفە نییە، بەڵکوو سەر بەکایەی دەسەڵات و حکوومەت و ئایدۆلۆژیا و حیزبە. لە بنەمادا مامۆستا ناوێک نییە بۆ ئەو کائینەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەدە سەپاندوویەتی و سەرقاڵی خەساندنی تواناکانی ئەقڵمانە، بەڵکوو ئەو کائینەیە لە ڕێگە تاریکەکاندا وێڵی بینین و دۆزینەوەین. وەکوو ئەوەی (جۆن هێنری نیومان) لە پەرتووکە گرنگەکەیدا (ئایدیای زانکۆ) دا دەڵێت: “پەروەردە بوار ڕەخساندنە بۆ ژیری ڕیسککردن، هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی مامۆستا لە ڕێگەی پەرتووکە مەزنەکانەوە.” بۆ دەستنیشانکردن و ناسینی شوناسی ڕاستەقینەی (فێرخواز و مامۆستا) پێویستە بگەڕێنەوە بۆ وتارەکەی (بەختیار عەلی) سەبارەت بە (ئارەزووی فێربوون لەنێوان دۆڵۆز و لاکان) دا، بەدیدی (بەختیار عەلی) “خوێندکاربوون دۆخێکی وجوودییە، هەر بوونەوەرێک بیەوێت لە خۆیی و ئەوانیدیکە تێبگات خوێندکارە.”
ئەو لەو گۆشەنیگایەوە ناڕوانێتە خوێندکار کە تەنیا لە ڕوانگەی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتەوە لە قوتابی دەڕوانێت، ئەو ڕوانییەی تەنیا بوونە کۆمەڵایەتیی و کارەکتەرە بچوک و شوناسە کۆمەڵایەتییە تەسک و ڕاستەکەی لەبەرچاو دەگرێت و مانایی قوتابی کورتدەکاتەوە بۆ مانا قوتابخانەی و زانکۆییەکەی و تەنیا لە بازنەی هاوکێشەی دەسەڵاتدا قوتابی دەبینێتەوە و لە چوارچێوەیەکدا تێدا قوتابی لایەنە لاواز و گوێگرەکەیە و مامۆستاش لایەنە بەهێز و قسەکەرەکەیە. ئەو بۆچوونە سونەتییەی بۆ دۆخی قوتابی کە لە منداڵییەوە لە ڕووحی خۆماندا هەڵمانگرتووە:”قوتابی باش ئەو قوتابییە کە بێدەنگ و گوێڕایەڵی مامۆستایە.”
بەدیدی بەختیار عەلی: ” قوتابی بوون، ئەو هەستە وجوودییەیە کە دەتوانین پرسیار لەتاریکی بکەین، تارکییەکی ناکۆتا.” دەکرێت پرسیارکردن لە تاریکی بەوە مانا بکەین پرسیارکردنە لەوەی کە نایزانین. ئەو تاریکیییەی پێ دەڵێن:” کایەی نادیار.” وەکوو نەستی (ئەرنست بلۆخ) (ئەوەی هێشتا پێی هۆشیار نین.) بلۆخ نەست بەسەر زەمینی ئەو بابەتانە دەزانێت کە پێی هۆشیار نین.
جیاوازی مامۆستا و فێرخوازیش لەوەدا دەردەکەوێت، کە قوتابی ئەو کەسەیە کە دەزانێت سنووری بچوکی زانینی زۆر بچوکترە لە سنووری گەورە و بێکۆتای زانین. بەپێچەوانەوە مامۆستا هەمیشە پێی وایە دەزانێت، نەزانی خۆی لەژێر ناسناو و کڵێشەی سادەی مەعریفیدا دەشارێتەوە و لەیەک گۆشەنیگای ڕوانیندا چەقی بەستووە و مردووە. مردن بەو مانایەی نیگارکێشی بەناوبانگ (ئادگار دیگاس) لە شوێنێکدا دەریدەبڕێت: (زۆر بەختەوەرم ستایلی خۆم نەدۆزیوەتەوە، گەر ستایلی خۆم بدۆزیبایەتەوە له وەڕەزیدا دەمردم.)
دەکرێت جیاوازی نێوان مامۆستا و قوتابی ئەوەبێت، کە مامۆستا لەیەک ستایل و مۆدێلی مەعریفەدا گیری خواردووە، بەڵام خوێندکار ئەو کەسەیە کە تەنیا یەک ڕێگە و یەک ڕوانینی نییە، بەڵکوو هەرجارە و ڕێگەیەک تاقی دەکاتەوە. یان وەکوو ئەوەی بەختیار عەلی دەڵێت: (دەزانێت هێشتا تێنەگەشتووە، ئەم هێشتایە ئەبەدییە و شتێک نییە لای مامۆستایەک و حەکیمێک و فەیلەسووفێک بگیرسێتەوە بەڵکوو لە مەرگدا ڕادەوەستێت بێ ئەوەی گەیشتێبێتە وێستەگەیەکی کۆتایی. قوتابی ئەو کەسەیە کە قوتابخانەی نییە، قوتابی لە قوتابخانەدا ناگاتە مەقامی قوتابی بوون بەڵکوو ئەو کاتە پێی دەگات لەناو پەرتووکخانەیەکدا بمرێت، بمرێت و هێشتا ئەو پەرتووکەی نەدۆزیبێتەوە کە بۆی دەگەڕێت. مەقامی قوتابی لە مەقامی مامۆستا گەورەترە، مامۆستا لە جێگایەکی بچووکی مەعریفەدا گیر دەخوات، زانیارییەک دەگەیەنێت، بەڵام هەمیشە قوتابی شتێکی زۆرتری دەوێت لەوەی مامۆستا دەتوانێت بی بەخشێت، مامۆستابوون هەمیشە ڕۆڵێکی کاتییە، قوتابی دەتوانێت بۆ هەتاهەتایە و لە هەموو جێگایەکدا قوتابی بێت، بەڵام مامۆستا ناتوانێت هەمیشە قوتابی بێت.) کەم تازۆر (بەختیار عەلی) ئەم بۆچوونەی لە هزری نیتشە وەرگرتووە کاتێک دەڵێت: “مامۆستا دەبێت دژ بەخۆی، مەشق و ڕاهێنان بەقوتابییەکانی بکات.”
بەدیدی نیتشە پێویستە مرۆڤەکان خاوەنی مۆدێل و تێڕوانینی خۆیان بن بۆ ژیان، نەک لە پنتێکی ڕوانیندا چەق ببەستن. (زەرادەشت شاگردەکانی بەجێدەهێڵێت، خۆت لەمن دووربخەرەوە، دووربە لێم. من ڕێگەی خۆم هەیە و تۆش ڕێگەی خۆت هەیە، باشترین و تەواوترین ڕێگا بوونی نییە، تەنیا ڕێگایەک بوونی نییە. هەموو ڕێگایەک بەشێکە لە ڕێگایەکی ناکۆتا) بەمانەیەکی دیکە، هەموو ئایدیایەک بەشێکە لە زنجیرەیەکی ناکۆتایی لە ئایدیا، یان وەکوو ئەوەی لاکان بە (زنجیری دالەکان) گوازرشتی لێ دەکات، (بۆ ئەوەی لەیەک تێبگەین، پێویستیمان بە دوو هەیە).
من ناوی (فێرخواز) بۆ (قوتابی) بەکاردەهێنم، فێرخواز کەسێکە کە خوازیار و (ئارەزوو)ی فێربوونە. چەمکی ئارەزوو لای لاکان جۆرێکە لە نوقستانی ئارەزووی ئەوشتەیە کە نیمانە. تێنوێتییە بۆ پڕکردنەوەی نوقستانییەک، لەزەت ساتی چێژ بینینییە لەو نوقستانییە. بەختیار عەلی بەکۆمەکی لاکان چەمکی (سوبێکتی نوقستان) وەکوو ناوێک بۆ سوبێکتی قوتابی بەکاردەهێنت. سوبێکتی قوتابی ناوێکی دیکەیە بۆ سوبێکتی کەرت و چاڵ چاڵ و نوقستانی خۆمان، قوتابی ناوی سوبێکتە هەمیشە نوقستانەکەمانە کە لەکایەی فێربووندا بۆ ئارەزووە مەحاڵەکەی خۆی دەگەڕێت، ئارەزووی هەمیشەیی و تێرنەبووی فێربوون.
فێرخواز ناوێکە بۆ ئەو کائینەی نوقستانەی هەرگیز لەکایەی زانیدا تێرنابێت. وەکوو قەلەڕەشەکەی (ئیدگار ئالان پۆ) کە پێمان دەڵێت ( نا نا هەرگیز) هەرگیز تاریکی و ناخمان تەواو نابێت. هەرگیز منێکی ساف و بێگرێ و بێپرسیار و بێدوودڵی بوونی نییە، خوود یان نییە یان بوونێکی هەلا هەلایە.[1]