عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا دەڵێت: هەر کاتێک #پەکەکە# لە ڕۆژاوای کوردستان نەما، لەپاڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات دەمێنێت. دەشڵێت، هەر کاتێک پەکەکەیان دەرکرد و پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە پچڕاند، ئەو کاتە هێرش کرایە سەر کۆبانی، بۆچوونێکی دیکەی دەبێت.
عەبدولحەکیم بەشار، لە هەڤپەیڤینێکدا کە نالین حەسەن لەگەڵی کردووە، باسی لە چوونی دەکات بۆ دیمەشق و دەڵێت: ئەو چووبوو خەڵک و کەسایەتی و هێزە سیاسییەکان ببینێت، نەک ئەحمەد شەرع، بۆ ئەوەی بۆچوونیان لەبارەی ئاییندەی سووریا بزانێت. دەشڵێت: ئەوان کۆک بوون لەسەر ئەوەی سووریای داهاتوو ناناوەندی بێت، کە هەر فیدراڵییە، بەڵام لە وشەی فیدراڵی دەترسان.
عەبدولحەکیم بەشار، کە دوێنێ لەگەڵ شاندێکی کوردی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە، باسی بۆچوونی سەرۆک بارزانی کرد لەبارەی داهاتووی کورد لە سووریا و وتی، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاندووە، 'ئەگەر ئێوە ئامۆژگاری من قبووڵ بکەن، ئێوە کوردەکانی سووریا پێکەوە بن و لەسەر مافی گەلی کورد چی پێویست بێت و چ یارمەتییەک لە دەستم بێت، من ئامادەم ئەگەر بتوانم.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ عەبدولحەکیم بەشار
ڕووداو: دوێنێ لە لای سەرۆک بارزانی بوون. ئایا ئەو گەشبین بوو سەبارەت بە داهاتووی ڕۆژاوای کوردستان؟
عەبدولحەکیم بەشار: بە کورتی ناتوانم بڵێم، بەڵام ڕەوشێکی نوێ لە سووریا درووست بووە. ڕژێمێک کە پارتی بەعس بوو 60 ساڵ لە دەسەڵات بووە، ئێستا دەرفەتێک درووست بووە کە کورد بگاتە مافی خۆی. لە سەردەمی بەعس هیچ دەرفەتێک بۆ کورد نەبوو. زۆرمان هەوڵ دا، بەڵام بە پێچەوانەوە کاری شۆڤێنی دژی کورد دەکرا. ئەمڕۆ پێویستمان بە وتارێکی کوردی هاوبەش و یەکدەنگ هەیە، پێویستمان بە شاندێکی کوردیی هاوبەش هەیە، بەڵام بەداخەوە تاوەکوو ئێستا ئەو شاندە پێکنایەت. من بۆ جەنابی سەرۆک باسی ئەو چالاکی و کۆبوونەوانەی خۆمم کرد لە ماوەی ئەو 20 ڕۆژەی کە لە شام بووم. بۆچوونی خۆمم سەبارەت بە داهاتووی سووریا پێوت و پێویستە ئێمە وەکوو کورد چی بکەین. وەڵامەکەی بۆ ئێمە ئامۆژگارییەک بوو کە زۆر بەنرخە و بە کورتی وتی ئەگەر ئێوە ئامۆژگاری من قبووڵ بکەن، ئێوە کوردەکانی سووریا پێکەوە بن و لەسەر مافی گەلی کورد چی پێویست بێت و چ یارمەتییەک لە دەستم بێت، من ئامادەم ئەگەر بتوانم، قسەکەی زۆر ڕوونە.
ڕووداو: لای سەرۆک بارزانی باستان لە چی کرد؟
عەبدولحەکیم بەشار: لە سووریا زۆربەی هێزە سیاسییەکانمان بینی، هێزەکانی حکومەت، بەرەی نیشتمانی، ئۆپۆزیسیۆن و ئەوانەی لەنێوانیشیاندان. نەتەوەکانی سووریامان بینی (دروزی، عەلەوی، ئیسماعیلی) و بۆچوونێکی هاوبەشمان کۆکردەوە و بۆ جەنابی سەرۆکمان ڕوونکردەوە، کە نەتەوە و خەڵکی سووریا چ بۆچوونێکیان هەیە و داوای چی دەکەن. یەکێک لەو بۆچوونانە ئەوە بوو کە خەڵکی سووریا هەموویان دڵخۆشن لەبەر ئەوەی یەکەم جارە دەتوانن ئەو شتانەی دەیانەوێت بیڵێن. هەروەها هەندێک مەترسی هەبوو لەبەر ئەوەی ئەم ڕژێمە نوێیە پاشخانێکی ئیسلامی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا خەڵکی سووریا بڕیاری خۆیان داوە و بە هیچ شێوەیەک دەسەڵاتێکی یەک لایەنە قبووڵ ناکەن، چ ئیسلامی بێت یان نائیسلامی بێت. یەک پارتی، یەک هێز، یەک کەس ناتوانێت چیدی حوکمی سووریا بکات. خەڵکی سووریا چیدی ئەمە قبووڵ ناکەن و هێزە نێودەوڵەتییەکان پەیامەکانی خۆیان گەیاندە بەڕێوەبەرایەتی نوێی سووریا کە ئەوان سووریایەکیان دەوێت، کە یەک لایەنە بەڕێوەنەچێت، بەڵکوو سووریایەک بێت فرە لایەن بێت و مافی ژنان و نەتەوەکانی تێدا هەبێت.
ڕووداو: ئایا ڕاستە سەرۆک بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسەی کردووە؟
عەبدولحەکیم بەشار: من ئەوە نازانم، بەڵام ئەحمەد شەرع بەگوێرەی زانیارییەکانی من زۆر بە باشی باسی کورد دەکات. لای ئەوان دەستەیەک هەیە بە ناوی ئەنجوومەنی ڕیشسپییان کە لە 32 کەس پێکدێت، سیمینار لەسەر پرسی کورد نەک تەنیا لە سووریا بەڵکوو لە ناوچەکە دەکات. لێدوانەکانی لەسەر کوردان ئەرێنین هەروەها کورد و پەکەکە لە یەکدی جیا دەکاتەوە. لەبەر ئەوەش جەنابی سەرۆک نامەیەکی کراوەی نارد و سوپاسی کرد لەسەر ئەم لێدوانانەی دەربارەی پرسی کورد.
ڕووداو: کاتێکچوون بۆ سووریا، پێتانوتم، داواکاریمان وەکوو ئەنەکەسە فیدراڵییە. ئایا دەسەڵاتی نوێی سووریا فیدراڵی بۆ ڕۆژاوای کوردستان قبووڵ دەکات؟
عەبدولحەکیم بەشار: ئێستا، نە دەسەڵات بە تەنیا ئەم بڕیارە دەدات، بەڵکوو دەستووری نوێی سووریا دەبێت ئەو بڕیارە بدات. ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دەیوت من بڕیاری 2254 قبووڵ ناکەم، بەڵام ئێستا دەڵێت ناوەرۆکی ئەم بڕیارە قبووڵ دەکات، کە دەستوور یەکێک لە خاڵەکانییەتی، بەشێوەیەک هەموو سوورییەکان تێیدا بەشدار بن و ئێمە وەکوو کوردی سووریا لە تەنیشت نەتەوەکانی دیکە تێیدا بەشدار دەبین. دەبێت خەڵکی سووریا بە دانووستاندنێکی بەرفراوان بگەنە ئەنجامێک دەربارەی شێوەی سووریای داهاتوو و ئەو کاتە داوای فیدراڵی دەخەینە سەر مێزی دانووستاندن، کە بۆ هەموو سووریا باش دەبێت.
ڕووداو: دوایین ڕاگەیێندراوی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا باسی ناوەندێتی (لامەرکەزی) دەکات. ئایا ناوەندێتی بووەتە داواکاریی پارتەکەتان؟
عەبدولحەکیم بەشار: نەخێر. ئێمە تاوەکوو ئەم کاژێرە داوای فیدراڵی دەکەین. ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا بەرنامەکەی نەگۆڕیوە و هەر داوای فیدراڵی دەکات. ئێمە باسی نا-ناوەندێتیی سیاسی دەکەین کە وەکوو فیدراڵییە. خەڵکی سووریا دەیانەوێت ئەم چەمکە بەکاربهێنن لەبەر ئەوەی لە وشەی فیدراڵی دەترسن. من گفتوگۆم لەگەڵ زۆر لایەن کردووە، ئەوانیش هەمان ناوەرۆکی فیدراڵی دەڵێن بەڵام لەو ناوە دەترسن و هۆکارەکەی نازانم، ئێمە هەوڵدەدەین باوەڕ لای ئەوان درووست بکەین کە فیدراڵی پێگەی سووریا بەهێز دەکات نەک لاواز، فیدراڵی زیاتر کورد بە سووریاوە گرێ دەدات.
ڕووداو: کام پارت و لایەن لەگەڵ ئەم داواکارییەن؟
عەبدولحەکیم بەشار: زۆرن. من نزیکەی 20 پارتم بینیوە و نەتەوەی جیاوازم بینیوە و زۆربەیان دەڵێن پێویستە کورد خودی خۆی ئیدارەی خۆی بکات. کاتێک پرسیارم لێکردن، ئایا مافی ئەوەمان هەیە ئەنجوومەنێک پێکبهێنین و بڕیار دەربکەین، وتیان بەڵێ، ئەو مافەتان هەیە. کاتێک پرسیمان دەتوانین ئیدارەی خۆمان بکەین و حکوومەت بوونیات بنێین و سەرۆکێک هەڵبژێرین، دیسان دەڵێن بەڵێ. ئەمە فیدراڵییە، بەڵام وەکوو وتم ئەوان لەم ناوە دەترسن.
ڕووداو: شێخی دروزییەکان داوای ناوەندێتی دەکات، هەندێک کەس لە سویدا داوای فیدراڵی دەکەن. ئێوە باوەڕتان وایە حکومەتی داهاتووی سووریا ناوەندی دەبێت یان ناناوەندی؟
عەبدولحەکیم بەشار: بەپێی بەدواداچوون و دانووستاندنەکانم، من دەبینم کە داهاتووی سووریا فیدراڵییە. دروزییەکان داوا دەکەن کە خودی خۆیان ئیدارەی خۆیان بکەن. عەلەوییەکانیش بە هەمانشێوە، هەروەها خەڵکی دەرعا. ئێمەی کوردیش دەمانەوێت خۆمان بەڕێوەببەین. خەڵکێکی زۆر هەن کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە داهاتووی سووریادا هەیە. ڕاگەیێندراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئێستا دەڵێن ئێمە لەگەڵ فیدراڵی نین، بەڵام تەنیا ئەوان بڕیار نادەن، خەڵکی سووریا خودی خۆیان بڕیار دەدەن. داهاتووی سووریا فیدراڵییە.
ڕووداو: وڵاتان لەسەر ئەم بابەتە چی دەڵێن؟ گەرەنتیی نێودەوڵەتیتان وەرگرتووە؟
عەبدولحەکیم بەشار: وڵاتانی نێودەوڵەتی دەڵێن ئێوە خەڵکی سووریا لەسەر چی ڕێکبکەون، ئێمە لەگەڵ ئێوەین. لای هێزە نێودەوڵەتییەکان چوار خاڵ زۆر گرنگن ئەوانیش سووریایەکی دیموکرات، مافی گەلی کورد، پاراستنی نەتەوەکانی دیکە و پاراستنی مافی ژنان. ئەمە لای هێزە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتیی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا بنەڕەتین.
ڕووداو: ئەحمەد شەرعتان بینی؟
عەبدولحەکیم بەشار: نەخێر
ڕووداو: بۆچی؟
عەبدولحەکیم بەشار: نەمانویست.
ڕووداو: بۆچی نەتانویست؟
عەبدولحەکیم بەشار: من تەنیا بۆ ئەوە چووبووم کە خەڵک ببینم، بزانم خەڵکی سووریا چۆن بیر دەکەنەوە و نەچووبووم بۆ دانووستاندن و ڕێککەوتن. کاتێک بۆ ڕێککەوتن بێت، پێویستە شاندێک بچێت و دانووستاندن بکات و واژوو لەسەر ڕێککەوتنەکان واژۆ بکەن. من تەنیا چووبووم بۆ ئەوەی لە دۆخەکە بڕوانم. ڕژێمێک ڕووخا و ڕژێمێکی دیکە هات و سووریایەکی نوێ، پێویستە ئێمەی کورد لەوێ بین و بزانین دۆخەکە چۆنە و چی دەکرێت. چوونی من بۆ ئەوە بوو کە تێبگەم خەڵکی سووریا بەگشتی چۆن بیر دەکەنەوە، لەبەر ئەوەی هەندێک تەنیا مافی کولتووریان بۆ کورد دەوێت و هەندێک لەگەڵ ئەوەن کە کورد خۆی ئیدارەی خۆی بکات، بۆیە پێویستە هاوپەیمان بۆ خۆمان درووست بکەین.
ڕووداو: ئەحمەد شەرع دەڵێت نووسینی دەستووری نوێ و هەڵبژاردن سێ تاوەکوو چوار ساڵی دەوێت. ئێوە ئەمە وەک مەترسی دەبینن؟
عەبدولحەکیم بەشار: نەخێر، پێشتر کاتێک بڕیاری 2254 دەرچوو، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمریکا جۆن کێری کۆبووینەوە، ئەو کات وتی ماوەیەکیان داناوە کە دوو ساڵە بۆ ئەوەی دەستوور بنووسرێت، بەڵام گوتبووی زەحمەتە لە دوو ساڵدا جێبەجێ بکرێت و دەکرێت تاوەکوو چوار ساڵ بخایەنێت. ئێستا پاش ئەوەی ئەم حکومەتە کاربەرێکەرە دەڕوات کە ماوەکەی تاوەکوو مانگی سێیە، بەڵام من باوەڕم وایە ماوەکەی درێژ دەکرێتەوە، حکومەتی کاتی درووست دەبێت و ئەم حکومەتە دەبێت ئاساییش دابین بکات، کە خەڵک بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان و هەموو ئەم پڕۆسەیە، کاتی دەوێت. ئەگەر لە سێ ساڵدا دەستوورێکی نوێ ئامادە بکەین زۆر باش دەبێت.
ڕووداو: ئایا دەترسن کە ئەم هەنگاوانەی ئێستا بەشێک بن لە پڕۆسەی درووستکردنی حکومەتێکی ئیسلامی لە سووریا؟
عەبدولحەکیم بەشار: نەخێر، زەحمەتی هەیە نەک نییە لەبەر ئەوەی لایەنی دەسەڵاتدار ئیسلامییە، بەڵام ئەحمەد شەرع هێدیهێدی هەنگاو بەرەو مەدەنیبوون دەنێت، جلەکانی گۆڕیوە و ڕاگەیێندراوەکانیشی. ئەحمەد شەرع تێدەگات کە سووریاییەکان قبووڵ ناکەن و گوتوویەتی سووریا ئەفغانستان نییە و سووریا بەتەواوی وەکوو ئیدلیب نییە. جارێک وتی سووریا دەوڵەتێکی مەدەنیی شەرعییە، بە ملیۆنان کەس دابەزینە گۆڕەپانی ئومەوی، کە منیش لەوێ ئامادە بووم و خەڵک وتی سووریا دەوڵەتێکی مەدەنی و دیموکراتییە. ئەویش تێدەگات کە نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نە خەڵکی سووریا ئەمە قبووڵ ناکەن.
ڕووداو: ئەحمەد شەرع ژمارەیەک فەرماندەی چەکداری تووندڕەوی بیانی کە لە لیستی تیرۆری وڵاتاندان، بە فەرمی کردوونی بە فەرماندە و پلەداری هێزەکانی سووریا. هەڵوێستی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
عەبدولحەکیم بەشار: بە بۆچوونی من ئەحمەد شەرع بەرپرسانی هێزە چەکدارەکانی لەوێ دەرهێناوە و خستوونییەتە شوێنێکی ئیدارەکەی. کۆمیتە درووست دەکات، لیوا، عەمید و وەزارەتی بەرگری، لە بەشی سەربازییەوە دەیانگوازێتەوە بۆ بەشی کارگێڕئ کاتێک دەیانخاتە بەشی ئیدارە و بەڕێوەبردن، پرسی سەربازی لە دەستیان دەردەهێنێت. دواتر بڕیاریشی داوە کە لە کۆنگرەی نیشتمانیدا دەستەی تەحریری شام هەڵبوەشێنێتەوە و ئەو کات سوپایەکی نیشتمانی دادەمەزرێت و ئیسلامی نابێت، سوپایەکی نیشتمانی دەبێت و هەر کەسێک چەکی هەڵگرتبێت لەژێر هەندێک مەرج و شەرتدا دەتوانێت شوێنی خۆی لەناو سوپادا بگرێت. جا چ هێزەکانی ئیئتیلاف بن یان دروزییەکان، هەسەدە و ئەوانی دیکە بن.
ڕووداو: بەڵام ئەو چەکدارانە بیانین؟
عەبدولحەکیم بەشار: ڕۆڵی ئەوان زۆر سیمبۆلیک دەبێت، ئەوان لە ناوەندی بڕیاردانی سەربازییەوە گوازرانەوە شوێنێکی بەڕێوەبەری.
ڕووداو: ئێوە جێگری سەرۆکی ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سووریان. ئەحمەد شەرع وتی ئیئتیلاف نەماوە و دەتوانن وەکوو کەس بەشداری کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی ببن. هەڵوێستی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
عەبدولحەکیم بەشار: ئێمە ئەو ڕاگەیێندراوەمان لە فەیسبووک بینیوە و شتێکی فەرمیمان لێی نەبیستووە. ئیئتیلاف پەیوەست نییە بە کەسێک یان لایەنێکەوە، بەڵکوو پەیوەستە بە خەڵکی خۆیەوە لە ئەنەکەسە، ئەنجوومەنی تورکمانی، ئیخوان موسڵیمین، ڕێکخراوی دیموکراتی ئاشووری، جگە لە بەشی سەربازی کە ئێستا لێی دەردەچن. هەندێک هێزی چەکدار ئێستا تێکەڵی سوپای نوێ بوونە، کە شەرع درووستی دەکات و چیدی ئەندامی ئیئتیلاف نین وەکوو عەمشات، حەمزات، فەیلەق ئەلشام و جەبهەی شام.
ڕووداو: چەند هێزن؟
عەبدولحەکیم بەشار: هەشت هێز دەرچوون لە ئیئتیلاف.
ڕووداو: چەند ماون؟
عەبدولحەکیم بەشار: ئێمە 77 هێز و لایەن بووین، ئێستا 69 ماوین
ڕووداو: بۆچی ئەحمەد شەرع تاوەکوو ئێستا شاندی ئیئتیلافی نەبینیوە؟
عەبدولحەکیم بەشار: بەپێی زانیارییەکانی من، تاوەکوو ئێستا لەگەڵ هیچ هێزێکی سیاسی دانەنیشتووە، لەگەڵ کەسایەتییەکان دادەنیشێت. ئەو دەڵێت یاسای پارتە سیاسییەکان نییە و هەر کاتێک یاسا درووست بوو ئەوا لەگەڵ پارتی و هێزە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا لەگەڵ هیچ لایەنێکی سیاسی کۆنەبووەتەوە و لەبەر ئەوەش دەیەوێت کۆنگرەیەک بکات و لەوێ هەتەشە هەڵبوەشێنێتەوە.
ڕووداو: ئایا حکومەتی کاتیی ئیئتیلاف ماوە؟
عەبدولحەکیم بەشار: ماوە بەڵام هێدیهێدی چارەسەر دەبێت لەبەر ئەوەی نابێت دوو یان سێ حکومەت هەبن. ئێمە دژی دۆخی نوێ نین و هەر کاتێک قۆناخی گواستنەوە دەستپێبکات، کاری حکومەتی کاتیی ئیئتیلاف نامێنێت.
ڕووداو: هەردوو حکومەت تێکەڵی یەک دەبن یان چۆن؟
عەبدولحەکیم بەشار: هەر کاتێک حکومەتی کاتی درووست بکرێت، مەبەستم حکومەتی ئێستا نییە، چونکە ئەوەی ئێستا کاربەڕێکەرە. کاتێک حکومەتی کاتی درووست دەکرێت، ڕاوێژ دەکرێت و بەپێی ئەوە، کەسانی پێویست بەپێی ڕۆڵیان، دادەنرێن.
ڕووداو: ئایا ئیئتیلاف لە ڕەفتار و بڕیارەکانی ئەحمەد شەرع ڕازییە؟
عەبدولحەکیم بەشار: هەندێک ڕەخنە هەن بەڵام تاوەکوو ئێستا ئێمە لەگەڵیداین و نامانەوێت کۆسپی بۆ درووست بکەین. کاتێک دەچینە قۆناخی حکومەتی گواستنەوە، ئەو کاتە پێویست بە ڕاوێژکارییەکی بەرفراوانە کە هەموو کەس تێیدا بەشدار بێت. کاتێک حکومەتی ئێستا ویستی کۆنگرەیەکی نیشتمانی ساز بکات، ئیئتیلاف ڕەخنەی هەبوو کە دەبێت لیژنەیەکی ئامادەکار هەبێت و هەندێک بەڵگەنامە هەبن و بە زانیارییەوە لەسەر ئەوە ڕاوەستن کە چۆن خەڵک بانگهێشتی کۆنگرە بکەن. ئێستا ئەوەشیان دواخست.
ڕووداو: تەنیا ئەم ڕەخنەیەی ئیئتیلاف هەیە، یان ڕەخنەی دیکەش هەن؟
عەبدولحەکیم بەشار: زیاتر لەسەر کۆنگرەکە و دامەزراندنی هەندێک کەسە. ئیئتیلاف دەبینێت کە دۆخێکی نوێ هەیە، وڵاتێکی وێران کە کەوتووەتەە دەستی ئەم ئیدارەیە، لەبەر ئەوە پێویستە هەندێک کاتیان پێ بدرێت، تاوەکوو خۆیان ببیننەوە.
ڕووداو: بۆچی تاوەکوو ئێستا هێرشەکانی گرووپەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا لەسەر بەنداوی تشرین و کۆبانێ بەردەوامن؟
عەبدولحەکیم بەشار: کورد کاری لە مبیج و بەنداوی تشرین چییە؟ بۆچی کورد لەوێن؟ ئێمە وەکوو ئەنەکەسە دەمانەوێت شاندێکی هاوبەش پێکبهێنین. ئێمە دوو شتمان دەوێت، ئێمەی کوردی سووریا پێکەوە کار بکەین و لەسەر مافی گەلی کورد ڕێکبکەوین. تاوەکوو ئێستا پەکەکە ئیدارەی ئەوێ دەکات. ئێمە دەڵێین خۆتان لە پەکەکە دابڕن، چونکە بوونی ئەوان دوودڵی درووست دەکات و ئەوەی دیکەش با بەرنامەی خۆیان ئاشکرا بکەن و بگۆڕێن. ئێمە وەکوو ئەنەکەسە مافی گەلی کوردمان دەوێت و بەرنامەی ئێمە ڕوونە. بە جێبەجێکردنی ئەم دوو هەنگاوە ئێمە دەگەینە یەک و ئەستەم نییە.
ڕووداو: ناکۆکیی ئێوە لەسەر شێوازی مافی کورد لە سووریایە؟
عەبدولحەکیم: کوردی سووریا خۆیان بەڕێوەببەن. پێکنایەت کە من بچم بۆ شام و قەندیل پەیوەندی بە منەوە هەبێت. دەبێت شاندێکی کوردی لەنێوخۆی سووریا بن، بڕیار لە دەستی خۆیاندا بێت.
ڕووداو: تۆ باسی منبج و بەنداوی تشرینت کرد، بەڵام کۆبانێش بە ئامانج دەکرێت؟
عەبدولحەکیم: دیسان دەڵێم با پەکەکە لەنێوان ئێمە دەربچێت و ئەگەر ئەو کاتە هێرشیان کردینە سەر، من لە تەنیشتی ئێوە ڕادەوەستم. من دەڵێم خۆتان لە پەکەکە دابڕن و پەکەکە لای ئێمە قەدەخە بکەن. تورکیا بە جیهانی گوتووە، لە ناویشیدا ئەمریکا کە پێیگوتووە تۆ بە دەیان هەزار کیلۆمەتر دەبڕیت بۆ ئەوەی شەڕی داعش بکەیت، چونکە وەک مەترسی لەسەرخۆی دەبینێت، بەڵام هیی ئێمە مەترسییەکە لەسەر سنووری ئێمەیە. با پەکەکە دەربکەن و پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە پچڕێنن و کەسانی بیانی لەناو خۆیان دەربکەن، ئەو کاتە ئەگەر هێرش کرایە سەر کۆبانێ، بۆچوونێکی دیکەم دەبێت و ئەم بۆچوونە نابێت.[1]