دیار سلێمان
وەزیری دادی تورکیا دەڵێت: بەر لە دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان، زمانی کوردی قەدەخە بوو، سیاسەتڤانان لە هەڵبژاردنەکاندا نەیاندەتوانی بە زمانی دایکیش بانگەشە بکەن.
یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە پارێزگەی بارتنی تورکیا وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، پارتی داد و گەشەپێدان لە 22 ساڵی ڕابردوودا جیاکاریی لەنێوان هیچ زمان و پێکهاتەیەک نەکردووە، لەنێوان پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستانیش بەیەکسانی خزمەتی کردووە.
تونچ لەبارەی پرسی کوردەوە باسی لەوە کرد، ئەگەر بەر لە ئاکپارتی لە ساڵانی نەوەتەکان، کێشەی کورد هەبووبێت، چارەسەرکاری ئەو کێشەیە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ئاکپارتی بووە.
وەزیری دادی تورکیا وتیشی، بەر لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە گرتووخانەکاندا دایک و ڕۆڵەیەک نەیاندەتوانی بە زمانی دایک قسە بکەن. ئەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بوو زەوینەی بۆ ئەمە سازاند. ئەوان لە دادگەدا نەیاندەتوانی بە زمانی دایک بەرگری لە خۆیان بکەن. ئەوە دەسەڵاتی ئاکپارتی بوو زەوینەی بۆ ئەمە ڕێکخست.
ئەو وەزیرە ڕاشیگەیاند، ئێستا کە لە تورکیا کەناڵی فەرمیی کوردی هەیە و سیاسەتڤانان دەتوانن بە زمانی دایکیان لە هەڵبژاردنەکاندا بانگەشەی خۆیان بکەن، لە سایەی ئاکپارتی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندایە.
تونچ ئەوەشی خستە ڕوو، ئەوەی هەموو زمان، ئایین و پێکهاتەکانی لەژێر یەک چەتردا کۆکردووەتەوە، ئاکپارتییە. داوای لە هەموو پارتەکانیش کرد، بەرەو ئەو یەکگرتوویی و یەکێتییەی ئەوان فەراهەمیان کردووە، ئاڕاستەیان بگۆڕن.
وەزیری دادی تورکیا جەختی لە پاراستنی سەقامگیریی وڵاتەکەی کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا لە کێشەی تیرۆر ڕزگار دەکەین و بەرەی نێوخۆمان بەهێزتر دەکەین.
ئەوەش لە کاتێکدایە، شاندی کۆبوونەوەکانی دەم پارتی لەگەڵ پارتە سیاسییەکان دەستی پێ کردووە و بەردەوامیش دەبن.
شاندەکە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، #06-01-2025# ، لەگەڵ پارتی ئاییندە کۆدەبێتەوە، کاژێر 01:00ی دوای نیوەڕۆ لەگەڵ ئاکپارتی و کاژێر 03:30ی ئێوارەش لەگەڵ پارتی سەنەریت کۆدەبێتەوە.
دوای تەواوکردنی دیدار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بڕیارە شاندی دەم پارتی ڕۆژی #10-01-2025# بۆ جاری دووەم سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکاتەوە.[1]