بە مەبەستی پتەوترکردنی پەیوەندییە وەرزشییەکان شاندێکی کارگێڕی یانەی وەرزشی دیالە کە پێکهاتبوون لە (محەمەد عەبد ڕەزا، د. کەمال جاسم، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەجید مەندلاوی سەرپەرشتیاری تیمی تۆپی پێی یەکەم و مستەفا سەعید ڕاهێنەری تیمی تۆپی پێی یانەی ناوبراو) سەردانی یانەی وەرزشی پێشمەرگەیان کرد و لەلایەن بەڕێز حاکم #مەحمود ئەحمەد موڕاد# جێگری سەرۆکی یانە پێشوازی کران.
لەو میواندارییە دۆستانە وەرزشییەدا کە هەریەک لە کاروان حەمە فەرەج سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی #سلێمانی# و د. #نازم شێخ جەبار بەرزنجی# وانەبێژی ئاسیاوی ئامادەی بوون، سەرەتا شاندی یانەی دیالە سوپاسی یانەی وەرزشی پێشمەرگەیان کرد کە لە وەرزی ڕابردووی خولی نایاب ڕۆڵێکی گرنگیان لەنێو یاریگە بینی لە یاری نێوان یانەکەیان و یانەی پێشمەرگەی خۆشەویست کە هەمیشە ئەوان هەڵگری پەیامی وەرزش و پێکەوەی بوون.
هەروەک جەختیان کردەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ڕۆڵی یانەی وەرزشی پێشمەرگەشیان بۆ ئەو مەبەستە بەرز نرخاند کە کاردانەوەکانی کارگێڕی یانەی پێشمەرگە و حاکم مەحمود ئەحمەد موڕاد هەمیشە لە لوتکەدا بوون.
پاشان جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگە ستایشی وتەکانی میوانانی کرد و دووپاتی کردەوە کە یانەی پێشمەرگە وەرزش بۆ ململانێ و کردەوە نا وەرزشییەکان ناکات بەڵکوو دەمانەوێت پێکەوە وەرزش لەسەر ئاستی وڵات پەرە پێبدەین و خزمەت بە چینی وەرزشکاران و لاوانمان بکەین، ئەوەش تەنیا بە یەک یانە ناکرێت بەڵکوو دەبێت سەرجەم یانەکان لە ئاستە جیاوازەکان ئەو بەرپرسیارییەتییە لە ئەستۆ بگرن.
موڕادى جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگە وەک هەمیشە بە گرنگی زانی کاری پێکەوەی بکەن و پێزانینی خۆی بۆ یانەی دیالە و کارگێڕی یانەکەش دەربڕی بۆ سەردانەکەیان و هیوای خواست بەو ڕۆح و گیانە وەرزشییەوە کار بکەن و بەردەوامبن.
لە کۆتاییشدا هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە وەرزش پردێکە بۆ پەیوەندی مرۆیی و کۆمەڵایەتی نێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، ئاماژەیان بە پێویستی بەردەوامیدان بەم جۆرە دەستپێشخەرییانە کرد کە بەشدارن لە درووستکردنی ژینگەیەکی وەرزشی کە بەها بەرزەکان و یەکگرتوویی نیشتمانی بەرز بکاتەوە. [1]