محەمەد عارف (بە کرمانجی: Muhammed Arif) هونەرمەندێکی وێنەکێشی کوردە، ساڵی 1937 لە شارۆچکەی ڕەواندوز لەدایک بووە، نووسەر و وەرگێڕی چەندین پەڕتووکی بواری شێوەکاری بووە لە زمانی ڕووسییەوە بۆ زمانی کوردی، دوایین پەڕتووکی گرافیکەکانی کوردستان کە لە دوای کۆچکردنی چاپکراوە، لە 2009/10/9 لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە.
لە ساڵی 1956 بڕوانامەی دیبلۆم لە هونەری شێوەکاری لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا وەرگرتووە، لە دوایی دەچێتە وڵاتی ڕووسیا بۆ پەرەپێدان بە خوێندن لە بواری شێوەکاری بڕوانامەی ماستەر لە ساڵی 1967 وەردەگرێت لە زانکۆی (سوریکۆڤ) ی مۆسکۆ. لە 2004 دامەزرێنەر و ڕاگری کۆلێجی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەڵاحەدین هەولێر بووە کە خۆی لە چوار بەش دەگرێتەوە مۆسیقا، شێوەکاری، شانۆ، سینەما، تا ساڵی 2009، هەر لەوێش بڕوانامەی دکتۆرا لە فەلسەفەی هونەر وەردەگرێت. مامۆستای هونەری وێنەکێشان بووە لە بەغدا و سعوودیە و بابل، و زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر.
شێوازی کاری وێنەکێشی محەمەد عارف خۆی لە ڕیالیزمی، ڕۆمانتیکی، سیمبولیزمی، ئێکسپریسیۆنیزمی چڕ کردبوو، کە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای خوێندنی لە مۆسکۆ کە ئەوکات لە وڵاتەکانی یەکێتیی سۆڤیەت ئەم شێوازە باو بووە، بەڵام محەمەد عارف توانی ئەم شێوازە بۆ خزمەت کردنی هونەرەکەی و برسی گەلەکەی دابرێژێت ئەویش بە وێنەکێشانی چەندین تابلۆی لەسەر پرسی کورد و کەسایەتی کوردییەکان وەک سەڵاحەدینی ئەیووبی و مەم و زین و شیرین و فەرهاد و دوانزە سوارەی مەریوان و قەڵای دم دم و لە چاوەڕوانی شەودا و ئاشتی بۆ کوردستان و چەندینی تر. لە کاراکانیشی دا گرنگی زۆر بە لایەنە مێژووییەکان دەدا وەک لەلایەنە تەکنیکیەکان.
ژیان
محەمەد عارف هەر لە کاتی خوێندنی لە مۆسکۆ ژنێکی ڕووسی دەخوازێت و کچێکی لێ دەبێت بە ناوی ڤیان، لە ساڵی 1969 دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا لە دوای کۆتایی خوێندنەکەی، لە ساڵی 1974 لە بەغدا ئافرەتێک دەناسێت بە ناوی یاسەمین بەرزنجی خۆشی دەوێت و هەر هەمان ساڵ ژیانی لەگەڵ دڕووست دەکات، لەگەڵ یاسەمین بەرزنجی سێ کوڕیان دەبێت، ناویان سامان، ئالان، و میران. خێزانی محەمەد عارف هەردەم لەگەڵ هونەرەکەی پەروەردە بوون و هەردەم یاریدەری بوون لە گشت پێشانگاکاندا، هەر لە بەغدا لە ناو ماڵەکەی ژووری وێنەکێشانی دامەزراند و لە دوای گەڕانەوەی بۆ هەولێر هەڵدەستێت بە دامەزراندنی گەلەرییەکی تایبەت بە هونەرەکەی وەک ستۆدیۆیەک کارە هونەرییەکانی لێ ئەنجام دەدا و نمایشی دەکرد کە نزیک ماڵەکەی بوو لە شاری هەولێر. محەمەد عارف لە کاتی کارکردنی هونەری بە ڕادەیەکی زۆر خولیای مۆسیقای کلاسیکی بووە وەک مۆسیقای چایکۆفسکی و مۆزارت و لودڤیگ ڤان بێتھۆڤن.
نووسینی پەڕتووک و بڵاوکراوەکان
گرافیکەکانی کوردستان گرافیک282 بە زمانی کوردی 2008.
گرافیکەکانی کوردستان بە زمانی کوردی 2009.
پەڕتووکێک لەسەر شاری هەولێر بە زمانی کوردی.
چوار هونەرمەندی بلیمەت بە زمانی کوردی.
هونەری هێلکاری لاوانی ناوچەی کوردستان بە زمانی کوردی.
هونەری هێلکاری چاپی دووەم بڵاوکراوەکانی زانکۆی سەڵاحەدین هەولێر بە زمانی کوردی.
(الفنان محمد عارف) بە زمانی عەرەبی.
هونەرمەند محەمەد عارف بە زمانی کوردی.
(فن الرسم الیدوی) بە زمانی عەرەبی.
لەگەڵ شاکارە نەمرەکاندا بە زمانی کوردی.
(جمالیات الطبیعة فی کوردستان العراق و اثرها فی الرسم العراقی المعاصر) 2006 بە زمانی عەرەبی.
(ئینگر)
(الگرافیک الکردستانی) 650 گرافیک بە زمانی عەرەبی.
(فن التخطیط) بە زمانی عەرەبی.
وەرگێڕی پەڕتووک
مایکڵ ئەنجیلۆ بە زمانی کوردی.
ڕووبنس نووسینی (سمۆلسکایا) بە زمانی کوردی.
کۆلفیچ بە زمانی کوردی.
دیلاکروا بە زمانی کوردی.
لە هونەرمەندە بلیمەتەکانی جیهان (جۆرجۆنی، داینێگا، لێناین بە زمانی کوردی.
د. (باگدانۆڤ) هونەری هاوچەرخی عێراق.
(میلیە) نووسینی (بریۆزینا) بە زمانی کوردی.
بنکەکانی هونەری ئەکاددیمی، نووسینی (رۆستۆڤچیڤ) بە زمانی کوردی.
(الفن العراقی المعاصر) نووسینی د. (بەگدانۆڤ) بە زمانی عەرەبی.
(مبادئ الفن الأکادیمی) نووسینی (رۆستۆڤ ڤیچیڤ) 1994، بە زمانی عەرەبی.
پێشانگای هونەری تایبەتی
1961 - 1967 سێ پێشانگای لە یەکێتی سۆڤیەت.
1971 مۆزەخانەی نیشتمانی بۆ هونەری سەردەم لە بەغدا.
1976 کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کوردی بەغدا.
1977 پێشانگا لە هەولێر.
1979 مۆزەخانەی نیشتمانی بۆ هونەری سەردەم بەغدا.
1981 چەند ڕوانگەیەک لەسەر جیهان کاری ( 1961-1981) هۆڵی ڕوواق بەغدا.
1984 کاری (1961-1984) مۆزەخانەی نیشتمانی بۆ هونەری سەردەم بەغدا.
1989 سیمفۆنیای چیاکان لە هۆڵی ڕوواق بەغدا.
1993 سیمفۆنیای هونەر لە هۆڵی میدیا هەولێر.
1998 عاشقی کوردستان لە هۆڵی میدیا هەولێر.
1999 کوردستانیم من هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی.
2001 گەڕاندنەوە مۆزەخانەی نیشتمانی بۆ هونەری سەردەم بەغدا.
2011 لە یادی کۆچی دوایی دوو پێشانگا لە هەولێر و سلێمانی.
مامۆستای هونەر
1956 تا 1961: لە قوتابخانەی ئەیوبییە لە هەولێر.
1967 تا 1968: وەک چاودێرێکی هونەری لە سعودیە.
1968: لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا.
1975 تا 1977: لە کۆلێجی هونەرە جوانەکانی بەغدا.
19/6/1977 لە پەیمانگای جێبەجێکردن (معهد التطبيقي) بەغدا.
21/6/1983 خانەنشین بوو لەسەر داواکاری خۆی لە بەغدا.
2/11/1992 دووبارە دادەمەزرێتەوە بە مامۆستای هونەر لە کۆلێجی ئاداب لە هەولێر.
لە دواییدا لە کۆلێجی ئەندازیاری لە هەولێر وانەی (free Hand) دەگوتەوە.
2002: بە فەرمی وەک ڕاگری دامەزرا بۆ جێبەجیکردنی دامەزراندنی کۆلێجی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەڵاحەدین هەولێر.
2004 تا 2007: لە زانکۆی سەڵاحەدین لە کۆلێجی هونەرە جوانەکان هەولێر.
2007: دەستی لە کاری ڕاگری کێشایەوە لە کۆلێجی هونەرە جوانەکانی هەولێر.
2007 تا 2009: مامۆستای کۆلێجی هونەرە جوانەکان و مامۆستای قوتابی ماستەر بوو لە زانکۆی سەڵاحەدین هەولێر
لە ڕۆژی 09-10-2009 بە جەڵتەی دڵ لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.[1]