، 1874-1921، شۆڕشگێرێکی بەجەرگی گەرمیان، لە باشووری کوردستان. دەستکردی #رێبوار_خالید.
Brahim Khani Delo,1874-1921, The leader of a Kurdish Revolution in Germian from southern Kurdistan.، by #rebwar_k_tahir.
ئینگلیزەکان لە سەروەختی داگیرکردنی کوردستاندا شاری ( کفری )یان کردبووە مەڵبەندێکی چەوساندنەوە و داپڵۆسین و ئازاردانی خەڵکەکەی و سەرانە و باج و بێگارێکی بێشومار و زۆریان خستبووە سەر خەڵکی ناوچەکە ئەوەندی دیکە خەڵکی ناوچەکەیان بێدەرتان و بەش مەینەت و نەدار تر کردبوو ، بۆیە داد و بێدادیان بوو لە ستەم و زۆرداری ئینگلیزەکان کە لە حەژمەتا خەڵکی ھانا و سکاڵای دڵی خۆیان بردە لای ( (برایم خان دەلۆ)) بۆ سەرزەنشت کردن و ئامۆژگاری کردنی جێگری حاکمی سیاسی بریتانیا و دەست و پەیوەندەکانی ، چەند جارێک دەنگی نارەزای و تووڕەی خەڵکی لەلایەن برایم خانی دەلۆ بە ( سالمون )ی جێگری حاکمی سیاسی بریتانیا ( ئەو سەردەمە فەرمانڕەوای شاری کفری دەکرد ) ڕاگەیەنرا بەڵام بێھودە بوو ، چونکە ئەوان بۆ مژینی شیلەی گیانی خەڵکی و دزینی سەروەت و سامانی کوردستان برسی و ڕووت و ڕەجاڵ کردنی دانیشتووانی کوردستان ھاتبوون بۆیە بێبەزەییانە دەھاتنە وێزەی دانیشتووانی ناوچەکە و دەستیان لە ئەوکی خەڵکی بەش مەینەتی کورد ڕۆژ لە دوای ڕۆژ توندتر دەکردەوە ھاوکات داپڵۆسین و زەبر و زەنگ کار و بەرنامەی ئەوان بوو ، کەڵکە بوونی ئەو ھەموو غەدر و ستەمانە لەلایەک و گرتنی ( (شێخ مەحمودی حەفید )) بەدیلی لە شەڕی دەربەند بازیان لەلایەکی دیکەوە و ھاوتەریب مەسەلە چارەنووسسازەکانی دیاری کردنی چارەنووسی نەتەوەکان بووە ھەوێن و ھۆکار و فاکتەری ھەڵایسان و بەرپا بوونی شۆڕش لە بەشێکی ناوچەکانی گەرمیاندا
و لە ماوەی یەک ھەفتەدا شارەکانی ( خانەقین و دووز و کفری ) بەرگی دیلیەتیان داماڵاند و لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە ئازاد و ڕزگارکران ، پێش بەرپا بوونی شۆڕش ( برایم خانی دەلۆ ) پەیوەندی بە ( ڕەفعەت سمایل بەگ داودە لە دووز و خورشید بەگ دەلۆ لە خانقین ) کرد تاکوو ھەریەک لە ناوچەکەی خویدا دوژمن لە خاکەکەیان دەرپەڕێنن و ھاوکات فشارێک بخەنە سەر کاربەدەستانی ئینگلیز بۆ ئازاد کردنی شێخ مەحمودی حەفید لە دیلیەتی و دەستبەسەری . لە ڕۆژی 22ئابی و لە درێژەی ئەو زنجیرە شۆڕشەی کە لە سەرانسەری ئێراق دژ بەداگیرکەران بەرپا کرابوو ، ( برایم خانی دەلۆ ) سەرکردەی شۆڕش لە دەڤەری گەرمیان لەگەڵ تێکڕای ھۆزی (دەلۆ) و بە پاڵپشتی زۆربەی ھەرە زۆری ھۆزەکانی تری ناوچەکە لە دژی دەسەڵاتدارانی داگیرکەر ڕاپەڕین و شۆڕشێکیان بەرپا کرد، تاکوو لەو ئان و ساتە ھەستیار و چارەنووسسازانەدا نەتەوەی کورد بە مافە مرۆی و نەتەوایەتییەکانی خۆی شاد و شکور بێت ، لوتکەی چیای باوەشاسوار ئەو سەنگەرە قایمە بوو کە تەقەی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی تێدا کرا و ترس و بیمێکی زۆری خستە دڵی داگیرکەرانەوە ، ( سالمون ) جێگری حاکمی سیاسی بریتانیای ناچارکرد خۆی بە پێی خۆی بچێتە خزمەتی برایم خانی دەلۆ بۆ سارد کردنەوەی لە شۆڕش و ھەڵچوون ، ماڵ و دەسکەوتەکانی دنیا و پلەوپایە نەیتوانی ھەڵوێستی مساومە و سازشکردن لەسەر کێشەی نەتەوایەتی و نیشتمان لەلای برایم خان درووست بکات چونکە بەقای بە پەیمان و بڵێنەکانی ئەوان نەمابوو لە ھەمان کاتدا گفت و بڵێنی ڕزگار کردنی شار و ناوچەکەی بە جەماوەر دابوو . بەرەبەیانی ڕۆژی 22ی ئابی 1920 برایم خانی دەلۆ و ھاوکارانی لە دیووی پشتەوە سەرکەوتنە سەرلوتکەی شاخی ( باوە شاسوار ) کە ئەو چیایە بەسەر شاری کفری دەڕوانێت دەستیان بەسەر مەتریلۆزی محکەمترین بنکەی ئینگلیزەکاندا گرت لەوێەوە کەوتنە گوللەباران کردنی مەرکەزی دەرەک ( پۆلیسخانە ) بەم کارەش شارەکە لە خەو ڕاپەڕین و ئافرەتان لە سەربانی ماڵەکانیانەوە ھەڵھەڵەیان لێدەدا و پیاوان لە کوچە و کۆڵانکانی شاردا لە چاوەڕوانی ژوانی ڕزگار کردنی شاردا بوون ، ( سالمون ) ھەر زوو کەوتە خۆ و بەشوێن ھەندێک لە پیاو ماقوڵانی شاردا ناردی تاکوو چارەسەرێک بۆ خامۆش و دامرکاندنەوەی شۆڕش بدۆزنەوە و لەگەڵیدا سەردانی برایم خان بکەن ، بەڵکوو دەست لە شۆڕش ھەڵگرێت ھەرچەندە ئامۆژگاری سالمون کرا ھەنگاوی لەو بابەتە نەھاوێژێت بەڵام بێھودە بوو، سەرەنجام سالمون بەدیلی گیرا..
شار لەو ڕۆژەدا لە دەستی داگیرکەران ڕزگارکرا و حکومەتێکی کاتی بەسەرۆکایەتی برایم خان دامەزرا و کە ئەندامەکانی بریتی بوون لە ( ئەکبر خان و وەیسی بەگی دەلۆ و حەمید عەبدولڕەحمان کارێزی و حەمەجانی ڕۆغزایی و حاجی محەمەد تەرخانی و کاکەمەند ئەمین دروێش )، داموو دەزگاکانی بەڕێوەبردنی کاروباری ھاووڵاتییان وەکوو شارەوانی و پۆلیس و دارایی و خۆراکی خەڵکی و …ھتد ڕێکخرایەوە و ئاڵو وێرکردن بەرووپێەی ھندی لە بازاڕدا قەدەغە کراو بە شێوەکی کاتی دراوی عوسمانی بە گڕ خرایەوە، و ئەو دانەوێڵە و خۆراکانەی کە لە کۆگاندا ھەبوون و دەست بەسەریاندا گیرا بوو بەپێی ژمارەی خێزان و بەبەلاش و یەکسان بەسەر ھاووڵاتییاندا دابشکرا . دوای ئەوەی کە ئینگلیزەکان بۆیان دەرکەوت کە بەھێز و لولەی تفەنگ ناتوانن زاڵ بن و سەرکەوتن مسۆگەر بکەن بۆیە ناچار بوون زمانی گفتوو دانووسان دەست پێبەکەن، کە پاش ئەوەی لە ڕێگای دانووسانەکانەوە داگیرکەران ئەو ڕاستییەیان لەلا ئاشکرا بوو کە ئەم شۆڕشە مەغزا و ڕەھەند و ئامانجێکی نەتەوایەتی ھەیە، چونکە یەکەم داوایان ئازاد کردنی شێخ مەحمود بوو بۆیە ناچار بوون ھەموو ھێزەکانی خۆیان لە کەرکووک ناوچەکانی تر کۆ بکەنەوە تاکوو ئەو شۆڕشە سەرکوت بکەن، پاش ئەوەی کە شاری کفری ماوەیەک لەلایەن شۆڕششگێڕانەوە بەڕێوە دەبرا لە ئاکامی ئەو ھێرشە فراوان و بەربڵاوە لە دوای و بەرگرییەکی قارەمانانە کە چەندین شەھید گیانی خۆیان پێشکەش بە نەتەوەکەیان کرد، داگیرکەران جارێکی تر شاری کفریان خستوە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی خۆیانەوە و ڕقی خۆیان بە خەڵکی ناوچەکە ڕشت و باجێکی زۆریان خستە سەر خەڵکی 500 پارچە چەک و بڕێکی زۆر پارەیان بە دانیشتووانی شار بژارد.
[1]