- چوونی سەرۆک وەزیرانی تورک ئەربەکان، بۆ لیبیا. سەرۆکی لیبی قەزافی پێی گووت کە کوردەکان مافی دامەزراندنی دەوڵەتیان هەیە، ئەمە یەکەمجارە کە لەسەر ئاستێکی واگەورە قسەیەکی وا بە لێپرسراوێکی گەورەی تورک بگووترێت، هەربۆیە تورک باڵوێزی خۆیی لە لیبیا کێشایەوە.
- ب.ئیسلامی 7 ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی دایە دەست داگیرکەری فارس.
- دەرچوونی ڕاپۆرتێکی ئەمنستی لەسەر سووریا، کە تێیدا باسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی کورد لە خۆرئاوای وڵاتدا دەکات.
- سەرچاوەکانی ن.ی ڕایگەیاند، کە چەند منداڵی کورد لە نێوان سنووری ئێڕاق و ئێران، بەهۆی سەرما و برسێتییەوە مردوون، ئەو منداڵانە بەهۆی شەڕی براکوژییەوە لەگەڵ خێزانەکانیان هەڵهاتبوون.
- دەنگوباس وابڵاوە، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نوێنەرێکی خۆیی بە نێوی فەرەیدوون عەبدولقادرەوە ناردۆتە بەغداد بۆ گفتوگۆ.
- دەرچوونی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی هەتاوی زارۆکان، لە لەندەن، ئەم ڕۆژنامەیە تایبەتە بە مندالانەوە.
- بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان 6 پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی دایە دەست داگیرکەری ئێران و سەرونگووم کران. ئەمانە ناوی ئەو پێشمەرگانەیە: ئەرشەد ڕەزایی، محەمەد عەزیز قادری، یونس محەمەد پوور، عەدنان ئیسماعیلی، موزەفەر کازمی و مەعروف سوهرابی.