فیلمی سینەمایی "پەڕینەوە لە غوبار" لە وێنەگرتنی سینەماکاری لاوی کورد "توورەج
ئەسڵانی"، موزیکی "محەمەد ڕەزا دەرویشی"، دەنگهەڵگری "محەمەد شاهووردی"، دەنگدانانی
"بێهرووز شەهامەت"، مونتاژی سینەماکاری کورد "ئیبراهیم سەعیدی" و لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" و هەروەها بە ڕۆڵ بینینی عادڵ عەبدولڕەحمان، حوسێن حەسەن و چەندین ئەکتەری دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە شێوەی 35 م م لە ساڵی 2006دا لە شاری کەرکووک و دەورووبەری سازکراوە، ئەم فیلمە بەرهەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کومپانیای "نارین فیلم"ـە، تا ئێستا زیاتر لە 50ی فیستیڤاڵی گرینگی سینەمای دنیا بەشداری کردووە و زیاتر لە 10 خەڵاتی پڕبایەخی بۆ هەرێمی کوردستان بەدەستهیناوە، لەوانە:
ـ خەڵاتی باشترین دەرهێنەر و خەڵاتی ڕخنەگران لە 20مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی سنگاپور، ساڵی 2007.
ـ خەڵاتی ئەلحەمرای زێرین و هەروەها خەڵاتی برونزی لە یەکەمی خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی گرانادا لە ئیسپانیا، ساڵی 2007.
ـ خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەران لە نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی "دلهی نو" لە هیندستان، ساڵی 2007.
ـ خەڵاتی باشترین فیلم لە دووەمین خولی فیستیڤاڵی ئاسایی "جاکارتا" لە ئەندونیزیا، ساڵی 2007.
ـ خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەران لە 11مین خولی فیستیڤاڵی تالین، ساڵی 2007.
ـ خەڵاتی باشترین فیلم لە فیستیڤاڵی "پێرسپێکتیڤ" لە بەلژیکا، ساڵی 2007.
ـ خەڵاتی باشترین دەرهێنەر لە فیستیڤاڵی "ئاسیا پەسیفیک"، ساڵی 2007.
ـ خەڵاتی برونزی باشترین فیلم لە فیستیڤاڵی "مەسقەت" لە عومان، ساڵی 2007.
ـ خەڵاتی باشترین فیلم لە فیستیڤاڵی Art Mare "باستیا" لە فەرەنسا، ساڵی 2008.
دوای بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین دەرهێنان لە فیستیڤاڵی "ئاسیا پەسیفیک"، سینەماکاری کورد شەوکەت ئەمین کورکی وەکوو ئەندامی ئاکادیمیای خەڵاتی سینەمایی تازە دامەزراوی ئسکرینی ئاسیا پەسیفیک APSA لە ساڵی 2007 وەرگیرا.
فیلمی سینەمایی "پەڕینەوە لە غوبار" بۆ یەکەمین جار لە ئێران لە ساڵی 2006 لە بەشی کێبڕکێی سینەمای ئاسیا "دیمەنی ڕۆژهەڵات" لە دوو سانسی جیاوازدا لە میانەی 25مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی فەجر لە سینەمای عەسری جەدیدی 1 و عەسری جەدیدی 2ی تاران نمایشکرا و لە لایەن بینەرانەوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا.