چەتر ڕۆژنامەیەکی هەفتانەیە کۆمپانیای چەتر دەریدەکات لە ڕۆژی (05-04-2010) یەکەم ژمارەی خۆی دەرکردوە و سەرەتا لاپەرەکانی پێکهاتوبون لە (16) لاپەرە بەڵام لەدوای ساڵێک لە تەمەنی لاپەرەکانی کرد بە (20) لاپەرە. هەموو دوشەممەیەک لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا بڵاودەبێتەوە.
سەرنوسەرەکەی کاروان سالارە و خاوەنی ئیمتیازەکەشی کە خاوەنی کۆمپانیاکەشە کەمال حەسەن حەمە ڕەزایە.
ئۆفیسی سەرەکی لە سلێمانیە
http://www.chatrpress.com
چەتر کێ یەو چۆن مۆدێلێکە؟
رۆژنامەی چەتر هەموو تواناکاریەکانی دەخاتەگەڕ لەپێناو ئەوەی کە ڕۆشنبیران و ڕۆنامەنووسان و هزرڤانانی کورد لەیەکتر نزیک بکاتەوە، تاکو ببێتە سەکۆێک بۆ ئەو دەنگەنای کەدەیانەوێت ژێرخانی کۆمەڵگا بەهێز بکەن و پرەنسیب و هزری زانستی و ئەخلاقی لەکۆمەڵگادا پەرەپێبدەن، لەسەر ئەو بنەمایانە چەتر دەیەوێت دەنگ و ڕەنگێکی نوێ بێت.
دەکرێت ئەو بێسەروبەریەی لەکاری ڕۆژنامەگەریدا هەیە بۆ دوو بەش پۆڵێن بکەین:
یەکەم: ڕۆژنامەگەری سەردەمی بلۆکی سۆسیالیستی کە بە ڕۆژنامەگەری حیزبی دەناسرێت، زیاتر لەو چوارچێوەیەدا دەخولێتەوە کەهەموو شتەکانی حیزبەکەی بەباش بناسێنێت.
دووەم: ڕۆژنامەگەری سەردەمی لیبڕالیزمە کەخۆی بە ڕۆژنامەی سەر بەخۆ و ئەهلی و کەرتی تایبەت دەناسێنێت، هەموو ئەو کۆمپانیا ڕاگەیاندنیانەی کەدروست دەبن سەرچاوەکەیان لەمەوەدێت، بۆیە ڕۆژنامەی لیبڕاڵ کەبەڕۆژنامەی ئەهلی و سەر بەخۆ دەناسرێت لەچوارچێوەی هزری لیبڕالیستیانەوە دەسوڕێنەوە، ئەوانیش هەموو شتێک دەڵێن بەڵام خاوەن لە زۆر بەهای گرنگ هەیە دەرناکەون، پێوانە و پرەنسیپە لیبڕاڵیەکان لای ئەوان دەبنە هێزی ئاراستەکردنی کۆمەڵگا.
چەتر هەوڵدەدات لەناو هەردووکیاندا مۆدێلێکی تازەبێت. چونکە دەسەڵات میدیایەکی زل و زەبەلاحی داگیرکردوە پێویستی بەئێمە نیە. هەمانکات ئەوانەی کەلافی لیبڕالیزمیش لێدەدەن و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتگیری ئۆپۆزیسیۆن دەکەن ئەوانیش کەم نین، زۆرن کە تەنها پیشەیان ڕەخنەکردنەو هەموو هیوایان ئەوەیە کە کۆمەڵگایەکی لیبڕالیست بونیاد بنێن و زیاتریش کێشەی خۆیان لەگەڵ دەسەڵات دەبینن و ئامانجیان ئەوەیە کەئاڵوگۆڕ بەتەنها لەدەسەڵاتدابکەن، بۆیە ئەو دوو کایەیە دەتوانین بڵین بەتەواوی گیراوە.
ئەوکایەیەی کەبۆشایەکی گەورەی تیادایە هەڵبەت پرسە جڤاکیەکانن، کەم کەس دەستی خۆیان بۆ دەبات بۆ ئەمەشە ڕۆژنامەکان بەگشتی ڕۆژنامەی سیاسی گشتین،
چەتر هەوڵدەدات بەبێ جیاوازی چین و توێژەکان ئاین و ئاینزاکان و نەتەوەو گروپە جیاوازەکان سەیری هەمووان بکات و خۆی بەچەتری هەمووان دەزانێت.
لەبەرمبەر ئەو جیاوازیە ڕەگەزیە و ئەو هەموو دەستدرێژیەی کە لەدژی ژنان ئەنجام دەدرێت، چەتر دەیەوێت بەبێتە ڕۆژنامەی ژنان و گەنجان، کرێکاران و جوتیاران، خەڵکی زەحمەتکێش و نیشتمان پەروەران و داکۆکیان لێدەکات.
چەتر بەشێکە لەو ئازارانەی کەهێشتا چارەنەکراون لەهەڵبجەو ئەنفال، لەو ماندوبوونەی کە گەلەکەمان بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو چێشتویەتی، لەو خزمەتەی کەئەمڕۆکەش بەهەزاران شەونخوونی بۆ دەکەن.
چەتر هەوڵدەدات ئەخلاقی کۆمەڵگا بپارێزێت، ئەوانەی ڕاستن بێ ترس و دوودڵی باسی بکات، بەبنەماگرتنی پێوانە دیموکراتییەکان بۆ چەتر گرنگن.
چەتر زمانی ڕۆژنامەگەری دەپارێزێت و دەیەوێ پیشەییانە ڕەفتار بکات، ڕەخنەکانی خۆی لەرێگای زمانێکی گونجاو دەکات لەپێناو ئەوەی پەیامەکانی خۆی پێ بگەیەنێت، چونکە پاراستنی زمانو کلتوری ڕۆژنامەوانی لای چەتر گرنگە ئەوە تەنها لەبەر سزاکانی یاسای ڕۆژنامەگەری نا بەڵکو خۆی بەپێویستی دەزانێت خۆی بپارێزێت لەقسەی هەڵبەستراو، تاوان دروستکردن و قسەی نابەجێ.