باخی گشتی
باخچەی گشتی لە کۆندا نەبووە. تا سەردەمی ئەحمەد پاشای بابان کە حاکمی سلێمانی بووە چوار باخی دروستکرد، ئێستا ئەو چوارباخە بوون بە گەڕەکێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی. جا لەبەر ئەوەی ئاوی سلێمانی زۆر بووە و پڕ بووە لە کانی و کارێز جگە لە ئاوی شیوەکان و زێرابەکان کە بەرەو خوار بوونەتەوە، ئەمانە هەموو سوودیان لێ وەرگیراوە بۆ باخ دروستکردن.
ئەمانەش ناوی ئەو باخانەن کە هەبوون و ئەوانی تریش ئەوانەن کە لەم دواییەدا دروستکران :
باخی پورە بەگ: لە گەڕەکی گۆیژە نزیک سابونکەران و ژوور مزگەوتی هەمزاغا، ماڵی شاعیری گەورەی کورد پیرەمێرد لەوێدابوو.
تووی مەلیک: لە باکووری شاری سلێمانی، لە ساڵەکانی سی و چلی سەدەی ڕابردوو (حەوزێکی گەورە)ی هەبوو لە بەهارا پر ئەبوو لە ئاو، لەوەو پێش دار و درەختی لە بەرابوو، خەڵک لە بەهارا ئەچوونە ئەوێ بۆ سەیران. ئەم ناوچەیە موڵکی شێخان بوو. لە کاتێکدا دروستکرا کە شێخ مەحمود حوکمدار بوو، بۆیە ناونرا تووی مەلیک.
باخی شێخ لەتیف(شێخ لەتیفی دانساز) لە لای ماڵەکەی خۆیانا لە گەڕەکی دەرگەزێن، پڕبوو لە داری بەردار و حەوزێک بە فوارەوە لە ناوەڕاستیا ئێستاش هەندێ شوێنی ماوە بە باریکی درەختی سێو و هەڵوژە و هەرمێ و هەنار و قۆخ و گێلاس و بەهێ و هەنجیری تیا بوو.
باخی فەرەجی حەمە مراد لە دەرگەزێن نزیک بە کارێزی دایکی پاشا دە دۆنم زەوی بوو. بە موڵک هی (عەزمی بەگی بابان) بوو، لە هاوینا تەنیا ئەو باخە هەبوو کە بە تەنیشت ماڵی عەزمی بەگ خۆیەوە بوو، خەڵکی شار پۆل پۆل بۆی ئەهاتن. ئێستا شوێنەکەی قوتابخانەو خانووە.
باخی مەجید بەگ: لە باکوری شاری سلێمانی. شوێنی بینای زانکۆی سلێمانی و نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و گشتییە.
باخی کانی دۆمان لە خوار گەڕەکی سەرشەقامەوە بوو.
باخی گەورە و بۆگەنە: ئەمیش هەر موڵکی (عەزمی بەگی بابان) بوو لە خوار شاری سلێمانیەوە.
باخچەی گشتی: لە ڕاستیدا هەر ئەم شوێنە بوو کە بە تەواوی پێی بوترێ (باخچە). ئەکەوێتە ڕۆژ ئاوای سلێمانی نزیک (سەنتەری پارێزگای سلێمانی). یەکەم باخچەی میرییە و کاتێک کە مەجید یەعقوبی لە ساڵەکانی (1937-1939) موتەسەریفی سلێمانی بوو دروستی کرد کە ئەوسا ئەوپەری شار بوو، واتا هیچ خانوو بینا لەو لایەوە نەبوو بێگومان ئەم باخچەیە بۆ ڕازاندنەوەی شارەکە و گەشت و جوانی سەردانی ژن و پیاو ڕۆژانی (چوارشەممە تایبەت بوو بۆ ژنان) بە عەبا و پەچەوە ئەهاتن بەداخەوە بەهۆی نالەباری ئاسایشەوە زۆر دەستکاری کراو زۆری لێ کەمکرایەوە و دارەکانی ئەبڕران، بەڵام ئێستا گەشاوەتەوە.
شارەوانی سلێمانی لەم ساڵانەی دواییەدا فەرمانگەی باخچەکانی بەتایبەت پێک هێنا بۆ دروستکردنی باخچە لە ناوشارا. ئەو فەرمانگەیەش ژمارەیەکی زۆری باخچەی دروست کردوە سەرپەرشتیان ئەکات لە ژوور هەموویانەوە پارکی ئازادی کە لەوەو پێش لەشکرگای حوکمەت بوو (حامییە) بوو. ئەکەوێتە بەشی ژوورووی شار. ژمارەیەکی زۆری تر باخچەی بچووک هەن لە ناو شارەکە کە هەموو ڕازاوە و جوان و ڕێک و پێکن هەندێکیان بە ناوی ئەو کەسانەی بیانی و خۆییەوە ناونراونکە خزمەتیان پێشکەش کردووە. وەک (باخچەی ئولڤ پالما) سەرەک وەزیرانی سوید کە بەدەستی ناحەز شەهید کرا و باخچەی جەواهری کە بە ناوی شاعیری گەورەی عەرەب محەمەد مەهدی ئەلجەواهیری دۆستی دێرینی کورد و باخچەی فەرەیدون علی ئەمین و گەلێکی تر.