14-04-2013
25 ساڵ لەمەوبەر و لەسەروبەندی نەمانی جەنگی ساردا، ڕژێمی فاشی بەعس، دواتیری ژەهراوی خۆی هاوێژتە سەر سنگی گەلەکەمان و بەپڕۆسەیەکی شومی بەرنامە بۆڕێژراو قڕکردنی میللەتێکی کردە ئامانجی ڕەشی فاشیستانەی خۆی. ئەم کارە کە لەمێژووی گەلەکەماندا بەشاڵاوی ئەنفال ناسراوە، دەرهاویشتەی ئەو سیاسەتە ئیسطیطانیەی بەعس بوو، کە ساڵانێ بوو لەکوردستاندا پیادەی دەکرد و درێژکراوەی سیاسەتی تەعریب و تەهجیرو تەبعیس بوو، کە هەر لەسەرەتای هاتنە سەر حوکمی ڕەشیانەوە ڕژێمی بەعس بەرنامەی بۆ دانابوو.
ئەنفال گەورەترین شاڵاوی عەسکەرتاریانەی ڕژێم بوو بۆسەر گوند و گوندنشینەکانی کوردستان و لەماوەیەکی کەمتر لەشەش مانگدا، بەبێ هیچ عورف و عادەتێکی نێودەوڵەتی و بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ یاسایەکی ئایینی و مرۆڤایەتی 182 هەزار مرۆڤی بێتاوانی لەژن و مناڵ و پیر ولاو ڕەوانەی لمی بیابانەکانی خواروو کرد و بەهەزاران گوندیشی خاپور کرد و پانتایەکی گەورە و بەرفراوانی لەخاکی کوردستان ساراو سوتماککرد.
ڕژێمی بەعس وەک دڕندەترین ڕژێمی فاشی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، مێژوویەکی ڕەشی لەقەتڵ و عامی خەڵکی کوردستاندا هەیە. بۆیە گەر بەعس لەسەرەتای حەفتاکاندا و لەسەردەمی تازە هاتنە سەر حوکمی ڕەشیدا، بەپیادەکردنی سیاسەتە سێکوچکە شومەکەی ڕووبەڕووی گەلەکەمان بووبێتەوە، ئەوا لەکۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەڕێی پاکتاوی ڕەگەزی و کیمیاباران و ئەنفالکردنی کەسانی سڤیلەوە گەشتە ترۆپکی دەسەڵاتی فاشیستانەی خۆی.
بۆیە دەکرێ بڵێین شاڵاوی ئەنفال تەنها بریتی نەبوو لەکوشتنی 182 هەزار ڕۆح، یان سوتماککردنی پانتایەکی گەورە لەخاکی کوردستان، هەرگیز!بەڵکو ئەم شاڵاوە شوم و بەدناوە، ئەنفالی سروشت و فەرهەنگ و کەلتوور و تەنانەت ئەنفالی ئایین بوو لە ڕێی سووتاندنی پەڕەکانی قورئان و ڕووخاندنی مزگەوتەکانەوە. جا ئەگەر ئەم شاڵاوە جەهەنەمییە لەکۆتایی هەشتاکاندا چەند جومگەیەک و چەند دەڤەرێکی دوورەدەستی لەجەستەی نیشتمانەکەمان کردبێتە نیشانە، بۆ پیادەکردنی سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی، ئەوا گەر هەندێک گۆڕانکاری ناوچەیی و نێودەوڵەتی نەبوایە، کە بە قازانجی گەلەکەمان شکایەوە. دوورنەبوو هەموو جومگەکانی ئەو جەستەیە بکرانایەتە قوربانی. ئێستاش لە کاتێکدا، کە گەلەکەمان و کەس و کاری قوربانیانی ئەو شاڵاوە بەدناوە، یادی 25 ساڵەی ئەو ڕۆژە شومە دەکەنەوە، ئەوا ئێمەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیمانی درێژەدان و بەدواداچوون بەدۆسیەی ئەنفالکراوەکان و هێنانەوەی ڕووفاتی سەرجەم ئازیزان بۆ باوەشی کوردستانی نیشتمان بەسەرجەم کەسوکاری سەربەرزیان دەدەین. چونکە ئەنفال وێستگەیەکی پڕ ناسۆرە لەژیانی گەلەکەماندا و مەلەفێکە کە مایەی بیرچوونەوە نییەو ڕۆژێکە تا مێژوو مێژوو بێت، بەزیندویی لەویژدانی گەلەکەماندا دەمێنێتەوەو هاوکات پەڵەیەکی ڕەشیشە بەناوچەوانی ئەنجامدەرانیەوە.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
14-04-2013