کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایدەگەیەنێت، ڕێژەی بەشداریکردن لەدەنگدانی ئەمڕۆی تایبەت بەهێزە ئەمنیەکان زیاتر لە80% بوە و جیاکردنەوەی دەنگەکانیش پاش بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی گشتی دەبێت.
هێمن مامەند، هەولێر: بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، هەندرێن محەمەد، ئەمشەو، پێنجشەممە، بەئاوێنەنیوزی ڕاگەیاند، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ڕێژەی بەشداربون لەدەنگدانی تایبەت زیاتر لە 80% بوە.
هاوکات سەرچاوەیەکی کۆمسیۆن لەسلێمانی ڕایگەیاند، ئەمشه و سندوقەکانی دەنگدانی تایبەت دەگەیەندرێنە ئەو ناوەندانەی لەلایەن کۆمسیۆنەوە لەشارەکان دیاریکراوە کە لەشاری سلێمانی هۆڵی وەرزشی مامۆستا عارف تەرخانکراوە.
وتیشی، سبەینێ تەنها پرۆسەی موتابەقە و ژماردنی سندوقەکان دەبێت و پێدەچێت جیاکردنەوەی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت لەرۆژی یەکشەممەی داهاتوەوە دەست پێبکات، واتە پاش تەواوبونی دەنگدانی گشتی.
لەلایەکی ترەوە پەیامنێرمان لەهەڵەبجەوە پێی ڕاگەیاندین، لەکۆی 1183 دەنگدەر لەقەزاکە 1160 کەس دەنگیان داوە و بەمپێیەش ڕێژەی بەشداریکردن 98% بوە.
راشیگەیاند، تەنها قوتابخانەی بورهان وەک ناوەندی دەنگدانی تایبەت لەهەڵەبجە دیاریکراوە.
کاتژمێر حەوتی سەرلەبەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە، دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکردو بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش کۆی دەنگدەرانی هێزە ئەمنییەکان 157020 دەنگدەره و 99 بنکه و 381 وێستگەی تایبەتیان بۆ تەرخانکراوە.
- 19-09-2013