خەندان - ڕەهێل سەمەد
بە گوێرەی ئامارێک لەمانگی ڕابردوودا زۆرترین ڕووداوی کوشتن بەبەراورد لەگەڵ دوومانگی پێشوو لە سنوری پارێزگای نەینەوا تۆمارکراوە کە زۆرترینیان لە چەکدارانی داعش بووە.
سەعید مەموزینی کارگێڕی لقی 14ی پارتی لە نەینەوا بە خەندانی ڕاگەیاند: لە مانگی ئازاردا زۆرترین ڕووداوی کوشتن لە پارێزگای نەینەوا بە بەراورد بە مانگەکانی یەک و دووی ئەمساڵ ڕوویداوە.
سەعید مەموزینی وتی: "لە مانگی ئازاردا 198 کەس کوژراون، لەوانە 93یان چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) بوون، ئەوانی تر لە هێزە ئەمنییەکان و کەسانی مەدەنی بوون، کە هەشت کەسیان کوردن".
ئەوەشی خستەڕوو کە کوژرانی 198 کەس لەمانگی ڕابردوودا لە کاتێکدایە لەمانگی یەک 93 کەس و لەمانگی دوو 73 کەس لە پارێزگای نەینەوا کوژراون، بەمەش ژمارەی کوژراوەکانی مانگی ئازار لەهەردوو مانگەکەی پێشتر زیاتر بووە.
هەروەک چاودێران ئاماژەی بۆدەکەن پارێزگای نەینەوا وەک گەورەترین پارێزگای سوننەنشین لە عیراق بەهۆی نزیکی لە وڵاتی سوریا و بوونی ژمارەیەکی زۆر لە پاشماوەکانی ڕژێمی بەعس، بەیەکێک لە خراپترین پارێزگاکان لە ڕووی ئەمنییەوە دادەندرێت.
- 02-04-2014