نێردەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق ئاماری کوژراو و بریندارانی مانگی ڕابردووی عیراقی ڕاگەیاند، نیگەرانی خۆشی لە زیادبوونی ژمارەی قوربانییان دەربڕی.
ئەمڕۆ نێردەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق "یۆنامی" لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی کردەوە توندوتیژییەکانی ناوچە جیاجیاکانی عیراق جگە لە پارێزگای ئەنبار، 1737 عیراقی کوژراون و 1978ی تریش برینداربوون.
نێردەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق "یۆنامی" ئاماژەشی بەوەدا کە له و ژمارەیە، 1186یان هاوڵاتی مەدەنی بوون و 551یان لە هێزە ئەمنییەکانی و هێزی تایبەتی سوات و هێزی پێشمەرگە بوون.
یۆنامی ئەوەشی خستەڕِوو کە لە مانگی تەمووزی ڕابردوودا 1511 هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون، سەرەڕای 467 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و هێزی تایبەتی سوات و هێزی پێشمەرگە.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا نێردەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێت: "مانگی تەمموز 400 ڕووداو لە ناوچە جیاجیاکانی عیراق ڕوویانداوە کە 62یان هێرشی ئاسمانی بوون و بەهۆیانەوە نزیکەی 823 کەس کوژراون و برینداربوون و 30 ڕووداویشیان بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی چێنراو و هێرشە خۆکوژییەکانەوە بوون کە بەهۆیانەوە 535 کەس کوژراون و برینداربوون".
نەتەوە یەکگرتووەکانی نیگەرانی خۆشی دەربڕی لە زیادبوونی ژمارەی قوربانییان لە عیراق بەتایبەت کە ژنان و منداڵان زیاتر مەترسییان لەسەرە.
نیکۆلای میلادینۆڤ نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق داوای لە هەموو لایەنە عیراقییەکان کرد پابەندبن بە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی مرۆڤ.
- 01-08-2014