وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە مانگی نیسانی ڕابردوودا ڕۆژانە هەرێمی کوردستان بڕی پێنج سەد و 62 هەزار و شەش سەد و 33 بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە کردووە، لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری وەزارەتی سامانە سروشیتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مانگی نیسانی ڕابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی 16 ملیۆن و 878 هەزار و 985 بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی دەرەوە کردووە.
تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی نەوتیش دەکاتە 562 هەزار و 633 بەرمیل نەوت کە لە ڕێگای هێڵی بۆری کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جیهان کراوە لە تورکیا.
ئه و نەوتەی هەناردەی بەندەری جیهانی تورکیاش کراوە ڕۆژانە بڕی 415 هەزار و 246 بەرمیلی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بووە و 147 هەزار و 387 بەرمیلیش لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە هەناردە کراوە.
سەبارەت بە ئاستی نەوتی ئەمبارکراوی حکومەتی هەرێمیش لە بەندەری جیهاندا، بڕی یەک ملیۆن و 183 هەزار و 94 بەرمیل نەوت لەکۆگاکاندا بووە، کە سەرجەم نەوتەکەش، ڕادەستی سومۆ کراوه و خراوەتە سەر ئه و بڕە نەوتەی کە لە ڕێگای بۆریەوە هەناردەی دەرەوە کراوە.
لە هەواڵەکەی ماڵپەری وەزارەتی سامانە سروشتیەکاندا، ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، بەپێی ئه و خشتەیەی کە لە 2015/1/23 دا لەنێوان وەزیری سامانە سروشتیەکان و وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵدا ڕێککەوتنی لەبارەوە کرا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی نیشاندا لە نیسانی ئەمساڵدا بەوەی تێکڕای 468 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە ڕادەستی سۆمۆ بکات.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەش بڕی 66 هەزار و 210 بەرمیل زیاتر له و ڕێژەیە هەناردە کراوە و هەر له و مانگەشدا بۆ ماوەی 22 کاتژمێر بەهۆی بارودۆخێکی دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمەوە، لە کارکەوتن هەبووە، لە هێڵی بۆری هەناردەکردنی نەوتدا.
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی ڕێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتە بەپێی بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2015.
- 06-05-2015