هاونیشتمانانی بەرێز،ژنانی خەباتگێری کوردستان، ڕۆژی 14ی بانەمەری 1394ی هەتاوی خوشکێکی لاوی مهابادی بەناوی "فەریناز خوسرەوانی" کارگێڕی هۆتێلی "تارا" لە شاری مهاباد لە پێناو پاراستنی کەرامەتی خۆی، بۆ دەربازبوون لە دەستدرێژی فەرمانبەرێکی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نهۆمی چوارەمی ئەو هۆتێلە کە دەرەتانی دەربازبوونی بەهۆی داخستنی دەرگا لەلایەن ئەو فەرمانبەرە دژی گەلیە بۆ نەمابۆوە بە ناچاری لە پەنجەرە و لە بالکۆنی ئەو نهۆمەوە خۆی فرێدەداتە خوارەوە و بەشێوەیەکی زۆر دڵتەزێن گیانی لەدەست دەدا.
باس لە ڕووداوە و ئاسانکاری بەرپرسی هوتێل تارا بۆ ئەو کارە دزێوە بووەتە هۆی ڕقوقینی خەڵکی شاری مهاباد بەگشتی و ژنان و کچان بە تایبەتی و جارێکی دیکە برینی ژنانی کوردی لە بێڕێزی کۆماری ئیسلامی بە کەرامەتی ژنانی کورد کولاندەوە.
لەو پەیوەندییەدا یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێرای محکوم کردنی ئەو هەوڵە دەستدرێژی کەرانەیە و ئەو ئاسانکاری بەرپرسی هۆتێل بۆ ئەو جینایەتە داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ژن و لایەنگرانی یەکسانی بە گشتی و خەڵکی چاو نەترسی شاری مهاباد بە ژن و پیاوەوە و سەرجەم تێکۆشەرانی کورد و خەڵکی کوردستان دەکات لە ئاست ئەم بێکەرامەتیانە بە ژن و ڕەفتاری دەستدرێژی کەرانەی دەست و پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەنگی نارەزایەتی و بێزرای خۆیان بە هەر جۆرێک کە بۆیان دەکرێدەرببڕن و نیشان بدەن کە ژنی کورد و خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر ئەو بێحورمەتیانەدا بێدەنگ نابن، با لەو پەیوەندییەدا هاودەنگ و هاوهەنگاو بین و ڕێگا نەدەین چارەنووسی فەرنیاز و فەرنیازەکان دووپات ببنەوە.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
16ی بانەمەڕی 1394ی هەتاوی