بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
جەماوەری سەربەرزی کوردستان
سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم بە ئێوەی خۆشەویست ڕادەگەیێنم کە، بەر لە دوو ساڵ، بە نامەیەک بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، داوام لێ کردن کە لەگەڵ حزبەکاندا مەسەلەی سەرۆکایەتیی هەرێم بە تەفاهوم یەکلایی بکەنەوە. پێش چەند مانگێکیش هەمدیسان لەگەڵ حزبەکان دانیشتم و داوام لێ کردن زوو چارەسەرێک بۆ ئەم پرسە بدۆزنەوە.
لەماوەی ڕابردوودا هەموو کارە سەرەکییەکانم لە ڕێگەی تەوافوق و ڕاوەرگرتن ئەنجام داوە و ڕێزیشم لە سازان و ڕێککەوتنی لایەنەکان لەناو خۆیاندا گرتووە و یارمەتیم داون ئەو سازانەیان شێوەیەکی یاسایی وەربگرێت. یاسای ژمارە 4ـی 2015ـی پەرلەمان بۆ ئامادەکردنی دەستوور، وێڕای ئەوەی کە تێبینیمان لەسەری هەبوو، لەبەر بەرژەوەندیی وڵات و پاراستنی یەکڕیزیی گەلەکەمان ئیمزام کرد. پێشتریش ڕەشنووسی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان کە بە کۆدەنگیی لایەنەکان و دەنگی 96 پەرلەمانتار پەسەند کرابوو، هەر لەپێناو سازان و ڕێکەوتنی هەموو لایەنە سیاسییەکان و پاراستنی یەکڕیزیی گەلەکەمان نەخرایە ڕیفراندۆم.
ئەوەی ڕۆژی 23-06-2015 لە پەرلەمان ڕوویدا، مەترسییە لەسەر بنەما و پڕەنسیپی تەوافوق و سازان، ئەو بنەمایەی کە خودی سەرۆکایەتیی پەڕلەمان و کابینەی هەشتەم لەسەری دامەزراون. ئێستاش، لەبەر بەرژەوەندیی گەل و وڵاتەکەمان داوا لە حزبەکان دەکەم، دوور لە بەرژەوەندیی حزبیی تەسک و، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی وڵات و، هەروەها ڕەچاوکردنی هەلومەرجی ناسک و هەستیاری ئێستا کە وڵاتمان پێیدا تێدەپەڕێت، بگەڕێنەوە بۆ پڕەنسیپی تەوافوق و سازان. چونکە تەنیا بە سازان، پرسە نیشتیمانی و سەرەکییەکان بە پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمیشەوە قابیلی چارەسەرن.
کوردستان بەرەو قۆناغێکی زۆر جیاواز و گرنگ دەڕوات. ئەمڕۆ زیاتر لەهەموو کات پێویستیمان به یەکڕیزیی و ڕێککەوتن و سازانە. ئەوەی لەڕووی یاساییەوە پێویستە، من لەلای خۆمەوە کردوومە. ئەرکێکی نیشتمانی دەکەوێتە سەر هەموو لایەنەکان تا پێش 20/8 بگەنە ئەنجامێک کە، دەتوانن بە سازان ڕێکبکەون. ئەگەریش لایەنەکان بەپێی پڕەنسیپی تەوافوق و سازان نەجووڵانەوە، ئەوکات منیش هەڵوێستی خۆم ڕادەگەیێنم.
هاوکات، داوا لە پەرلەمانتاران و حکوومەت و حزبە سیاسییەکان دەکەم بە قووڵیی بیر لە چارەسەرکردنی قەیرانە داراییەکان و شەڕی داعش و پرسی ژیان و بژێویی خەڵک، بەتایبەتیی پێشمەرگەکان بکەنەوە و بایەخی شایستەی پێ بدەن.
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
29-06-2015