لەئێستادا هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و فەرمانبەران بەتایبەتی، دووچاری کۆمەڵێک کێشەو قەیران بوونەتەوە و ئەمەش وایکردووە چیدی هاووڵاتیان تەحەمولی ئەو بارە قورسە نەکەن کە کەوتووەتە سەر شانیان.
بۆیە لێرەو لەوێ مانگرتن و بایکۆتکردنی دەوام و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دەبینرێت و هاووڵاتیان و فەرمانبەران ئەوەی کە داوای دەکەن مافێکی سادەو سەرەتاییە، کە بریتیە لە پێدانی موچەو دۆزینەوەی ڕێگارە چارەی گونجاو بۆ قەیرانەکان.
لەو چوارچێوەیەدا هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن، ئێمە لە پارێزگای هەڵەبجە پشتگیری لەداوای ڕەواو شارستانی خۆپیشاندەران دەکەین، چونکە ئەوەی ئەوان داوای دەکەن ناچێتە چوارچێوەی دژایەتی کردنی حکومەت و دام و دەزگا حکومییەکان، بەڵکو ئەوان دەیانەوێت حکومەتەکەیان بەدەنگیانەوە بێت و چارەسەری کێشەو قەیرانەکانیان بۆ بکات.
ئێمە وەک ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە، ئامادەین بۆ هەموو پشتگیری و هاوکاریەکی داوای ڕەواو شارستانی هاووڵاتیان لە سنوری پارێزگاکەماندا.
عەبدوڵڵا محمد عبدالمحمد
پارێزگاری هەڵەبجە
05-10-2015