حکومەتی هەرێم دوای ئەوەی بە کردەوە تووشی بنبەست و مایەپووچی بووە و بەرامبەر دابینکردنی ژیان و گوزەرانو مووچەو سەرەتایی ترین خزمەتگوزاریەکان بۆ خەڵکی کوردستان، دەستەوەستان ماوەتەوەو هەموو ڕێگاچارەو دەروازەکانی لێداخراوە، کەچی ئێستا بەناوی ئەنجامدانی "چاکسازی"یەوە پرۆژەیەکی (11) خاڵی ڕاگەیاندوە جگە لە چەواشەکردنی خەڵکی ناڕازیو کەمدەرامەتی کوردستان هیچ کارێکی تری پێ ناکرێت. پرۆژەکە دەیەوێ وا لەخەڵک بگەیەنێ کە پارەی تەخشانکراو بەسەر پۆست و پلەباڵاکانی دەسەڵاتو حکومەتی هەرێمدا کەم دەکاتەوە، بەڵام لەڕاستیدا تەنها بەشێکی کەم لەو دەرماڵە زۆرو زەوەندەی کە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتو پەرلەمانو داموودەزگا بیرۆکراسیە بێخێرەکانی دیکەیان خەرج دەکەن، لە ئێستادا ڕادەگرن، نەک کەمی بکەنەوەو بیبڕن.
لەهەمان کاتدا بە هیچ جۆرێک باس لە مووچەی بێحەدو حسابی ئەو پۆستانە ناکەنو تەنانەت باسی مووچەو ئیمتیازاتە دارایی و خەرجیەکانی ئەو لەشکرە زۆروزەبەندەی میلیشیاکانیان لە پاسەوانو هێزی تایبەتو دامەزراوەی سەرکوتی تایبەت بە حیزبە دەسەڵاتدارەکان کە بەرگی دەزگای حکومەییان بە بەرداکراوە، ناکەن و بەدەست لێنەدراوی دەمێننەوە. لەلایەکی دیکەوە نیشانەی لەوە گرتوە کە چۆن دەرماڵەی کارمەندانو کرێکارانی کەرتی گشتی بخەنە ناو گێژاوێکی بیرۆکراتیەوە کە ئامانجەکەی بڕینو کەمکردنەوەیانە بەو جۆرەی ئەنجومەنی وەزیران دەیەوێ، بەرنامەیان بۆئەوە داڕشتوە کە چۆن بیمەو هاوکاری دارایی بۆ خێزانە کەمدەرامەتو خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان کەم بکەنەوە، خزمەتگوزاریەکانی تەندروستی پەروەردەو کارەبا و شارەوانی کە ئێستا لەئاستی نەبووندایە ئەوەندەی دیکە وێرانی بکەن. پڕۆژەکەیان بەهیچ جۆرێک ئاماژەی بەوە نادات کە بەرامبەر بە دابینکردنی ژیانو گوزەرانی سەدان هەزار هاوڵاتی کوردستان کە بەهۆی قەیرانی ئابوریو سیاسەتی تاڵانچێتی ئەوانەوە ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نیە، یان سەدان هەزار فەرمانبەرو کرێکاری کەرتی حکومی کە مووچەکانیان چوار مانگە دواخراوە، چ بەرپرسیارێتیەک دەگرێتە ئەستۆو چی دەکات بۆ دابینکردنی موچەی مانگەکانی داهاتووی کارمەندانو مووچەخۆران!
ئەم سیاسەتو پرۆژەیەی حکومەت ڕاگەیاندنی فەرمی و ئاشکرای نابەرپرسیارێتی و بێدەربەستی ڕەهای بەر پرسە باڵاکانی حکومەت و بەرپەرسی باڵای پارتە دەسەڵاتدرەکان و لەگەڵ دەستەیەک سەرمایەداری تاڵانچی نزیک لە خۆیان، کە ساڵانێکە لە داهاتی خەڵک سامانی خەیاڵی کۆدەکەنەوە. ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم و حیزبە دەسەڵاتدرەکانی، تاڵە دەزوویەک پەیوەندیان بە بەرژەوەندیەکانی خەڵکەوە نەبوەو نیە. نەک باری قورسی قەیرانی ئابوری لە ملیارە دۆلارەکانی خۆیانو تاڵانچیەکانی نزیک لە خۆیان قەرەبوو ناکەنەوە، بەڵکوهەوڵ ئەدەن سفرەی کرێکارانو کارمەندانو خەڵکی کەمدەرامەتی کوردستان بەتاڵتر بکەن.
ئەم حکومەتە گەندەڵ و بێدەربەست و نابەرپرسەی کە بۆخۆی سەرچاوەی کێشە سیاسیو ئابوریەکانی کوردستانەو هیچ بوارێکی بۆچاکسازی لەناوخۆیدا نەهێشتۆتەوە، بۆیە پێویستە بەرپرسو پلەباڵاکانیان بەنارەزایەتی وسکاڵای جەماوەری کوردستان بدرێنە دادگا، بۆدادگایی کردنیان لەسەرتاڵان کردن و تەخشان و پەخشان کردنی داهاتی کوردستان و گێرانەوەی ئەوەی تاڵانیان کردوە بۆ خەزێنەی گشتی وخەرج کردنی بۆ دابینکردنی مووچەو بیمە کۆمەڵایەتیو خزمەت گوزاریە بنەڕەتیەکان بۆسەرجەم خەڵکی کوردستان.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
03-01-2016