مامۆستای ڕەوانشاد (ڕەمزی محێدین قەزاز: 1917 1973) لە بنەماڵەیەکی ناسراوی کورد و کوردستانپەروەر، لە شاری #سلێمانی#، لە باشووری کوردستان لە دایکبووە.
بۆ ماوەیەک مامۆستایی کردووە، لە جیهانی وەنەوشەیی پاک و بێتاوانی منداڵانی کورد نزیکبووەتەوە و ئاشنایان بووە، شارەزای زمانی سادە و شیرینیان بووە، لە هیوا و خواست و خەون و خولیا و لە ڕاز و نیازی پاکیان تێگەیشتووە.
مامۆستا ڕەمزی قەزاز، لە ساڵەکانی شەری جیهانی دووەمدا، بە دیاری کراویش لە ساڵی (1942) دا، لەگەڵ ڕابەری هەڵبەستی نوێی کوردیمان، شاعیری نەمر مامۆستا (عەبدوڵڵا گۆران) و لەگەڵ ڕۆشنبیر و هونەرمەندی ناسراوی نەمرمان مامۆستا (ڕەفیق چالاک) دا، دەچن بۆ شاری (یافا) لە (فەلەستین) بۆ بەڕێوەبردنی ڕادیۆی کوردی لەو شارەدا، کە لەلایەن ئینگلێزەکانەوە دانرابوو.
مامۆستا ڕەمزی قەزاز، ڕۆشنبیر و نووسەر و ڕاگەیاندکار و هونەردۆستێکی چالاک و ناسراو بوو. مامۆستایەک بوو پڕاوپڕ لە دڵسۆزی و کوردایەتی و کوردستانپەروەری.
ڕەمزی قەزاز لەگەڵ عومەر قەزازی برایدا، یەکەمین کەسن کە لە ساڵی (1942) دا، ئامێری پێشاندانی فیلمی سینەمایی هێنایە شاری سلێمانی.کە لە سینەما (سەڵاحەدین) لە تەنیشت سینەما سیروانی ئێستاوە بوو پێشاندرا، یەکەمین فیلمیش کە پێشانیان دا فیلمێکی ئەمریکی بوو بە ناوی (گەڕانەوەی فرانگ جیمس) بوو.
مامۆستا ڕەمزی قەزاز، ڕۆشنبیر و نووسەرێکی و میدیاکارێکی ناسرا و لێهاتوو، چەند پەرتووکێکی مێژوویی و چێرۆکی بۆ منداڵانی کورد چاپ کردوون. لەوانەش:
1 بزووتنەوەی کورد.
2 داستانی دوو پاڵەوانەکە.
3 فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە.
4 گۆڕنەتەڵە، چیرۆک بۆ منداڵان.
5 ڕاستی و ئازایی، چیرۆک بۆ منداڵان.
کە بەشی ڕادیۆی کوردی لە بەغدا لە ڕێکەوتی (29/ یانوار/1939) دا بوو بە ئیزگەی ڕادیۆی کوردی لە بەغدا، واتە بوو بە ئیزگەیەکی سەربەخۆی کوردی. کە یەکەمین ڕادیۆیی کوردی بوو لە هەموو کوردستان دا، ڕادیۆکەش بەقاسپەقاسپی کەو دەکرایەوە و دادەخرا. یەکەمین بێژەر و یەکەمین بەڕێوەبەری ڕادیۆی کوردی لە بەغدا خوالێخۆشبوو (کامیل کاکەمین) بوو، کە تا ساڵی (1958) ئەو بەڕێوەبەری بوو. هونەرمەندی گەورەش مامۆستا (عەلی مەردان) یەکەمین گۆرانیبێژ بوو کە گۆرانیی لەم ڕادیۆیەدا تۆمارکرد.. هونەرمەندی نەمریش (ڕەفیق چالاک) یەکەمین تیپی نواندنی کوردی لەم ڕادیۆیەدا دامەزراند.. ڕادیۆی کوردی لە بەغدا، سەرەڕای بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی ڕۆژانە، ڕۆڵێکی گرنگیشی هەبوو لە ناساندن و پێشکەوتنی فەرهەنگ و کولتوور و ئەدەب و زانست و زانیاری گشتی و لە هونەری هەمەڕەنگەی گۆرانی و موزیکی کوردی دا.
مامۆستا ڕەمزی قەزاز وەکوو کارمەندێکی دڵسۆزی ئیزگەی ڕادیۆی کوردی لە بەغدا، لەگەڵ هاوڕێکانییدا، وەکوو شانەیەکی پوورەی هەنگ، دڵسۆزانە هاوکاری یەکتریان دەکرد و، ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە پێشکەوتن و لە پاراستنی گۆرانی کوردیدا.
مامۆستا ڕەمزی لە ساڵی (1958) دا، لە ئیزگەی کوردی ڕادیۆی بەغدا، بەرنامەیەکی بۆ منداڵان ئامادە و پێشکەش دەکرد.. بەرنامەکەی بە ناوی (باخچەی منداڵان) یا (بەهەشتی منداڵان) بوو، نایەتەوە یادم کە کام ناویان بوو، بە زۆری بۆ ئەوە دەچم کە (باخچەی منداڵان) بوو. ئەم بەرنامەیە سەر لەبەیانی ڕۆژانی هەینی بۆ ماوەی نیو کاتژمێر، بابەتە هەمەڕەنگەکانی بڵاودەکردەوە. مامۆستا ڕەمزی بە کوردییەکی ڕەوان و پەتی و ئاسانی نزیک لە زمانی منداڵانەوە بەرنامەکەی دادەڕشت و بە بابەتی بەسوودی هەمەچەشنە دەیڕازاندەوە، بە زمانێکی شیرین و بەچێژێکی خۆشەوە پێشکەشی دەکرد..دەستپێکی بەرنامەکەشی بەم سروودە خۆشەی منداڵان بوو:
ئێمە منداڵین جوانین......... ئاواتی نیشتمانین
کامەرانین، شادمانین.......... کە نەوەی کوردستانین
ڕۆڵەی خاکی پیرۆزین.......... بۆیە هێندە بەسۆزین
شەو و ڕۆژ تێدەکۆشین........... بۆ وڵات بە پەرۆشین
لە دوای کۆچکردنی مامۆستای بەهەشتی ڕەمزی قەزاز، مامۆستا (نەژاد شەوقی) لە ساڵانی حەفتاکاندا، هەر لەسەر ڕێبازەکەی مامۆستا ڕەمزی قەزازی نەمر، درێژەی بە ئامادەکردن و پێشکەشکردنی بەرنامەی (باخچەی منداڵان) دا، ئەمیش بەجوانی دەیڕازاندەوە و بە سەرکەوتوویی پێشکەشی دەکرد.
لە دوای ڕێکەوتنامەی (11) ی ئاداری ساڵی (1970) مامۆستا ڕەمزی قەزاز کرایە سەرنووسەری گۆڤاری (برایەتی) کە لە سلێمانی دەردەکرا، دواییش کردیان بە بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری کوردی لە بەغدا. لەو ماوەیەدا بەردەوام هاتوچۆی ئیزگەی ڕادیۆی کوردی لە بەغدا دەکرد. تا ئەو کاتەی کۆچی دوایی کرد..گیانی پاکیان لە دامێنی گردی سەیوان لە شاری سلێمانی بە خاکیان سپارد.
شایەنی باسیشە، کە مامۆستا ڕەمزی قەزاز یەکەمین کەسە کە بەرنامەی بۆ منداڵانی کوردمان لە ڕادیۆدا ئامادە و پێشکەش کرد.. بەرنامەکەشی درێژترین تەمەنی هەبوو.
هەزاران ڕەحمەت بۆ ڕوحی مامۆستا ڕەمزی قەزاز.. جوانترین چەپکە گوڵیش بۆ سەر گۆڕە پیرۆزەکەی بێت.
ئامادەکردنی: ڕەزا شوان [1]