دوارۆژ، عیسا عەبدولقەهار
سەرۆکی سەندیکای ئابووریناسانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و چاکسازیکردن لە سێکتەرەکانی حکومەت، پێشبینی دەکرێت بارودۆخی دارایی و ئابووری هەرێم لە ساڵی داهاتوو "زۆرباش" ببێت.
ئەمیر بەکر قەساب، سەرۆکی سەندیکای ئابووریناسانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بەپێی هەموو پێشبینییەکان لە ساڵی داهاتوودا نرخی نەوت لە نێوان 55 تاکو 60 دۆلار جێگردەبێت، بەمەش کێشەی دارایی هەرێم زۆرباش دەبێت، بەڵام پێویستە حکومەتی هەرێم لەو چاکسازیانەی کە بەنیازە ئەنجامی بدات، سەرکەوتوو بێت و پاشەکشە نەکات".
ئەمیر قەساب، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەرچەندە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە مانگی تشرینی دووەمی 2016 بەرمیلێک نەوتی بە 16 دۆلار و 600 سەنت داوە و بەشێکیش لە داهاتی نەوتەکەی داوەتەوە کۆمپانیاکان نەوت، بەڵام دەبێت حکومەت نرخی نەوتەکە بەرزبکاتەوە چونکە لە ئێستادا نرخی نەوت لە بازاڕەکان لە 52 دۆلار نەهاتۆتەوە خوارەوە.
سەرۆکی سەندیکای ئابووریناسان ڕوونیکردەوە، دەبێت گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ تورکیا و کۆمپانیاکانی نەوت ڕوونبکرێتەوە و شێوازی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش لەرێگەی تورکیاوە ڕوونبکرێتەوە.
- 18-12-2016