شاهۆ حوسێنی
پێشەکی: ئەگەر لەپلەی یەکەمی شوێندانەرترین کۆرگێرانی بەستێنی سیاسی، حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی جێیگرتبێت، ئەوا بێشک بیرمەندانی سیاسی، خاوەن فکران و ڕووناکبیرانی ڕەخنەگر لە حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی لە پلەی دووهەمدا دێن، لەراستیدا حکوومەتەکان و دەسەڵاتەکانی سیاسی هەموو کات لەلایەن خاوەن فکران و بیرمەندانی سیاسیرا زۆرترین هەرەشەیان لەسەر بوە و قوڵترین کێشە و قەیرانیشیان هەر لەلایەن ئەم چینەوە بۆ ساز بوە، واتە لەگەڵ سەرهەڵدانی حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی لە کۆمەڵگای بەشەر، هزر و ئەندێشەی ڕەخنەگرانەش بۆ سنووردار کردن وە یان لەناو بردنی دەسەڵاتی حاکم سەری هەڵداوە، بێگومان یەک لەو هزر و بیرە ڕەخنەگرانەی کە لەپاش گەشە و پەرەی دەوڵەتی موتڵەقی مۆدێرن سەری هەڵداوە ئانارشیسمە، کە دەسەڵات و حکوومەت بە هۆکاری سەرەکی کێشە و قەیرانی کۆمەڵگە پێناسە دەکات و هەر بەو هۆکارەش لەسەر بنەمای دژایەتی دەسەڵات و دەسەڵات ستیزی، خوازیاری لەبار بردنی یاسا، دەسەڵاتی حکوومەتی و حکوومەتە. لەراستیدا ئانارشیسم یەک لەو هزر و ئایدۆلۆژی سیاسی و کۆمەڵایەتیانەیە کە لەگەڵ دارمانی مێژوویی، هەمووکات لەرواڵەتێکی نوێ و لە کۆمەلگەیەکدا سەری هەڵداوەتەوە و سەرهەڵدەداتەوە. خۆسەری دموکراتیک بەدیلیک بۆ کۆمەڵگای بێ دەوڵەت: باکۆنین وەک ئانارشیستێکی دژە دەسەڵاتی ناوەندی و حکوومەت، لەسەر ئەو باوەرە بوو کە گەشە و پەرەی ئازادی و ڕزگاری تاک لە سیستمییکی کۆمەڵایەتی خۆسەر دایە کە بەشیوەیەکی ئیجابی، خۆرسک و بە دوور لە هەر جۆرە دەسەڵاتێکی حکوومەتی، لەلایەن چین و توێژەکانی کۆمەڵگاوە لەسەر ئەساسی فرەیی چێینەکان و بە دوور لەدەسەڵاتێکی نەزم دەر بەو فرە سیستمانە پێک دێت، لەراستیدا پێکهێنانی کۆمەڵگەی فێدراڵی و خۆسەر لە ئەندێشەکانی باکۆنین ڕا هاتەناو ئانارشیسم، ئەوان باوەریان بە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی بوو کە لەخۆارێ(کۆمەڵگا) ڕا بۆ سەرێ ڕێکدەخرێ نەک لەسەرێ ڕا بۆ خوارێ، چوون لەسەر ئەو باوەرە بوون کە ڕێکخستنی کۆمەڵگاکان لەسەرێ ڕا بۆ خوارێ بەرهەمی عەقڵانییەت و هزری سەرمایەداری و لە خزمەت بەرژەوەندێکانی سەرمایەداری دایە، و دەوڵەت-نەتەوەش وەک بەرهەمی عەینی، هزر و عەقڵانییەتی سەرمایەداری نەتەنیا ناتوانێ پێکهاتەیەک بۆ پاراستن و گەشەی ئازادی ڕاستەقینەی تاک و کۆمەڵگا بێ کە تەواو لە خزمەت بەرژەوەندی سەرمایەداری دایە، خۆسەری دیموکراتیک وەک پرۆژەیەکی دژە دەوڵەت، سەرمایەداری و خوازیاری ئازادی و عەداڵەت لە باکۆنینەوە گەیشتە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆسەری دیموکراتیک لە کوردستان: پاش کەوتویی و هەژاری باکور بە هۆی دەسەڵاتێکی فاشیست، سەرمایەدار و پێوەندی دار بە ڕۆژئاوا، وەک بەستێن دەتوانێ لەخۆ گری هەوێنی بزاڤێکی ڕادیکالی چەپی لێنینستی بێ کە وەک هزر و ئەندێشەیەکی هێژمۆنی دژە سەرمایەداری لە جیهاندا بوونی هەبوو(لێرە مەبەست تەنیا ئاماژەیە بە زەمینە و بەستێن، ئیتر باسی گونجاو بوون یان نەبوونی ئەو بژاردەیە ناکرێ)، بۆیەش لە دەیەکانی حەفتادا بەدامەزارانی پارتی کرێکاکارانی کوردستان، بنەمای بزاڤیکی لێنینیستی پێک دێت، بەڵام زۆری ناخایەنێ کە ئەو بزاڤە لە گەرمەی شۆرش بە دژ دەسەڵاتێکی فاشیستی سەرمایەداردا شاهیدی تێکقرمان و دارمانی ناوەندی هزری و عەینی ئامانجەکانی واتە یەکێتی سۆڤییەت دەبێ، بەڵام ئەو دارمانە هیچ شتێک لە ڕەوا بوونی دژایەتی و شۆرش بە دژ سەرمایەداری و دەرکەوتەکانی لە ئەندێشەی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا ناگۆرێ، ئەو دۆخە دەبێتە سەرەتای وەرچەرخانی هزری عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە لێنینیسم وەک کەرەسەیەک بۆ چارەسەر کردنی کێشەی نەتەوەی کورد، لەراستیدا ئۆجەلان لەگەڵ ئەو وەرچەرخانە ماڵئاوایی لە ناسیونالیسم و چارەسەری کێشەی نەتەوەیی کورد دەکات، چوونکە ئانارشیسم بە هێنانە ئارای فێدرالیسمی دێموکراتیک و خۆسەر بنەمای هزری ئازادی کۆمەڵگا و تاک لەدەرەوەی نەتەوە دەدات، واتە ئەوەی لەو بەشەدا گرینگە، خەبات بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتێە بە هۆی مرۆڤ بوون نەک بە هۆی پێناسە کردنی لە چوراچیوەی پێکهاتەیەکدا بەناوی نەتەوە، بەڵام ئۆجەلان لەو وەرچەرخانەشدا هەر لە لایەن و بەرەی سۆسیالیستەکاندا دەمێنێتەوە و ئەم جارە هەولدەدات وەک ئیدئۆلۆگێک لەژێر کارتێکردنی ئانارشیسمی باکۆنین و مۆری بۆکچیندا نەک شوێن کەوتوویەکی موریدانە بێ، کە هزر و ئەندێشەی ئانارشیستە کۆمەڵ خوازەکانی وەک باکۆنین و بۆکچین لەگەڵ واقعییەتەکانی کۆمەڵگای کوردی گرێ بداتەوە. ئاکام: ئەوەی ڕاستی بێت بنەما و کاکڵی سەرەکی هزری خۆسەری دێموکراتیک لە ئەندێشەی باکۆنیندا پێداگری لەسەر خۆرسک بوونی بوو، واتە ڕەوتێک کە بە هۆی ئاگایی و هەست بە زەروورەت کردنی لەلایەن ئەندامانی کۆمەلگاوە سەرهەڵدەدات، نەک بەهۆی دەسەڵاتێکی حکوومی یان حیزبی، سووکە ئاورێک لە ئەندێشە و هزری باکۆنین و بۆکچین دەرخەری ئەو ڕاستێیە کە حیزبیکی سیاسی شۆرشگێری چەکدار و شۆرشگێرانی حیرفەیی هیچ باسێکیان لە ئەندێشەکانی باکۆنین و بۆکچین دا نیە، بەڵام دەبینین کە ئەوەی ئەمرۆکە لە ڕۆژئاوای کوردستان سەری هەڵداوە نەک بەرهەمی خۆرسک بوون و گەیشتنی زەینی کۆمەڵگا بەو قەناعەت و ئاگاییە کە بەرهەمی دەسەڵاتی حیزبیکی سیاسی و شۆرشگێرە، دەشێ بگوترێ لەو بەشەدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕەنگە لەژێر تەئسیری کاری لێنین بووبێ، (بە جۆرێ کە لەگەڵ ئەوەدا مارکس هزر و ئەندێشەی مارکسیسمی بۆ ڕۆژئاوا و جیهانی پەرەئەستاندوو گەڵاڵە کردبوو، کە بەشێوەی سەربەخۆ و بە هۆی گەیشتنی کۆمەڵگا بە ئاگایی لەخۆراێ ڕا بۆسەرێ کۆمەڵگا تووشی ئاڵوگۆری دەکات، بەڵام لینین بە دامەزراندنی حیزبیکی شۆرشگیر و بە پاساوی ڕێنونی کردنی کۆمەڵگا بە هۆی حیزبێکی شۆرشگێر و لەلایەن شۆرشگێرانی حیرفەییەوە، بەستێن و زەمینە بۆ گوزار بەرەوە کۆمۆنیسم لەسەرێ ڕا بۆ خوارێ دەرەخسێنێ) واتە لەگەڵ ئەوەدا هیچ بەستێنیکی هزری، زانستی و کۆمەڵایەتی خۆسەری دێموکراتی لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستاندا بوونی نەبوو، (چوونکە ئەساسەن باکۆنین خۆسەری دێموکراتیک بۆ ڕۆژئاوای سەنعەتی و پەرەئەستاندووگەڵاڵە و پێشنیار کردبوو)بەڵام لەلایەن حیزبێکی شۆرشگێری هێژمۆنی نیزامی-هزری وەک مۆدێلێک دادەمەزرێ، ئۆجەلان ڕەنگە بەو قەناعەتە گەیشتبێت کە بەکەڵک وەرگرتن لە حزیبێکی سیاسی و شۆرشگێر دەکرێ کۆمەڵگا ڕێنوێنی بکەن بەرەوە ئەو ئاگایی و زەروورەتە و بەشێوەی باز(جهش) بگەنە ئامانجەکانیان. بۆیە لە ڕۆژئاوا حیزبێکی سیاسی خاوەن دەسەڵات و هێژمۆن پێکهێنەر وپەرە پێدەری ئەو فۆرمەیە، لە کاتێک دا لە هزری باکۆنین وئانارشیستەکاندا بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بە زەروورەتی بوونی حیزبێکی شۆرشگێر نەکراوە، ئەوان لەسەر ئەو باوەرە بوون کە حیزبێکی کرێکاری دەبێتە هۆی بەلارێ دا چوونی بزاڤی ئانارشیستی و پێکهاتنی فۆرمێکی تازەی حکوومەت دەبێ، واتە لە ئانارشیسم دا باس لە تاکتیکی تەبلیغ کراوە، بۆ پێگەیاندن و بەئاگا کردنی کۆمەڵگا، ئامانجی سەرەکی ئانارشیستەکان لە پێکهێنانی کۆمەڵگای فێدراڵی خۆسەر سرینەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لەسەر کۆمەڵگایە، بەڵام دەبینین کە لە ڕۆژئاوا بەهۆی خاوەن دەسەڵات بوونی حیزب و هێژمۆن بوونی حیزب، حیزب لە جێگای دەوڵەت دادەنیشێ و دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنێ. لە ڕاستیدا ئەو ڕەوتە لەژێر کاریگەری هزری لێنینیستی دا هاتۆتە ئاراوە، لێنین لەسەر ئەو باوەرە بوو کە هیچ کات بەربەرەکانی ئابووری ڕێکخراوەکانی کرێکاری ناتوانێ لەغیابی ڕێبەری حیزبێکی شۆرشگێردا ببێتە بزاڤێکی سیاسی تەواو، بۆیە ئەوانیش بەو قەناعەتە گەیشتن کە بەهۆی پاش کەوتوویی کۆمەڵگا و هەژاری باری زانستی و ئاگایی کۆمەڵگا، پێویستە حێزبێکی شۆرشگێر، پشتیوانی هزری و کردەوەیی بۆ کۆمەڵگا برەخسێنێ تا کۆمەڵگایەکی فێدرالی خۆسەر بەدی بێت. ئەوەی جێگای ڕەخنەیە ئەوەیە کە بەپێی یاسای ئاسنینی ئۆلیگارشی ڕۆبێرت میخێلێز، بەرەبەرە کە دەسەڵات سەقامگیر دەبێ و بەرژەوەندێکانی ئابووری و سیاسی سیمایەکی جیددی تر و ڕوونتر بەخۆوە دەگرن، ڕێبەران و پلەدارانی باڵای دەسەڵات بەرژەوەندی هاوبەش پەیدا دەکەن و بەرژەوەندێکانیان لەگەڵ بەرژەوەندی چین و توێژەکانی خواروو دەکەوێتە دژایەتی و بەو شێوەیە ڕەوتی پاوانخوازێتی دەگرنە بەر و دەبنە دیکتاتۆر. ئاخۆ ئەو ڕەوتەی ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان هاتۆتە ئاراوە دەبێتە ئیستسنا و لە یاسای ئاسنینی ئۆلیگارشی میخێلێز لادەدات، یان ئەویش بەرەبەرە و لەگەڵ سەقامگیرتر بوونی بەهەمان شەقام و ئاراستەدا دەروات؟ ئەزموونی ئەو ئەو جۆرە ئاڵوگۆریانەی کە لە سەرەوەرا و بەشیوەی دەسەڵاتێکی حکوومی یان حیزبی پێکهاتوون ئەزموونیکی سەرکەوتوو نەبوون، ئاخۆ خۆسەری دیموکراتیکی ڕۆژئاوا دەبێتە نموونەیەکی ئیستیسنا؟
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 2,790 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!