جەماوەری خەڵکی کوردستان
بڕیاری بەفەرمی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان هاوشانی ئاڵای عێراق لەسەر دامودەزگاکانی کەرکووک لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکەوە مایەی خۆشحاڵیەو ولەم ڕۆژەدا گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و جەخت دەکەمەوە کە پێویستە هەموومان پارێزەری ئاشتەوایی و پێکەوەژیان بین لە ناوچەکە.
کوردستانیانی خۆڕاگر...
بەدرێژایی مێژوو و سەرجەم شۆڕشەکان، گەلی کورد و قارەمانانی لەپێناو شەکانەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان جەنگاون، گیان و خوێنی ئاڵی خۆیان بەخشیوە لەپێناو هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر هەربستە خاکێکی وڵاتەکەمان بەتایبەت شاری کەرکووکی قودس و سەری کوردستان، هەروەک خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگەی کوردستان لە جەنگی پاراستنی کەرکووک و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستان و دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر دانیشتوانەکەی و دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ گشت پێکهاتە جیاجیاکانی ئەو شارە خۆڕاگرە، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە کەرکووک کوردستانییەو پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکان پارێزەری سەرجەم نەتەوەو پێکهاتەکانن بەبێ جیاوازی، بۆیە ئەمڕۆ کە لە کەشێکی تەواو دیموکراسیدا لەلایەن ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای کەرکووکەوە کە نوێنەری ڕاستەقینەی ئەو شارە قارەمانەن دەنگ دەدرێ بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی لەسەر گشت دامەزراوە حکومیەکان و ناحکومیەکان، پێویستە لەسەر هەموومان بە شانازییەوە ئەم ئاڵایە هەڵبکەین و لەسایەیدا سەرجەم پێکهاتەو نەتەوە جیاوازەکان بە ئاشتەوایی بژین و ئازادی و دیموکراسی بۆ هەمووان بەرقەرار بێ.
جارێکی تر پیرۆزبایی لە تەواوی کوردستانیان دەکەم و دروود و سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو قارەمان و تێکۆشەرانەی لەپێناو ئازادی و شەکانەوەی ئاڵای کوردستاندا گیانی خۆیان بەخت کرد.
کۆسرەت ڕەسول عەلی
جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
29-03-2017