پردی #تەقتەق# بناسە؟
پردی تەقتەق، ڕایەڵی بەیەک گەیاندنی (شوان و ساڵەیی و شێخ بزێنی)ی شاری #کەرکووک#ە بە شارۆچکەی تەقتەق و #کۆیە# و #ڕانیە# و #قەڵادزێ# و باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری #هەولێر#، بۆ کەڵک وەرگرتن لەکات و نزیک بوونەوەی ناوەڕاستی ئێراق بەسنووری (ئێران-ئێراق) بیرۆکەی سەرەکی بنیات نانییەتی. ساڵی (1954) کۆمپانیایەکی عەرەبی لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی سەردەمی (مەلیکە گچکەلە) فەیسەڵ کوڕی غازی ڕوپێو (مسح) ی جیۆلۆجی باشووری (تەقتەق)ی کردووە شوێنی ئێستای پردەکە، بۆدڵنیابوون لەتوانای بەردەکان وخاکەکەی، دواتر کۆمپانیای (بیتۆن مونیر باو) ی ئەڵمانی دەستی کردووە بەبنیاتنانی پردەکە. ئەم پردە پێکهاتەکەی لەدوازدە پایەی (دینگە) ڕاگر پێکهاتووە کە دوازدە پلێت لەژێر زەویدایە، هەر پلێتە و درێژی بەمەترێک مەزندە دەکرێت، نێوپایەکان بەپێبلیکانە (پەیژە) دەتوانێت بچیتە نێویانەوە، ئەم دینگانە پردەکەیان کردووە بەحەوت بەشەوە، ئەم بەشانە لەسەرەوەی پردەکە بەچواردە کەوانەی کەمەرەییەوە بە یەکەوە گرێدراون بۆ ئەوەی قوورسایی پردەکە بە یەکەوە بەستراوی بگوێزنەوە سەردینگەکان واتا (ستونی و ئاسۆیی) جگە لەمەش هەربەشە پردێک (20 سم) نێوانیانە بۆکشانی هاوینە لەلایەک و ئەگەر بەشێکیان کەوت یادووچاری داڕمان یاوێرانکردن بێ کار لەبەشەکانی تر نەکات، زۆربەی کەرەستەی بەکارهاتوو لەبنیاتناندا شیش و چیمەنتۆ و پلێت بەکار هاتووە ئەڵمانەکان زۆر بەووردی و ئەندازیارانە کارەکانیان ئەنجام داوە، بۆ نموونە (مستەر شومایزە) سەرپەرشتی میکانیکی کردووە وەک ئامێرەکان، (مستەر وڵی) سەرپەرشتی کەرەستەی چیمەنتۆ و شیش و پلێتی کردووە، (مستەرئەلفرێد) بە هاوکاری (هاری و بلفکان) هەموو کارەکانی نەجاڕی لە ئەستۆ بووە، مستەرهێرد ئەفسەرێکی ئەندازیاری سەربازی سەردەمی هیتلەر بووە سەرپەرشتیاری کۆمپانیای (بیتۆن مونیر باوی) کردووە بە هاوکاری (مایگەرد) ئەندازیاری شارستانی کەیاریدەدەری بووە، لەگەڵ هەموو ئەمانەش (مستەر سۆبەر) کەئینگلیزێکی خەڵکی سکۆتلەندا بووە کارووباری گشتی پردەکەی لەئەستۆدا بووە، هەموو ئەمانە لە ساڵی 1956 لەقەڵاتەی ئەمڕۆ لەنێو کەمپدا سەرپەرشتیاری پردەکەیان دەکرد، ئەوان توانیان شوێنی ئێستای قەڵاتە بەو شێوە جوانە ڕێک بخەن، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ ئەم قەڵاتەیە دووچاری نەمان و لەناوچوون هاتووە! ڕۆژانەی کرێکار لە (200) فلس تاوەکوو و (1000) فلس بووە، واتا دیناری شینی ئێراقی بۆیە ئەوکات خەڵکی ناوچەکە دەیان وت گۆمەشین دیناری شین چونکە ئەو گۆمە شینە زووتر تەنیا ئەگەر هاوینان خۆیان تێدا فێنک کردبێتەوە کەچی بەهۆی ئەو کرێکاریەوە خەڵکی ناوچەکە بوژانەوە، جگە لەمرۆڤەکان گوێدرێژەکانیشیان ڕۆژانە کاتێک بارەچەوی بەستی ئەوکاتی تەقتەقیان هێناوە (200) فلس و خاوەنەکانیان (600) فلسیان وەردەگرت. ئەم کرێکارانە ڕۆژانە سێ شەفت کاریان کردووە هەر شەفتەو (8) کاتژمێر، لەنێوان (200-800) کرێکار لەهەر شەفتێکدا، ئەم پردە گوژمەی (750000) دیناری ئێراقی بۆ تەرخان کراوە، یەک دیناری ئەوکات (3-4) دۆلاری ئەمریکی بووە، لەئەنجامی لافاوێکی بەهارەی زێی بچوک بەشێک لەکارەکان زیانیان بەرکەوت بۆیە شەریکەی (تأمین) 150000 دیناری تری بۆ تەرخانکرد ئەم پڕۆژە گەورەیە وەزیری ناوخۆی ئێراقی ئەو سەردەم (سەعید قەزاز) سێ جار سەردانی کردووە و لەگەڵ کۆمپانیاکاندا کۆبوونەوەی لەتەق تەق کردووە. ئەگەرچی مام ڕەفیق کوێخا ڕەشید دەڵێت لە 01-01-1958 تەواو بووە و وەرگیراوە، بەڵام وێنەگری چنارۆک بەکامێرای (عەلی حەمەد ئەمین) وێنەیەک لە ساڵی 1957 گیراوە کەبەشداربووانی ئاهەنگی کردنەوەی پردەکە دەخاتەڕوو کەپێک هاتووە لە (د. فەخری دەباغ، مەحمود زیاد ئاغا، عەلی مەولود معاونی پۆلیسی کۆیە، هادی ڕەشید چاوشلی قائیمقامی کۆیە، شەفیق سابیر، کاکەزیاد ئاغا، حاکم بایز ئاغای دزەیی، سوعاد تاڵەبانی بەڕێوەبەری شارەدێی تەقتەق، عەبدولحەمید حاجی مەلا تۆفیق، مستەفا بەگ، نوێنەری موتەسەریفی کەرکووک، ئەندازیار مەجید عومەر) ، ئەم پردە دوای (56) ساڵ لەتەواوبوونی ئەگەر (60-65) تەنی بەسەراببڕێت ئینجا (2-2، 5) ملم دادەبەزێت.[1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 11,456 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!