لەیادە مەزنەکەدا، پەیامێک بۆ مامی مەزن
سڵاو باوکە گیان، هەڤاڵ #مام جەلال#
ئەمڕۆ هەموومان پێکەوە یادی پڕ شکۆی ئه و حزبە مەزنە دەکەینەوە، کە 42 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ هاوڕێ و هاوڕێبازەکانت لەدژوارترین بارودۆخدا کۆڵەکەکەیتان دامەزراند، ئەوەی ئێوە کردتان تەنیا دروستکردنی هێزێکی سیاسی و چەکداری و پارتیزان نەبوو، بەڵکو بەهەموو مانایەک هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی نوێ بوو، شۆڕشێک کە هەموو خەڵکی کوردستان پشتیوانیان کرد هەر لەشوێنکردنەوه و بەشکردنی پارووە نان، تادەگاتە گیانبەخشین، بۆیە لەمڕۆژەدا پیرۆزبایی لەتۆ و هەموو کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگه و کەمئەندامانی سەنگەر و زیندانییە سیاسییەکان و ڕێکخستنە دێرینەکان و هەموو هەڤاڵانی یەکێتی نیشتیمانی و گشت خەڵکی کوردستان دەکەم.
خۆشبەختییەکی گەورەیە کە مەشخەڵەکەی ئێوە تائێستاش گڕەی دێت و وەک خۆت فەرمووت یەکێتییەکان بەهەق سەلماندیان سەفین لەبن دێ، بەڵام یەکێتی لەبن نایێ.
وەک چۆن جەنابت لەرۆژە سەخت و دژوارەکاندا هەمیشە هیوا و گەشبینیت دەبەخشییەوە، پڕ بەدڵ حەزم دەکرد منیش ئەمڕۆ لەم نامەیەدا مزگێنی باشیی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و مرۆییت پێبدەم، بەڵام بەداخم به و شێوەیە نییه و دڵنیام هەموو شتێک بەدڵی تۆ نییە، بێهیوایی لەهەندێ ڕەفتار و گفتار هەندێجار زۆربەمان دەگەیێنێتە ئه و بڕوایەی بڵێین ئەم بارە لارە تەنیا بەگۆچانەکەی مام ڕاست دەکرێتەوە.
پڕ بەدڵ حەزمان دەکرد بارودۆخی حوکمڕانیمان بەشێوەیەک بووایە کە خزمەتی زیاتری خەڵکی کوردستانمان بکردایە و گوزەرانێکی شایسته و گونجاومان بۆ هەمووان دابین بکردایە، بەڵام زروفی شەڕ و قەیرانی ئابوری لەدەرەوەی ئیرادەی خۆمان بارودۆخەکەی شێواند و بوونە مایەی بارگرانی بۆ خەڵک، بەدڵنیاییەوە ئەمەش خەتای ئێمەی تێدایه و وەک چۆن شانمان داوەتە بەر باری ئه و ئەرکە، دەبێت بەرپرسیارێتییەکەشی هەڵبگرین.
مامە گیان، ئێوە بۆ من تەنیا باوکێک نەبوون، بەڵکو مامۆستا و خوێندنگا و ڕێبازێک بوون کە شوێنکەوتنی هەمیشە مایەی شانازی و سەربەرزییە، ئەگەر سەرکەوتنێکمان بەدەستهێنابێت لەچاوی حیکمەت و دنیابینی تۆ دەیبینین، ئەگەر دوچاری شکستێکیش هاتبین ئەوا بەهۆی غیابی تۆوەیە کە حەوسەڵە و ئۆقرەیی لێ بڕیوین.
ئه و مێژووە پڕ شکۆیەی ئەمڕۆ یەکێتی پێی گەیشتووە، لەسێبەری فەلسەفەی بەڕێوەبردنی تۆدایە، هەر تۆ فێرت کردین وڵاتمان لەخۆمان زیاتر خۆش بوێت و یەکێتی نەکەینە ئامانج، بەڵکو وەسیلە بێت بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
هەرچەندە هەموومان سورین لەسەر پەیام و ئامانجەکەت، بەڵام ساڵ بەساڵ پشوودان و غیابی تۆ زیاتر پێوەمان دیاری دەدات، ئێستا لەوە تێدەگەین چۆن لەچەقی قەیرانەکاندا بەهەنگاوێکی ژیرانە ئاشتەواییتان دەخستە نێوماڵی کورد و دڵی هەموو خەڵکیتان خۆش دەکرد.
لەدوای ساڵانی شەڕی ناوخۆ، ئەوەندە بەس بوو بۆ ئەوەی حیکمەت و مەردایەتی بنوێنیت و بەدوو ئۆتۆمبێلەوە ڕوو لەسەری ڕەش بکەیت و لەگەڵ کاک مەسعود خاک و ئیدارەی باشووری کوردستان یەک بخەیتەوە.
پاش ماوەیەک لەنیگەرانی و دڵئێشان، هەر تۆ بوویت لەگەڵ کاکە نەوەی ڕۆح شادی هاوخەبات و هاوسەنگەرت ئاشتبوونەوەی یەکێتی و گۆڕانتان ڕاگەیاند و ڕێککەوتننامەیەکی نیشتیمانیتان هێنایە بەرهەم.
زۆر بەداخم کە ئەمساڵ لەکاتێکدا یادی یەکێتی دەکەینەوە کە هاوڕێی دێرینی تۆ و یەکێ لەدامەزرێنەرانی حیزبەکەمان، کاکە نەوە جێی هێشتوین، چاومان لەسەر ئەوە بوو ئەمساڵیش وەک پار بەحزوری جەنابت بهاتایە بەشداری خۆشییەکەی لەگەڵ بکردینایە و لەگەڵ هاوخەباتە دێرینەکانیدا دەستی سەرکەوتنیان بەرز بکردایەوە، بۆیە وەک پێشتریش وتومە، وەفاداری بۆ مام جەلال و کاکە نەوە بەوە دەبێت ڕێز لەئیمزاکەیان بگرین و ڕێککەوتننامەی یەکێتی و گۆڕان وەک ئەوەی ئەوان خواستیان بوو جێبەجێ بکەین.
باوکە گیان، ڕاستە غیاب و پشووی ناچاریی تۆ هەموومانی شەکەت کردووە، بەڵام بەوە سەربەرزین فێری خۆڕاگری و تۆکمەییت کردوین و ڕێبازێکت داڕشتووە کە چەند بکەوین بەهێزتر هەڵدەستینەوە و درێغی ناکەین لەخزمەتکردن لەپێناو خێروخۆشی و تەبایی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
سوپاس کە هەمیشە پشتیوانمان بوویت، لەوەفای ئه و دڵسۆزییەی تۆشدا بەهەزاران کادیر و لایەنگری چست و چالاکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەڵێنی دڵسۆزی بۆ ڕێبازەکەت دووپات دەکەنەوه و دڵنیابە کۆڵ نادەین تا یەکێتی و کوردستان دەبەینەوە سەر لوتکەی سەرکەوتنەکان.
کوڕی موخلیست
#قوباد تاڵەبانی#
01-06-2017