میران قادر ئەحمەد
گەر ئەوین لە مانا گشتییەکەیدا گێڕانەوەی چیرۆکی وابەستەبوونی ڕۆحی دوو ئینسان بێت بە یەکتر، ئەوا لە تێگەیشتنە ئاینی و ڕۆحانیەکەیدا مانا و دەلالەتی قووڵتری هەیە کە خۆی دەبینێتەوە لە وابەستەبوونێکی ڕۆحیی سەرمەدیی تاک بە عەشقی ئیلاهییەوە، بەجۆرێک کەسی عاشق لەهەوڵی بەردەوامدایە لەپێناو پڕکردنی کاسەی ئەوینی خۆی بۆ مەعشوقەکەی کە خواوەندە، بۆ پەیبردن و بڕینی قۆناغەکانی ئەم ئەوینەش ئەویندار پێویستی بەخاڵیکردنەوەی ڕۆحی هەیە لەتەواوی ئەو گەرد و بەربەستانەی ئاستەنگن لەبەردەم گەیشتن بەدوا هەنگاوەکانی ئەم چێژە ڕۆحیە نەبڕاوەی کە خۆی لەعەشقی تاکلایەنەی خوداوەنددا دەبینێتەوە.
لەڕۆمانی (چل ڕێساکەی عەشق)دا نووسەری تورک (ئەلیف شەفەق) ئاشنامان دەکات بەو ڕێسایانەی پێشمەرجن بۆ گەیشتنە ترۆپکی ئەو عەشقە خواییەی تەنها نوخبەیەک لە سۆفی و عاریفان لە سەردەمە جیاوازەکاندا توانیویانە لەنێو بەحری ئەو ئەوینە ڕۆحانییەدا مەلە بکەن، هاوکات و لەڕێگەی باسکردنی چیرۆکی بەیەکگەیشتنی شەمسی تەورێزی و مەولانا جەلالەدینی ڕۆمییەوە تیشک و سەرنجی زیاتر دەخاتە سەر ڕێگەکانی پاکبوونەوەی ڕۆح و ڕاگەیاندنی شەڕ دژ بەو خواستە شەیتانیەی دەیەوێت نەفسی ئینسان وەک یەکەیەکی گوناهکاری قازانجویستی ئارەزووپەرست بهێڵێتەوە و لەمپەر لەبەردەم ڕێگەکانی پەیوەندی لە نێوان ڕۆحی مرۆڤ و خوادا دروست بکات، بەگوێرەی گێڕانەوەی دەقەکانی ڕۆمانەکە، شەمسی تەورێزی کوڕی خانەوادەیەکی مامناوەندی موحافیزکاری شاری تەورێزی ئێرانە و هەر لە منداڵییەوە لەڕێگەی بینین و گێڕانەوەی خەونە سەیرەکانیەوە خێزانەکەی دەخاتە بەردەم ڕاڕایی و گومانێکی زۆرو لە ئاکامیشدا لەژێرکاریگەریی ئەو فشارانەی دەخرانە سەری، بڕیاری جێهێشتنی خێزانەکەی دەدات و وەک سۆفیەکی گەڕیدە و لێکدەرەوەی خەونەکان، گەشتی شارو وڵاتە جیاوازەکان دەکات و دەبێتە خاوەن ئەزموونێکی قووڵ لە بوارەکانی ئەستێرەناسی و زانستی کەلام و لۆژیک و گەردوونناسی.
خەونی شەمس کارکردن بوو بۆ ڕزگارکردنی نەفس لە بارتەقای ئەو حەزە شەیتانیەی دەیویست ڕۆحی ئینسان وەک ئەڵقەیەکی تەماعکاری گوێ لەمستی کۆنتڕۆکراو بمێنێتەوە، هەرچی پەیوەستە بە مەولانای ڕۆمییەوە، ئەو کوڕی خێزانێکی ئەفغانییە کە دواتر کۆچ دەکەن بۆ شاری قۆنیای تورکیا و خێزانەکەی دەبێتە خاوەن پێگەیەکی ئاینی و سیاسیی گەورە و مەولاناش لەڕێگەی وتارەکانیەوە دەبێتە جێگەی ڕێزو خاوەن هەژموونی ئاینیی گەورە لەسەرئاستی دانیشتووانی ناوچەکەی خۆی، بەڵام تا پێش ناسینی شەمس ناتوانێ درک بەئازارو مەینەتییەکانی کەسانی دەوروبەری بکات، هەرئەمەش هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی بەردەوام هەست بە بۆشاییەکی ڕۆحی بکات و وێڵی دۆزینەوەی نیوە ونبووە ڕۆحیەکەی خۆی بێت، ڕێساکانی عەشق باسکردنە لەو ڕێگەیانەی پردی پەیوەندی دروست دەکەن لەنێوان خوا و بەندەکانی، لە ڕوانینی شەمسدا سرووتە ئاینییەکان ناتوانن سنووری ڕووکەشی ئینسان ببڕن، هەربۆیە پێیوابوو بڕواداری ڕاستەقینە دەبێت دەست بە گەشتێکی ئیمانی ڕۆحانی بکات ڕووە و ناواخنی خۆی و زاڵ بێت بەسەر ئەو ئارەزووبازی و تەماعە دونیاییانەی ئینسان وەک کۆیلەی حەزەکانی دەهێڵنەوە.
هەروەها بۆ گەیشتن بەدوا پلەی سۆفێتی، دەبێت تاک سەرباری فەرامۆشکردنی ئارەزووەکانی، بە قۆناغەکانی بەرەنگاربوونەوەی نەفس و قوربانیدان بە غەریزەکانی و پشتکردنە چێژەکانی دونیادا تێپەڕبێت لەپێناوی مسۆگەرکردنی بەختەوەرییەکی ڕۆحیی جاویدان و نەبڕاوە، بەڵام پێچەوانەی ئەم بیرکردنەوەیە، ڕۆمی وای دەبینێ کە عیبادەت و ئەرکە ئاینییەکان دیاریکەری باوەڕی ڕاستەقینەی تاکەکانن، هەربۆیە تا پێش ناسینی شەمس، سنووری پەیوەندییەکانی تەنها لەگەڵ ئەو کەسانەدا بوو کە ئامادەی سرووت و ڕێوڕەسمەکانی مزگەوتەکەی بوون، بەڵام پاش ناسینی شەمس، گۆڕانێکی جەوهەری بەسەر تێڕوانینە ئاینییەکانیدا هاتن کە ڕۆژ دوای ڕۆژ بازنەی پەیوەندییەکانی مەولانای بە موسوڵمان و هاموشۆکەرانی مزگەوتەکەیەوە بەرتەسکتر دەکردەوە، شەمس توانی هەژانێکی کاریگەر لە ڕوانینەکانی ڕۆمیدا بخوڵقێنێ و هەر ئەمەش پاڵنەر بوو بۆ پشتکردنە دۆستایەتی دەسەڵاتداران و توێژی باڵادەستی ئەوکاتەی خەڵکی ناوچەکەی خۆی و لەژێر کاریگەریی ڕاوێژەکانی شەمسدا گەڕایەوە بۆ ئامێزی ئەو زۆرینە مافخوراو و پەراوێزخراوەی دڵڕەقی زەمەن و ستەمی دەسەڵات خستبوونییە پەراوێزی ژیانەوە.
شەمس پێیوابوو لەپشت هەر ڕوخسارێکی ستەمکارو تاوانکارەوە دەکرێت نەفسێکی میهرەبانی هاوتەریب بەعەشقی خواوەند خۆی حەشاردابێت. لەژێر کاریگەریی ئەم ڕوانینەشیدا دژی دابەشکردنی کۆمەڵگە بوو بۆ بەرەی کوفر و ئیمان، چونکە بەڕای ئەو زۆرجار بارودۆخێک لە دەرەوەی ویست و دەسەڵاتی ئینسان پاڵنەرن بۆ ئەنجامدانی تاوان، ڕۆمانەکە لەڕووی سیاقەوە گێڕانەوەی ڕووداوێکی مێژووییە و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دوانزەی زاینی، بەڵام تێکەڵ بە ڕووداوگەلێک کراون کە مێژووەکەیان بۆ سەدەی بیست و یەکەم دەگەڕێتەوە، ئەگەرچی بابەتی سەرەکی ڕۆمانەکە باسکردنە لە ڕێگەکانی بەدەستهێنان و مسۆگەرکردنی عەشقی خواوەند.
بەڵام لە پەراوێزەکەیدا باس لە چیرۆکی خۆشەویستیی ژن و پیاوێکیش دەکات کە هەریەکەیان کوڕی ژینگە و دابەشبوونێکی جوگرافیی جیاوازن و هەریەکەشیان سەر بە توێژێکی جیاوازی دوو کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایین، ئەویش خۆشەویستی (ع. ز. زاهارا)یە کە کەسێکی بە ڕەچەڵەک سکۆتلەندیی نیشتەجێی هۆڵەندایە و پاش نووسینی ڕۆمانی (کفری شیرین) کە باس لە بەیەکگەیشتنی شەمس و مەولانا دەکات، دەستنووسی ڕۆمانەکەی دەنێرێت بۆ ژنێکی ئەمریکی بەناوی (ئێلا) بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی ئەدەبی بۆ ناوەڕۆکەکەی بکات و دواترو لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی نامەی نێوانیانەوە پەیوەندییەکی خۆشەویستیی قووڵ لەنێوانیاندا دروست دەبێت و سەرئەنجامەکەشی بە هاوسەرگیری تەواو دەبێت. هەوڵەکانی شەمس ڕاگەیاندنی جەنگ بوو دژ بە خواستی ئەو کەمینە موحافیزکارەی ناکۆک بوون لەگەڵ هەر خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ ڕۆڵی زانایان و دامەزراوە ئاینییەکان لە ڕێکخستنی ژیانی گشتی و سەرئەنجام لە هەوڵێکدا شەمس کرا بە قوربانی ئەو تێگەیشتنە نوێیە و بەمەش ڕۆڵی ڕۆمی لە وتاربێژی مزگەوتەوە گۆڕا بۆ شاعیری عەشق و جوانی.[1]
22-09-2017