ەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ئەمڕۆ 19/10/2017 #کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان# و #بزوتنەوەی گۆڕان# بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم هەلومەرجە نەخوازراوەی، کە لە ئەنجامی سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانەو شکستخواردی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و هاوڕاکانیان، بەسەر گەلەکەماندا هاتوە کۆبونەوە. لە کۆبونەوەکەدا جگە لە تاوتوێکردنی ئەگەرەکان، نەخشەرێگایەک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم قەیرانە و دەرچون لەم بارودۆخە داڕێژراو پەسەندکرا.
ئێمە لە کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانین جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەینەوە:
یەکەم: پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی خەڵکی کوردستان، و چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا. دژی هەمو هەوڵو نیازێکین بۆ پارچەپارچەکردنی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوە بۆ دواوە.
دوەم: داوا لە هەمو هێز و لایەن و کەسایەتییە نیشتیمانپەروەرەکانی کوردستان دەکەین، کە هەمومان بەیەکەوە بەرنامەیەکی گشتگیر دابڕێژین بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان و دروستکردنی حکومەتێکی ڕزگاری نیشتیمانی بۆ ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنێکی بێگەردی گشتی بەچاودێری نەتەوە یەکگرتوەکان. هەروەها پشتیوانی خۆمان بۆ ڕاپۆرتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕادەگەیەنین لەمەڕ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی و چەسپاندنی پرەنسیپەکانی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی، لەرێگەی گفتوگۆ.
سێیەم: ئیدانەی هەمو ئەو تاوان و دەستدرێژی و پەلامارانەی هەندێک لە یەکەکانی حەشدی شەعبی دەکەین، کە لەچەند ڕۆژی ڕابردو بەرامبەر هاوڵاتیانی دوزو کەرکووک و شوێنەکانی تر کردویانە و سوکایەتییان بە ئاڵای کوردستان کردوە. پێویستە حکومەتی فیدراڵی ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەوکارانە و تاوانباران ڕادەستی دادگا بکات و بڕیاری پێویست بدات بۆ ئاساییکردنەوەی باردۆخی دوزخورماتو و گەڕانەوەی ئاوارەکان و قەرەبوکردنەوەیان. نابێت ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەم کاتەدا بکرێ بە پاساو بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای دوژمنکارانە بەرامبەر گەلەکەمان و تۆڵەسەندنەوە لە هاوڵاتییانی کوردستان.
بزوتنەوەی گۆڕان
کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان
19-10-2017