ئەی نەتەوە یەکگرتوەکان!
رای گشتی جیهان!
لایەنە عێراقیە نیشتمانپەروەرەکان!
هەروەکو نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهان دانی پێداناوە، دوز#خورماتو#، لەکەرکوک و شارەکانی تر، لەدوای کارەساتی (16/10)وە، زیاتر کەوتۆتە بەردەم ڕقێکی تایفەگەریەوە. هەزاران خێزان ئاوارە کراون. سەدان ماڵی کورد، سوتێنراون، یان دزراون، دەیان هاوڵاتیش شەهید کراون. ئەمە جگە لە بێسەروشوێنکراوان لەناوچەکەداو سوتاندنی زیاتر لە دوو هەزار ماڵی هاوڵاتی.
هەموو جیهان دەزانێ، لەدوای شەڕێ داعشەوە، نەخشەی تایفی هەبوو، دوزخورماتو، هەتا دەگاتە ئامرلی و سلێمانبەگ و یەنگەجە، کۆنترۆڵی تایفی بکرێ. ئێستا، نەک هەر ئەو ناوچەیە، بەڵکو کوردیش بەر ئەو ڕقە شۆڤێنی و تایفەگەرییەی هەندێک گروپی چەکداری توندڕەو کەوتووە، کە بەناوی شیعەوە، دەیانەوێ خۆیان بسەپێنن.
ئەگەر بێت و نەتەوە یەکگرتوەکان و حکومەت و پەرلەمانی عێراق و ئەمریکا فریانەکەون، ئەم ئاگرە تایفییە مەترسیی جینۆسایدکردنی کوردی لەو ناوچە کوردستانیە کێشەلەسەرە لێدەکەوێتەوە. بۆیە:
یەکەم: داوا دەکەین، بەهەموو تواناوە، بەهانای لێقەوماوانی دوزخورماتووە، بچن. بەڵکو وەکو ناوچەیەکی لێقەوماو حساب بکرێ.
دووەم: لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەپەرلەمانی عێراق پێکبێت، بۆ دەرخستنی تاوانەکان و ڕاسپاردنی حکومەت کە ڕێگە بگرێ لە تاوانی زیاترو سزادانی تاوانباران و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوان.
سێهەم: هەقوایە، هیچ کاربەدەستێکی کوردو سیاسییەک و پەرلەمانتارێک، ئامادە نەبن چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی لایەنە چەکدارە تاوانبارەکان بکەن و لەباتی ئەوەی داوا بکەن سزایان بدەن، کەچی سەردانیان دەکەن و ڕێزیان لێدەگرن. جەماوەری غەدرلێکراوی دوزخورماتوو!
خەڵکی کوردستان!یەکێتی، هەر لەسەرەتای شەڕی بەرەنگاری داعشەوە، دژی هاتنی هێزی چەکداری جۆراوجۆر بووە، بۆ ناو دوزخورماتو. هەوڵی زۆریشمان دا، دوای هاتنیان بکشێنەوە. بەڵام بازرگانانی خوێن و فرمێسک، سورتر دەبون لەسەر داگیرکاری و کوشتوکوشتار.
لەدوای (16/10)وە، لەهەموو بارێکەوە، لەگەرمیان و سلێمانی و چەمچەماڵ و هەرشوێنێک خەلچکی لێقەوماوی دوزخورماتو، هانایان بۆ بردبێ، بەهەموو توانایەک، خزمەتمان کردون. ئێستاش، یەکێتی خۆی بە پارێزەری ڕاستەقینەی خەڵکی شارەکەو دەوروبەری دەزانێ، هەرچی لەدەست بێت، لەجیهان و عێراق و کوردستان درێغی لێناکات، هەم بۆ خزمەتکردن و هەم بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەیان.-
سڵاو بۆ شەهیدانی غەدرلێکراوی دوزخورماتو.
-سڵاو لە خەڵکە کۆڵنەدەرەکەی.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
25-10-2017