ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی #خانەنشین# لە #وەزارەتی دارایی و ئابووری#، سەبارەت بە لێدوانی پەرلەمانتاری عێراقی فیدراڵ، بەڕێز (ئەحمەد حاجی ڕەشید)، لەسەر ژمارەی خانەنشینان و میراتگری خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان.
ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین ڕوونیدەکەینەوە؛ بە پێی ئاماری بایۆمەتری (244.000) دوو سەد و چل و چوار هەزار خانەنشین، مووچەی خانەنشینی وەردەگرن لە هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتوون لە خانەنشینانی (فەرمانبەرانی شارستانی، پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ، کارمەندانی دەزگای گشتی ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایش، خانەنشیانی پێشمەرگە، کەم ئەندامی سەنگەر) کە لەسەر بنەمای ماددەکانی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو (ژمارە 27 ساڵی 2006)ی هەموارکراو، یاسای ڕاژەی زانکۆیی (ژمارە 23 ساڵی 2008)، یاسای مووچەی دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی (ژمارە 27 ساڵی 2008)، وە یاسای ڕاژە و خانەنشینی کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ژمارە 18 ساڵی 2011)، یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە (ژمارە 38 ساڵی 2007) یاسای کەم ئەندامانی پێشمەرگەی سەنگەری (ژمارە 34 ساڵی 2007)، کە بە پێی یاسا ئاماژە پێکراوەکانی سەرەوە و ڕێنماییە کارپێکراوەکان خانەنشین کراون.
لە هەمان کات دا لێژنەیەکی تایبەتمەند پێکهێنراوە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بە دواداچوون لە مووچەی ئەو خانەنشینانەی کە بنەمای یاساکانی سەرەوە نایانگرێتەوە، لەگەڵ ڕەچاوکردنی پێَگەی ئەو کەسانەی کە بە شێوازێکی تایبەت ڕۆڵیان هەبووە لە شۆڕشەکانی ڕزگاری خوازی کوردستان.
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکان
10-11-2017