رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێ لە ساڵی 2000 ەوە پێشڤەچوونی باش بەدیهاتووە لە قەلاچۆکردنی نەخۆشیی دەردەباریکە (سیل)، بەڵام بۆ ئەوەی پرۆگرامی کۆتاییهێنان بە سیل بەتەواوی سەرکەوتوو بێت، پێویست بە پابەندبوونێکی سیاسیی زیاتری وڵاتان دەکات بە نەخشەڕێگای بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشییە. بەپێی قسەی بەرپرسانی تەندروستی لە کوردستان، هێشتا ئەو نەخۆشییە بەشێوەیەکی بەرچاو هەیە و ساڵانە نزیکەی هەزار حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێن.
سیل، یەکێکە لە نەخۆشییە کوشندە مێژووییەکانی جیهان کە تاوەکو ئەمڕۆش وەک هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ژیانی مرۆڤ ماوەتەوە، ئەو نەخۆشییە لەدوای ئایدزەوە بە یەکەمین نەخۆشیی گوازراوە دێت کە تووشبوو دەکوژێ. بەڵام وەکو ئایدز بێ چارەسەری نییە، ئەگەر تووشبوو پابەندی ڕێنماییەکان بێ، ئەگەری چاکبوونەوەی لە سەرووی 80%یە.
پزیشکێکی پسپۆڕ بە دووری دەزانێ سیل بە ئاسانی قەلاچۆ بکرێ و هاوشێوەی نەخۆشیی (ئاوڵە) ببێتە بەشێک لە مێژوو، بە تایبەت لە کوردستان.
د.زانیار نووری، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو، بە (رووداو)ی گوت: کوردستان لەو ناوچانەی جیهانە کە بە جێنشینی بەکتریای سیل دادەنرێ، دەکرێ ژمارەی حاڵەتەکان کەم بکەینەوە، بەڵام لەناوبردنی یەکجارەکی لانیکەم بۆ ئێستا، خەونە.
پزیشکەکە دەڵێ ئەم بەکتریایە زۆر زیرەکە و لەگەڵ دۆخی جیاواز خۆی دەگونجێنێ و بە هێواشی کاری خۆی دەکات، لێکۆڵینەوەکان دەڵێن لە سەرەتای ژیانی مرۆڤەوە لەگەڵ مرۆڤ ژیاوە، دەگوترێ لە مێژوودا هیچ کارەساتێک هێندەی سیل مرۆڤی نەکوشتووە.
نێوەندە زانستییەکان دەڵێن سێیەکی خەڵکی بەکتریای سیلیان هەڵگرتووە، بەڵام کۆئەندامی بەرگری سڕی دەکات و ناهێڵێ ببێتە هۆی نەخۆشکەوتنی کەسەکە و تەنیا لە 10%ی حاڵەتەکاندا بەکتریاکە چالاک دەبێت و کەسەکە نەخۆش دەخات.
سەردەمی کۆن مرۆڤ زیاتر بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکی و ناهۆشیارییەوە تووشی سیل دەبوو، لە هەمانکاتدا دەرمانی بنبڕکەری نەخۆشییەکە نەبووە، بۆیە سیل هۆکارێکی بەرچاوی مردنی خەڵک و قڕکردنی کۆمەڵگەکان بووە.
باشبوونی باری دارایی و خۆراکیی مرۆڤ، لەمپەرێکی لە بەردەم بەکتریاکە دروستکرد، بەڵام وەک دکتۆر زانیار دەڵێ، ئێستا بەکتریاکە پەنجەرەی نوێی دۆزیوەتەوە بۆ تووشکردنی مرۆڤ لە هەشتاکانەوە سیل بووە بە گرفتی گەورەی کەسانی تووشبوو بە ئایدز و ئەوانەی شەکرەیان هەیە، چونکە ئەمانە کۆئەندامی بەرگرییان لاوازە و ناتوانێ وەک پێویست بەکتریاکە لە جەستەدا سڕ بکات.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕۆژی 30ی ئۆکتۆبەری 2017 ڕایگەیاند، هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی سیل لە ساڵی 2000 بەدواوە تاوەکو ئەمساڵ، بووەتە هۆی پاراستنی ژیانی 53 ملیۆن کەس.
رێکخراوە جیهانییەکە دەڵێ سەرەڕای ئەو دەستکەوتانە، هێشتا سیل لە سەرەوەی لیستی ئەو نەخۆشییە گوازراوانەدایە کە دەبنە هۆی مردن. هێشتا سیل هۆکاری یەکەمی مردنی تووشبووانی ئایدزە.
د.عەبدولڕەحمان ڕێکانی، بەرپرسی سەنتەری سیل و نەخۆشییەکانی هەناسە لە دهۆک بە (رووداو)ی گوت: لە سەرەتای ساڵانی دوو هەزار، ساڵانە نزیکەی 200 حاڵەتمان لە سنووری پارێزگای دهۆک تۆمار دەکرد، ئێستاش لەگەڵ زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی دانیشتووان، هەر ئەوەندە تۆمار دەکەین، بۆیە وای دەخەمڵێنین حاڵەتەکان لە پارێزگاکەمان نزیکەی 20-30% کەمی کردبێ.
هەر لەوبارەوە دکتۆر خاڵس قادر، گوتەبێژ و بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد ساڵانە 900 تاوەکو 1100 حاڵەتی سیل لە کوردستان تۆمار دەکەین.
دکتۆر زانیار دەڵێ ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە لە کوردستان، ڕێژەی چاکبوونەوە لە سیل لە ئاستی جیهانیی بەرزترە ستانداردی جیهانی دەڵێ 80%ی حاڵەتەکان چاک دەبنەوە، لە کوردستان زیاتر لەو ڕێژەیەش بەتەواوی چاکدەبنەوە.
بەڵام گرفتی گەورەی نەخۆشییەکە لە دەستنیشانکردنیدایە، بەشێکی بەرچاو لە حاڵەتەکان، درەنگ دەستنیشان دەکرێن د.عەبدولڕەحمان ڕێکانی دەڵێ نەخۆشییەکە لە مێژوودا وەها ناسرابوو کە نەخۆشیی هەژارانە، بۆیە بەشێک لە خەڵکی نایانەوێ وەک تووشبووی سیل بناسرێن. خوێندکاری زانکۆ دێتە لامان و دەڵێ نابێ لە ڕاپۆرتەکە بنووسن کە تووشی سیل بووە، تا خەڵکی نەزانن.
دکتۆر زانیاریش دەڵێ ڕێوشوێنە کۆنە توندەکان لە دژی نەخۆشییەکە، هۆکارێکی گەورەی بەدناوبوونیەتی و وادەکات ئەوانەی گومانی تووشبوونیان هەیە، لایان ئەستەم بێ سەردانی پزیشک بکەن لە زەمانی پاشایەتی لە عێراق ئەگەر لە ماڵێکدا تووشبوویەکی سیل هەبووبێ، خانووەکەیان سووتاندووە بۆ ئەوەی بەکتریاکە قەلاچۆ ببێ.
بەڵام دکتۆر زانیار دەڵێت سیل وەک هەر نەخۆشییەکی دیکە نەخۆشیی هەموو کەس و چینێکە و چارەسەری هەیە و بۆ ئێستا کوشندە نییە: ئەم نەخۆشییە لەسەر تەرمی فیرعەونەکان بینراوەتەوە، ئایا فیرعەونەکان لە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە بوون؟.
سیلی سەرسەخت
رێکخراوی تەندروستی جیهانی، هۆشداری دەدات لە سەرهەڵدانی جۆرێکی کوشندەی سیل کە توانای بەرگریکردنی لە بەرامبەر چەندین دەرمانی دژە سیل پەیدا کردووە و بەخێرایی لەسەر ئاستی جیهان لە بڵاوبوونەوەدایە. بەپێی خەمڵاندنەکانی تەندروستی جیهانی، ساڵانە 600 هەزار حاڵەتی سیلی ئەوتۆ تۆمار دەکرێن کە بە دەرمانی بەهێزی ڕیفامپین لەنێو ناچن و 490 هەزاریان بەرامبەر هەموو دەرمانە کلاسیکییە دژە سیلەکان بەرگرییان پەیدا کردووە، بەڵام پزیشکان دەڵێن لە کوردستان لە کۆی 200 حاڵەت، تەنیا یەکێکیان تووشی ئەو جۆرە سیلە دەبێ.
نیشانەکانی:
- کۆکە: بۆ ماوەی سێ هەفتە و زیاتر
- بەڵغەم: لەوانەیە خوێنی لەگەڵ بێ
- ئازاری سنگ: بە تایبەت لەکاتی کۆکە یان هەناسەی قووڵ
- دابەزینی کێش: بێئەوەی کەسەکە مەبەستی بێ
- لەش داهێزران
- تا: هەندێکجار لەرزی لەگەڵە
- ئارەقەکردنەوە: بە تایبەت لە شەودا و بە بڕی زۆر
- نەمانی ئارەزووی خواردن
کێ زۆرتر تووش دەبێ؟
- ئەوانەی بەرکەوتنیان زۆرترە لەگەڵ تووشبووان
- ئەوانەی بەرگرییان لاوازە: وەکوو شەکرە، سستبوونی گورچیلە، هەندێک جۆری شێرپەنجە، بەدخۆراکی و کەسانی بەتەمەن
- تووشبووانی ئایدز قوربانیی هەرە گەورەی سیلن
- ئەو ئاڵوودەبووانەی بە دەرزی ماددەی هۆشبەر لە خۆیان دەدەن
رێگاگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە
- مانەوەی تووشبوو لە ماڵەوە، لانیکەم تاوەکو سێ هەفتە.
- ژوورەکەی هەواگۆڕکێ بکات: تاکو شوێنەکە بچووک و داخراو بێت، ئەگەری تووشبوونی کەسانی نێو ژوورەکە زیاترە.
- دەمی دابپۆشێ: بە تایبەت کاتی پێکەنین، کۆکە و پژمین.
- ماسک ببەستێ: بە تایبەت لە سێ هەفتەی یەکەمی وەرگرتنی چارەسەر
چارەسەر:
چارەسەرەکە کۆرسێکی چوار دەرمانییە، سیلی ئاسایی شەش مانگ چارەسەری دەوێ، سیلی سەرسەختیش دوو ساڵ. پاش دوو مانگ لە وەرگرتنی دەرمان ئەگەری گواستنەوەی بەکتریاکە بۆ کەسانی دیکە بە تەواوی کەم دەبێتەوە.
تەواونەکردنی هەموو کۆرسەکە مەترسیدارە و دواتر چارەسەر سەخت دەکات.[1]
10-11-2017