یاداشتنامە
بۆ بەڕێز سەرۆک کۆماری عێراق فوائد معصوم
بۆ بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بۆ بەڕیزان لە لیژنەی ژنانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بۆ بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی
ئێمە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە شاری سلێمانی بە توندی ئیدانەی هەموارکردنەوەی پرۆژە یاسای باری کەسێتی عێراق دەکەین کە لە دانیشتنی 1ی ئۆکتۆبەری 2017 ڕەزامەندی سەرەتایی لەسەردرا.
بەرزکردنەوەی ئەم یاداشتی نارەزایەتییە لە کاتێکدایە کە هەندێ لیستی ناو پەرلەمانی عێراق هەوڵی دەرکردنی یاسای تایفەگەری دەدەن کە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و مافی منداڵانە، کە پرنسیپەکانی یەکسانی بەرامبەر یاسا کە لە ماددەی 14ی دەستور عێراقیدا هەن، ناچەسپێنێت.
ئامادەبوانی گربونەوەکە پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ ژنان و کچان و هێزە دیموکرات و مەدەنییەکان ئەوانەی داوای یەکسانی و عەدالەت و ئازادییەکان دەکەن و دژ بە دەرکردنی ئەو یاسایانە دەوەستنەوە کە لە بواری یاسادانان عێراق دەباتەوە ڕیزی وڵاتە دواکەوتووەکان.
بەڕێزان:
ئەم ڕێکخراوانە ئەو پرۆژەیەی کە تاوانی (هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا)دەکات بە یاسا، ڕەتدەکەنەوە، هەروەها پرۆژەکە پشت دەبەستێت بە جۆرێک لەشێوازی پەیوەندی کە کۆمەڵگا ڕەتیدەکاتەوە، سەرباری ئەوەی کە یەکسانی نێوان عێراقییەکان فەراهەم ناکات و مادەی (5) ی دەستور تایبەت بە سەروەری یاسا پەکدەخات.
ئەم پرۆژە تازەیە بۆ هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی عێراق، دەسەڵات دەدات بە پیاوانی ئاینی بۆ بەستنی گریبەستی هاوسەرگیری نایاسایی وەک ناچارکردنی کیژۆڵەی تەمەن خوار 18 ساڵ و ژنان ناچاردەکات کە لەگەڵ ماڵی خەزوراندا بژین، ئەمەش نسکۆیە بۆ دەسکەوتەکانی ژنانی عێراق کە بەر لە نیو سەدە بە خەباتیان بۆ کردوە.
ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەکەونە ژێر باری بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و مێژویی گەر هاتوو ئەم پرۆژەیە بکەنە یاسا، نەوەکانی ئایندە کە ئەم پرۆژە یاسایە غەدرییان لێدەکات وێنەی خەجەڵتکاری ئەو پەرلەمانتارانەی یاد ناچێتەوە.
سلێمانی، 10-11-2017