دواڕۆژ، سامان قوبادی
پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بەڕێژەیەکی بەرچاو پاشەکشەیانکردووە، دەستەی وەبەرهێنانیش دەڵێت وەبەرهێنەران دوودڵن لەوەی سەرمایە بخەنە پرۆژەوە، بەڵام ئاسانکاریی تەواویان بۆ دەکرێت تا بێنە پێشەوە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەدا.
ساڵی 2017 تەنیا 34 پرۆژە بە سەرمایەی 713 ملیۆن دۆلار مۆڵەتیان پێدراوە، تا کۆتایی مانگی یەکەمی ساڵی 2018 ش هیچ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان لە هەرێم نەبووە.
بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاریی دەستەی گشتی وەبەرهێنان بۆ دواڕۆژ وتی لە سەرەتای دامەزراندنی دەستەی گشتی وەبەرهێنانەوە تا ئێستا، 887 پرۆژە لە 13 سێکتەری جیاواز مۆڵەتیان پێدراوە، له و ژمارەیەش 345 پرۆژەیان لە هەولێرە بە سەرمایەی 26 ملیار 269 ملیۆن دۆلار، 214 پرۆژەشیان لە سلێمانی، بە بڕی سەرمایەی 13 ملیار و 822 ملیۆن دۆلار.
سەربەست خدر وتیشی 231 پرۆژەش لە دهۆک بە بڕی 6 ملیار و 476 ملیۆن دۆلار و بەهۆی پابەندنەبوون بە یاسایی وەبەرهێنانیشەوە 97 پڕۆژە بەبڕی سەرمایەی 60 ملیار و 14 ملیۆن دۆلار مۆڵەتیان هەڵوەشێنراوەتەوە.
ئەوەشی وت لە کۆی ئه و مۆڵەتانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە پڕۆژەکان دراون، 790 پڕۆژەیان تائێستا کاریان تێدادەکرێت و بەردەوامن بە سەرمایەی 46 ملیار و 467 ملیۆن دۆلار، لەمانەش 46 یان بیانی و 31 یان هاوبەش و 713 یشیان پرۆژەی خۆماڵین.
رونیشیکردەوە لە ساڵی 2017دا تەنیا 34 مۆڵەت دراوە بە سەرمایەی 713 ملیۆن دۆلار، 10 پڕۆژەی لە هەولێرە بەسەرمایەی 813 ملیۆن دۆلار و 5 پڕۆژەیان لە سلێمانی بە سەرمایەی 50 ملیۆن دۆلار و هەروەها لە دهۆکیش 19 پڕۆژە بە بڕی 280 ملیۆن دۆلار. زۆرترینی پرۆژەکانیش لە کەرتی پیشەسازیدا مۆڵەتیان پێدراوە.
بەڵام سەبارەت بە ساڵی نوێ، بەپێی بەڕێوەبەرایەتیەکانی وەبەرهێنان تائێستا هیچ پڕۆژەیەک مۆڵەتی پێنەدراوە.
سەبارەت بە هۆکاری کەمیی مۆڵەتی پرۆژەکان، بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی سلێمانی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ئەمساڵ تائێستا هیچ پرۆژەیەکی وەبەرهێنان مۆڵەتی پێنەدراوە، هۆکارەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ ترسی وەبەرهێنەران، چونکە دۆخی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت سلێمانی، هێشتا نائارامی سیاسی و یاسایی و ئیداری هەیە، جگەلەوە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدایش هۆکاری سەرەکییە.
فەرمان غەریب وتیشی یەکێکی تر لە هۆکارەکان ئەوەیە کە دەبێت پارە بخەنە پرۆژەیەکەوە قازانجەکەی مەودایەکی درێژی دەوێت، بۆ نموونە بە نزیکەی 20 ساڵ داهاتەکەی بەدەستدێنێتەوە، بۆیە سەرمایە ناخەنە پرۆژەیەک کە بە ماوەیەکی درێژ قازانجەکەیان دەستکەوێتەوە.
جەختیشیکردەوە ئەم پاشەکشێی وەبەرهێنان لە هەر سێ پارێزگاکە هەیە و ئێمە ناتوانین داوا لە وەبەرهێنەران بکەین بێن سەرمایەکانیان لە پرۆژەی وەبەرهێناندا بخەنەگەڕ، چونکە ئەمە سەرکێشییە، خۆیان دەبێت سەرپشک بن، بەڵام حکومەت وەک سیاسەتی مەرکەزیی، دەبێت کارئاسانیی زیاتر بکات و ئه و بەربەستانەی لەڕێگەی وەبەرهێنەراندان کەمتری بکاتەوە.
هاوکات سامان عارەب، بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی هەولێر بۆ دواڕۆژ وتی ئه و بارودۆخە نەخوازراوە سیاسییەی کە هەیە هۆکارن، ئەگەر ژینگەیەکی باش بڕەخسێت، وەبەرهێنان دەچێتە قۆناغێکی باشترەوە.
وتیشی داوا لە وەبەرهێنەران دەکەین سەرمایەکانیان لە پرۆژەکاندا بەگەڕبخەن و ئێمەش ئامادەین بۆ هەموو ئاسانکارییەک.[1]
#01-02-2018#