هەفتەی ڕابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگەشەی ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤی لەبارەی کۆمەڵکوژییەک ڕەتکردەوە کە گوایە دەرحەق بە ژمارەیەک گیراو بە تۆمەتی ئەندامێتی #داعش# ئەنجامدراوە.
ڕێکخراوەکە، هێزەکانی پێشمەرگەی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لە ڕۆژانی 28ی ئاب تاوەکو سێی ئەیلولی 2017 ژمارەیەک خەڵکی بە گومانی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستگیر کردووە و پاشان کۆمەڵکوژی کردوون. بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای ڕەتکردنەوەی ڕاپۆرتەکە، دەڵێت ئەوانە داعش بوون و لە شەڕدا کوژراون و دواتر لەو شوێنەدا بەژێر خاکەوە کراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی چاودێریی مافەکانی مرۆڤHRW) هێزەکانی پێشمەرگە ژمارەیەک پیاویان لە قوتابخانەیەک لە ساحل ئەلمەلیحە (70 کیلۆمەتر دووری مووسڵ) دەستبەسەر کردبوو، دواتر بەندکراوەکانیان بۆ دوو شوێن لە نزیک زوممار گواستووەتەوە و لەوێ کوشتوویانن.
ڕێکخراوەکە ئەمە بە تاوانی جەنگ ناودەبات و داوا دەکات ئەنجامدەرانی دادگایی بکرێن.
رێکخراوەکە لەگەڵ شایەتحاڵەکانی ڕووداوەکە قسەی نەکردووە، بەڵکو زانیارییەکانی لە نەدیم ناوێک و ژمارەیەک دانیشتووی گوندێکی نزیک شوێنەکە وەرگرتووە.
نەدیم بە ڕێکخراوەکەی ڕاگەیاندووە کە ئەو ڕۆژی 29ی ئاب سەردانی یەکێک لە شوێنەکانی کردووە و لەوێ تەرمی نزیکەی 30 کەسی بینیوە. پاشان چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژانی 30ی کانوونی دووەم و شەشی شوبات سەردانی شوێنەکەیان کردووە.
بەگوتەی نەدیم هەمان ڕۆژیش هاوڕێیەکی لە ئاسایش پێی ڕاگەیاندووە کە شەوی 28ی مانگ لەگەڵ ئەندامانی دیکەی لقی ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلەی ئاسایش 80 گومانلێکراوی داعشیان لە گرتووخانەی شیلکیە بردووە و 50 کەسیان لە گوندی تەل ئەحمەد ئاغای کەبیر و ئەوانی دیکەشیان لە دەرەوەی گوندی بەردیە کوشتووە.
دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە وەڵامی ڕاپۆرتی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تەرمەکان دەشێت تەرمی کوژراوانی شەڕی داعش بن. وەڵامەکەی زێباری پشت بە ڕوونکردنەوەی ئاشتی کۆچەر، بەرپرسی ئاسایشی ناوچەکە دەبەستێ.
بە گوتەی بەرپرسەکەی ئاسایش، داعش بە درێژایی 71 کیلۆمەتر لە نێوان حەردان، عەیازییە و تەلعەفەر جموجۆڵیان دەکرد و هەوڵیان دەدا بە زەبری شەڕ ئاویوی سووریا ببن. لەو شەڕەشدا هێزەکانی پێشمەرگە هەوڵیانداوە ڕێگە نەدەن چەکدارانی داعش ڕابکەن.
لە بەشێک لە وەڵامەکەی زێباریدا هاتووە: هێزەکانی پێشمەرگە بەهیچ شێوەیەک بە شەڕ بەرەنگاری ئەو ئەندامانەی داعش نابنەوە کە خۆیان ڕادەست دەکەن، بەڵکو ئەمە تەنیا لە حاڵەتێکدا ڕوودەدات کە ئەوان (داعشەکان) پڕچەک بن و شەڕ بکەن یان لە هەوڵی ئەنجامدانی تەقینەوەی خۆکوژیدا بن.
بە گوتەی زێباری لەو شەڕ و پێکدادانەدا ژمارەیەکی زۆر کوژراو لە هەردوو لایەن هەبوون دوور نییە تەرمی داعشە کوژراوەکان هی ئەو شەڕانە بووبن و هێنرابن بۆ ئەو ناوچەیە و لەوێ نێژرابن.
سەبارەت بە ڕووداوی قوتابخانەکەی زوممار و سحێلا، لە وەڵامەکەی زێباریدا هاتووە لەو ناوچەیە ئافرەتێکی خۆکوژ هێرشێکی لە دەرەوەی قوتابخانەیەک کرد کە تازە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ کرابوون. ڕووداوەکەش ڕۆژی 28ی ئابی 2017 بووە. بە گوێرەی زێباری چەند سەرچاوەیەک بە هەڵە هێزەکانی پێشمەرگەیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە لە دوای ئەو هێرشە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان لە گومانلێکراوانی داعش کردووە.
لە وەڵامەکەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکاندا ئاماژە بە وەڵامی دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان کراوە کە تێیدا هاتووە: پێش هێرشەکە، هێزەکانی پێشمەرگە هەوڵیان دا لەگەڵ خۆکوژەکە دانوستاندن بکەن تاوەکو پەشیمانی بکەنەوە. هاوکات لەگەڵ هەوڵەکان بۆ ڕازیکردنی خۆکوژەکە، هێزەکانی پێشمەرگە خەریکی ڕاگواستنی خەڵکەکە بوون بۆ دیوێکی دیکەی قوتابخانەکە. خۆکوژە ئافرەتەکە دواجار لەبەردەم قوتابخانەکەدا خۆی تەقاندبووەوە، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە توانیبوویان خەڵکەکە ببەنە شوێنێکی پارێزراو.
بەپێی وەڵامەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو هێرشەدا پێشمەرگەیەک بووەتە قوربانی و دووی دیکەش بریندار ببوون. لە دوای هێرشەکەش، هێزەکانی پێشمەرگە داوای هێزی زیاتریان کردبوو بۆ ئەوەی ئاوارەکان بپارێزن و بارگرژییەکە هێور بکەنەوە. وەڵامەکە جەخت لەوەش دەکاتەوە کە لە دوای ڕووداوەکە، پێشمەرگە بەرپەرچدانەوەی نەبوو.
چارەنووسی گیراوەکانی داعش
پێشتر بۆ دۆسیەی لایەنگران و ئەندامانی داعش پشت بە مادەی سێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ساڵی 2006 دەبەسترا، بەڵام چیدی کار بەو یاسایە ناکرێت. بۆیەش بۆ لێپرسینەوە و دادگاییکردنی لایەنگران و ئەندامانی داعش پشت بە یاسای ژمارە 111ی یاسای سزادانی عێراقی دەبەسترێ کە ساڵی 1969 دەرچووە و لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە هەموار کراوەتەوە.
لە بەشێک لە وەڵامەکەی دیندار زێباریدا بەپێی داتاکانی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە ژمارەی ئەو گیراوانەی داعش دەکرێت کە لەسەرەتای شەڕی دژی داعشەوە لە پارێزگای کەرکووک دەستگیرکراون و بەم شێوەیەی خوارەوەن:
لە ساڵی 2014دا 115 گومانلێکراوی داعش دەستگیرکراون، 33 کەسیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و پێنج کەسیشیان بڕیار لەسەر دۆسیەکەیان دراوە.
لە ساڵی 2015دا 182 گومانلێکراوی داعش دەستگیرکراون، 78 کەسیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و 23 کەسیان سزا دراون.
لە ساڵی 2016دا 83 کەس دەستگیرکراون، 20 کەسیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و حەوت کەسیان بڕیاریان لەسەر دراوە.
هەروەها لە نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا 19 کەس دەستگیرکراون کە شەش کەسیان لێپرسینەوەیەن لەگەڵ کراوە، بەڵام هیچکامیان بڕیاریان بۆ دەرنەچووە.
لە ماوەی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجەدا لایەنگر و ئەندامی داعش لەجیاتی ئەوەی خۆیان بدەنە دەست سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی، خۆیان ڕادەستی پێشمەرگە دەکرد.
وەکو زێباری ئاماژەی بۆ دەکات، تەنانەت یەک کەسیش لە دەستبەسەرکراوەکان لە ئاسایشی کەرکووک ڕانەگیراون، بەڵکو بەهۆی نەبوونی گرتووخانەوە ڕەوانەی دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان لە هەولێر کراون.
بەشێک لە ڕاپۆرتەکەی (HRW) بە پشتبەستن بە گوتەکانی نەدیم و خەڵکی ناوچەکە ڕەخنە لە مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ گومانلێکراوەکانی نێو قوتابخانەی ساحل ئەلمەلیحە دەگرێت.
زێباری لە بەرامبەردا ئاماژە بۆ ئەو ڕێوشوێن و پشکنینانە دەکات کە هێزە ئەمنییەکانی کوردستان لەگەڵ ئاوارە تازە گەیشتووەکاندا دەیکات، ئامانجیش لەو ڕێوشوێنە ئەوەیە ڕێگە نەدەن داعش لەناو ئاوارەکاندا بێتە ناو هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی وەڵامەکەی زێباری، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا 2652 کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە داعشەوە دەستگیرکراون، لەو ژمارەیە 1100 کەسیان تاوانبار دەرچوون و بەپێی قەبارەی بەشدارییان لە تاوانەکانی داعش سزادراون کە هەندێکیان بەندکردنی هەتا هەتاییان بۆ بڕاوەتەوە. هەروەها 870 کەس لە گیراوەکان بێتاوان دەرچوون و ئازادکراون و 672 کەسیشیان تاوەکو ئێستا لەژێر لێپرسینەوەدان.[1]
#13-02-2018#