ئەو شەقام و شۆستانەی لەقۆناخی ئاوەدانکردنەوەی #کەرکووک# دروستکرابوون، ئێستا بەزبڵ و خاشاک داپۆشراون.
هاونیشتیمانیان کە پێداویستییەکانی ڕۆژانە دەکڕن، خەمی فڕێدانی پاشماوەکانیانە، ئەوان دڵییان پڕە و گلەییان زۆرە لەو بێ خزمەتگوزارییەی شارەکەیانی گرتووەتەوە، بەڵام نازانن سکاڵای دڵیان لای کێ بکەن.
زیاتر لە حەوت ساڵە کۆمپانیایەک ئەرکی هەڵگرتنەوەی زبڵ و خاشاکی کەرکووکی لەئەستۆیە، لە 28ی مانگی ڕابردووەوە گرێبەستەکەی کۆتایی هاتووە و کارەکانی ڕاگرتووە، بەڵام هێشتا زیاتر لە 12 ملیار دیناری لای ئیدارەی کەرکووکە.
لە شارەوانی کەرکووکیش هەواڵێکی دڵخۆشکەر سەبارەت بەو کێشەیە نابیسترێت، لەوکاتەوەی ئەو 10 ملیۆن دۆلارەی پترۆدۆلار کە ئیدارەی کەرکووک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی وەردەگرت ڕاگیراوە و توانای پێدانی پارەی کۆمپانیاکەشی نەماوە، حکومەتی عێراقیش هاوکاری ناکات و ئەرکەکەی خستووەتە سەر شارەوانی، ئەوانیش توانای هەڵگرتنەوەی زبڵ و خاشاکی تەواوی کەرکووکیان نییە.
لە کەرکووک ڕۆژانە 600 بۆ 700 تەن زبڵ و خاشاک فڕێدەدرێت، ئێستا شارەوانی توانای هەڵگرتنەوەی تەنیا 100 بۆ 150 تەن زبڵ و خاشاکی هەیە.
کەرکووک دابەشکراوەتە سەر شەش بەشی شارەوانی، دوو ناوەندی زبڵ و خاشاک کۆکردنەوە لە باکوور و باشووری شارەکە هەن، یەک ناوەندی سەرەکی گەورەی کۆکردنەوەی تەواوی زبڵ و خاشاک هەیە و بەشێوەیەکی تەندروست دەخرێتە ژێر زەوییەوە.[1]
#09-03-2018#