شەقامەکانی شاری #کەرکووک# بە زبڵ و خاشاک داپۆشراوە، هاوڵاتیانیش دەڵێن کەرکووک بێ خاوەنە و کەس خاوەندارییان لێ ناکات، سەرۆکی شارەوانیش دەڵێت ئه و کۆمپانیایەی کاری پاککردنەوەی دەکرد، کارەکانی ڕاگرتووە.
ماوەی 20 ڕۆژە زبڵ و خاشاک لە شاری کەرکووک کۆنەکراوەتەوە، به و هۆیەوە شەقام و شۆستە و کۆڵانەکانی شارەکە پڕ بووە لە زبڵ و خاشاک.
ئاکۆ حەمید، دانیشتووی گەڕەکی کوردستانی شاری کەرکووک، بۆ ڕۆژنیوز وتی: نزیکەی مانگێک دەبێت ئۆتۆمبێلەکانی کۆمپانیاکانی پاککەرەوە خاشاک و زبڵیان کۆ نەکردوەتەوە، به و هۆیەوە شەقامەکان پڕ بوون لە خۆڵ و خاشاک و ژیانمان نەماوە، هەروەها دەوری قوتابخانەکان پڕ بووە لە زبڵ، خوێندکاران بەناو ئه و زبڵەدا هاتوچۆ دەکەن.
ئه و هاوڵاتیە باسی لەوەش کرد: لە شارەکانی دیکە شۆستەکان بە دار و نەمام و گوڵ دەڕازێنرێنەوە، بەڵام لەم شارە زبڵ شۆستەکانی داگیر کردووە، ئێمە نازانین داواکاری لە کێ بکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، نازانم پارێزگاری بەوەکالەت و بەڕێوەبەری شارەوانی سیمای ئەم شارە نابینن؟!.
ئەوەشی وت: ئەگەر تا هاوین بەم شێوەیە بێت ئەوا ناچارین چۆڵی بکەین.
لە بەرامبەردا سەردار عەلی، بەڕێوەبەری شارەوانی کەرکووک، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: پێشتر بوجەی پاکردنەوەی شار ڕادەستی پارێزگار دەکرا، بەڵام بە بڕیارێک لە سەرەتای ساڵی 2018ەوە، دەبوو پارەی کۆمپانیاکانی بواری پاککەرەوە ڕادەستی شارەوانی کەرکووک بکرایە.
وتیشی: بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە هیچ بڕە پارەیەک نەهاتووە، تا بدرێت بە کۆمپانیاکانی بواری پاکردنەوە، کۆمپانیای خالید شینکی کە ئەرکی پاکردنەوەی لە ئەستۆ گرتەوە، به و هۆیەوە کارەکانی ڕاگرتووە.
ئەوەشی وت: کۆمپانیای خالید شینکی بڕی 14 ملیۆن دۆلاری لای حکومەتە و پارەکەی پێ نادەن و ئێستاش ئه و کۆمپانیایە مانگانە پێویستی بە بڕی 850 ملیۆن دینار هەیە بۆ پاکردنەوەی کەرکووک، کە پارە نەدراوە بە کۆمپانیاکە، بۆیە بە ناچاری کارەکانی ڕاگرتوە، ئێمەش وەک شارەوانی کەرکووک لە تواناماندا نییە به و ژمارە کەمەی کارمەندانی پاکەرەوە و ئامێرانەوە شار بە شێوەکی باش پاک بکەنەوە.
دەربارەی ئەوەی کە تەنها گەڕەکە کوردیەکان تووشی ئه و کێشە بوونەتەوە، بەڕێوەبەری شارەوانی کەرکووک وتی: کێشەکە بە گشتی کەرکووکی گرتۆتەوە، تەنها گەڕەکە کوردیەکان نیە، بگرە گەڕەکە کوردیەکان پاکترن لە گەڕەکە عەرەبی و تورکمانییەکان.[1]
#17-03-2018#