بەپێی ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی دەستیکرد بە هەڵکەندنی زیاتر لە شەش بیری غاز لە هەرێم.
دوای دروستبوونی کێشە لە نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای دانەغازی ئیماڕاتی، ڕۆژی 30ی ئابی 2017 وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند لەگەڵ کۆمپانیای دانەغاز ڕێککەوتوون، بەپێی ڕێککەوتنەکەش کۆمپانیای دانەغاز لە کێڵگەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵ ڕێژەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە %160 زیاد دەکات، لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێم ڕاستەوخۆ 600 ملیۆن دۆلار دەدات بە کۆمپانیای دانەغاز و 400 ملیۆن دۆلاری تریشی لە بەرامبەر زیادکردنەکەدا پێدەدات.
بەپێی ڕێکەوتنەکە، حکومەتی هەرێم کە بڕی دوو ملیار و 239 ملیۆن دۆلار قەرزاری دانەغازە، 1 ملیار دۆلار دەداتەوە بە کۆمپانیاکە و ئه و بڕەشی دەمێنێتەوە لەو کێڵگە غازییانەی هەڵدەکەنرێن بەشێک لە داهاتەکەی بۆ دانەغاز دەبێت.
سەرچاوەیەک لە کەرتی نەوت و وزەی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، حکومەتی هەرێم گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای دانەغاز خستووەتە بواری جێبەجێکردن و بۆ ئەمەش کۆمپانیاکه لەبەرامبەر وەرگرتنەوەی قەرزەکانی شەش بیری غاز لەسنوری قەزای #چەمچەماڵ# لێدەدات و لە ئێستاشدا دەستیکردووە بە کاری تەکنیکی و وابڕیاریشە لە 1ی ئایار دەستبکات بە هەڵکەندنی بیری نوێ.
هاوکات سەرۆکی لیژنەی وزەی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، دانەغاز لەبەرامبەر وەرگرتنەوەی قەرزەکانی، شەش بیری غاز لەسنوری قەزای چەمچەماڵ لێدەدات.
شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی وت دەستکردن بە هەڵکەندنی بیری نوێ لەلایەن دانەغازەوە پەیوەندی بە ڕێککەوتنی پارساڵە، بەڵام ناوەڕۆکەکەی زۆر لەوە زیاترە کە بڵاوکراوەتەوە.
هەر به پێی ڕێککەوتنەکە، بەرهەمی غازی سروشتی کە لە ئێستادا 360 ملیۆن پێ سێجایه، پاش وەبەرهێنان بەرزدەبێتەوە بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا، دوای گەڕانەوەی پارەی خەرجکراو بڕی قازانج %78 بۆ حکومەتی هەرێم و %22 بۆ کۆمپانیای دانەغازە.
مەجید جەعفەر، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری دانەغاز لەوبارەیەوه ڕایگەیاندووە دانەغاز گەشبینە بە دەستکردن بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پێشبینی دەکات لە ڕێی ئه و ڕێککەوتنەوە کار و وەبەرهێنانی خۆی لە کوردستان زیادبکات، بە جۆرێک لە دوو ساڵی داهاتوو هەرێمی کوردستان تەواوی پێویستی غازی وڵاتێکی ئەوروپا دابیندەکات.
دەشڵێت ئه و زیادکردنەی ڕێژەی بەرهەمی غاز لە بلۆکەکانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو ساڵدا ئەنجامدەدرێت، بەپێی پێشبینیەکانیش ئاستی یەدەگی غازیش لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 17 تریلۆن پێ.
دانەغاز بەپێی ڕێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەی چەند ساڵێکە سەرقاڵی بەرهەمهێنان و بەدواگەڕانە لە کێڵگەی کۆرمۆر کە دەکەوێتە نزیک قەزای چەمچەماڵ.[1]
#17-03-2018#