بەهۆی هەڵگرتنی باج لەسەر گەشتیاران لە دەروازە سنوورییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان کە بۆ هەر گەشتیارێک بڕی 25 هەزار دینار وەردەگیرا، سەردانی گەشتیاران بۆ باشووری کوردستان زیادیکردووە.
لە ماوەی چوار ڕۆژی هەڵگرتنی ئەو باجەدا، 25 هەزار گەشتیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەردانی باشووری کوردستانیان کردووە. گەشتیاران دەڵێن، هەڵگرتنی ئەو باجە تێچووی سەفەرکردنی لەسەر ئەوان کەمکردووەتەوە و هاندەری خەڵک بووە بۆ ئەوەی لە نەورۆزدا سەردانی باشووری کوردستان بکەن.
جگە لە هاونیشتمانیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەشتیاری فارس و تورک زۆرن کە مەبەستیانە نەورۆز لە باشووری کوردستان بکەنەوە. زۆربوونی ژمارەی گەشتیارانیش، بازاڕی کاسبکارانی سنووری گەرم کردووه و ڕۆژانە 40 پاس و نزیک 50 تەکسی گەشتیار دەگوازنەوە.
مستەفا شاوری، شۆفێر لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران بە ڕووداوی ڕاگەیاند: بەر له و بڕیارە ڕۆژانە نزیک 10 تەکسی گەشتیارمان دەگواستەوە، ئێستا نزیکەی 50 تەکسی کار دەکات لەبەر ئەوەی گەشتیار زۆر زیادی کردووە.
بە بڕیارێکی کەریم شنگالی، وەزیری ناخۆی هەرێمی کوردستان، لە 16-3-2018 ڕسووماتی 25000 هەزار دیناری لەسەر گەشتیارانی هەڵگری پاسپۆرتی ئێرانی لابرا، کە لەو ڕۆژەوە تاوەکو #01-04-2018# لە ڕێگەی خاڵە سنوورییە نێودەوڵەتییەکانەوە دێنە هەرێمی کوردستان.[1]
#21-03-2018#