جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان
دوو ڕۆژە هەڵبژاردن کۆتایی هاتووەو بەرە بەرە، ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەوە، ڕادەگەیەنرێ.
یەکێتی وەکو هەمیشە، بەرپرسیارانە لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، چ لەگەڵ ئەو لایەنانەی دەنگی زۆرترو چ لەگەڵ ئەو لایەنانەی دەنگی کەمتریان لە لیستی (162)هێناوە مامەڵە دەکات.
ئەوەی جێی داخە لامان، نەک پڕوپاگەندە، بەڵکو نامەی ڕەسمی بۆ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و کونسوڵخانەکانی هەرێمی کوردستان، لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە نێردراوە، گوایە، یەکێتی بەنیازە پەلاماری عەسکەریان بدات. لە کاتێکدا سەراپا ئەو پڕوپاگەندانە ڕەت دەکەینەوە، لە هەمان کاتدا، لە حکومەت و لەناو یەکێتی، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی ئاسایشی کوردستان و سەروەری یاسا.
هەرگیز یەکێتی، بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و یاساییەکان، هانا بۆ هێز نابات. هەردەم یەکێتی لەناو شۆڕش و لەدوای ڕاپەڕینەوە، بەرگری لە خۆی کردووە. بەرگریش مافی پیرۆزە، ئەو کێشەیەی لەسەر تەتەڵەی دەنگەکانیش بە ئامێری ئەلیکتڕۆنی کەوتۆتە ئاراوە، یەکێتی هەڵوێستی ڕۆشنە.
مادام، لە سەراپای عێراقدا، گازاندەی تەزویر هەیە، یان لە سەراپای عێڕاقدا، دادگای دەستووری بڕیاری تەتەڵەکردنەوەی دەنگەکان بدات، یان ناکرێ،، سلێمانی یان کەرکووک بکرێتە قوربانی دابەزینی ڕێژەی دەنگی چەند لایەنێکی سیاسی.
سەبارەت بە کەرکووکیش، یەکێتی داوا دەکەین ئەنجامی هەڵبژاردن هەروەکو جارەکانی تری عێراق، قبوڵ بکرێ. سکاڵای لایەنەکانیش با کۆمسیۆنی باڵا، بەپێی یاساو ڕێسای پەسندکراو، مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، دانیشتوان و پێکهاتەکانی کەرکووک، سەرەڕای دۆخی نەخوازراوی ئاسایش لە شارەکەدا، ئەرکی دیموکراسی خۆیان جێبەجێ کردووە. هەقوایە، ڕێز لە هیمەت و دڵسۆزی دانیشتوانی کەرکووک بە کوردو عەرەب و تورکمان و مەسیحییەکان بگیرێ، نەک بۆ ئامانجی حزبایەتی، ڕەنج و ماندووبوونی خەڵک، فەرامۆش بکرێ.
ئەی جەماوەری کوردستان و عێراق
وا دوا ئەنجامی هەڵبژاردن ساغ دەبێتەوە. ئیتر کاتی وەلانانی ناکۆکییەکان و داخستنی دەرگای قۆناغی پێش هەڵبژاردن و کردنەوەی دەروازەی قۆناغی نوێی ئێستایە، بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە هاوبەشەکانمان لە عێڕاقی دوای سەرکەوتن بەسەر بەسەر داعش و لە کوردستانی فیدڕاڵدا.
هەموو لایەکیش دەزانن، کە یەکێتی، بە نەخشە دەنگەکانی دابەزیوەو ئەندامانی پەڕلەمانیشی کەمی کردووە، بەڵام جگە لەڕێگای یاسایی و ئسوڵی، هیچ کاردانەوەیەکمان نەبووە.
بەهیوای سەرکەوتن
مەکتەبی سیاسی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
#15-05-2018#