لە هەرێمی کوردستان خواستێکی زۆر لەسەر خواردنەوەی چا هەیە و ساڵانە زیاتر لە 90 هەزار تۆن چای لە سریلانکا، هیندوستان، ڤێتنام، ئەسیوپیا و فلیپینەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
لەو شلەمەنیانەی ڕۆژانە دەخورێنەوە، چا لە کوردستان لە دوای ئاو پلەی دووەمی گرتووە، ئەمە بۆ وڵاتانی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش ڕاستە. دەگوترێ چا یەکەمجار لە چین دۆزراوەتەوە، هەر بۆیە ئەو وڵاتە بەگەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری چا لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێ و ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن تۆن بەرهەمی هەیە، دوای ئەویش لەڕووی بەرهەمەوە هیندوستان، کینیا، سریلانکا، تورکیا، ڤێتنام، ژاپۆن، ئێران و ئەرجەنتین دێن. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی فاو، ساڵی 2016 بڕی بەکارهێنانی چا لەسەر ئاستی جیهان گەیشتووەتە 5.53 ملیۆن تۆن.
چا بەگوێرەی ڕەنگ و شێوە و تام و ورد و درشتییەکەی دەیان جۆری هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لە هەرێمی کوردستان شەش جۆر چای ناسراو هەیە کە کۆمپانیاکان گرنگی بەهاوردەکردنیان دەدەن، ئەوانیش بریتین لە: بیکۆ، قەڵەمی، شکستە، باروتی، چای ورد و چای سەوز.
فاتح یاسین، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای مومتاز کە بریکاری چای مەحمودە لە شاری #هەولێر#، دەڵێت: لە کوردستان گرنگی زۆر بە خواردنەوەی چا دەدرێ، بۆیە ساڵانە نزیکەی 80 تاوەکو 90 هەزار تۆن چا لە هەرێمی کوردستان بەکاردێت.
بە گوتەی فاتیح یاسین، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 20 جۆر مارکەی چا هەن کە نرخی یەک تۆنی لە 1500 دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 6000 دۆلار، بەڵام دەڵێت بەشێوەیەکی گشتی خەڵکی هەرێمی کوردستان چای کواڵیتی باش دەخۆنەوە کە نرخەکەی لەنێوان 4000 تاوەکو 5000 هەزار دۆلار دەبێ.
ئەو جۆرە چایانەی لەهەرێمی کوردستان هەن، بەرهەمی سریلانکا، هیندوستان، ڤێتنام، ئەسوپیا و فلیپینن، بەڕێژەیەکی کەمیش چای کینیا هەیە، بەهۆی هەناردەکردنی بەشێک لەو چایەش بۆ شارەکانی عێراق، ئامارێکی تەواو لەبەردەست نییە لەسەر بڕی هاوردەکراوی ساڵانەی چا بۆ هەرێمی کوردستان.
تەنانەت هەردوو وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵیش داتایان نییە لەبارەی بڕی پێویستی ساڵانەی تاک بۆ ئەم بەرهەم کشتوکاڵییە، بەڵام بە پشتبەستن بەو 200 گرام چایەی پێشتر حکومەتی عێراق مانگانە بۆ هەر تاکێک وەک بەشەخۆراک دابەشی دەکرد، دەتوانین بڵێین ساڵانە هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 2.4 کیلۆگرام چا هەیە. ئەگەر ئەم ژمارەیە بە بنەما وەربگرین، ئەوە ساڵانە لە هەرێمی کوردستان 138 هەزار تۆن چا بەکاردەهێنرێ، بەڵام بازرگانان مەزەندە دەکەن ساڵانە بەتێکڕا هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 1.5 کیلۆگرام چا بەکاربهێنێ کە دەکات نزیکەی 86 هەزار تۆن لە ساڵێکدا.
فاتح یاسین، دەڵێت: بۆمان دەرکەوتووە ساڵانە هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 1.5 کیلۆگرام چا بەکاردەبات کە دەکاتە 86 هەزار تاوەکو 90 هەزار تۆن چا، ئەگەر هەر تۆنێک چا بە 4000 دۆلار حیساب بکەین، ئەوە لە ساڵێکدا 344 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی چا دەچێتە دەرەوە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 20 مارکەی چا هەیە، هەر مارکەیەکیش بەگوێرەی ناسراویی خۆی فرۆشی هەیە، کۆمپانیای جیهان بۆ بازرگانی گشتی خاوەنی دوو مارکەی چایە بەناوەکانی جیهان و دوو غەزاڵ. مارکەی جیهان مارکەیەکی تایبەت بە کۆمپانیاکەیە و دوو غەزاڵیش مارکەیەکی جیهانییە و کۆمپانیاکە بریکاریەتی لە عێراق.
رزگار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی هەردوو مارکەی جیهان و دوو غەزال لە گروپی کۆمپانیاکانی جیهان دەڵێت: بەگوێرەی بەدواداچوون بۆمان دەرکەوتووە دانیشتووانی هەولێر زیاتر حەزیان لە خواردنەوەی چای شکستەی بۆندارە، لە #سلێمانی# زیاتر حەزیان لە خواردنەوەی چای شکستە و باروتییە، بەڵام خەڵکی #دهۆک# و #زاخۆ# زیاتر حەزیان لە خواردنەوەی چای قەڵەمی بێ بۆنە، لە زۆربەی شارەکانی عێراقیش چای شکستە فرۆشی باشە.
ئەو چایانەی کۆمپانیای جیهان دەیخاتە بازاڕ بەگوێرەی کواڵیتی و جۆرەکانی، نرخیان لە نێوان 5000 تاوەکو 10.000 دۆلاردایە و زیاتر لە 50 بارکۆدی هەیە.
رزگار عەبدوڵڵا دەڵێت: هەندێ لە کۆمپانیاکان چای ڤێتنامی بەناوی چای سریلانکی بە نرخی بەرز بەخەڵک دەفرۆشن، تەنانەت بۆمان دەرکەوت هەندێ کۆمپانیا هەبوون چایان بەناوی هەندێ مارکە لە کوردستان لەزەرف دەکرد کە سەرچاوەی چایەکە هەر دیار نەبوو، هەندێ کۆمپانیاش هەن ڕێژەیەک تۆزی چا تێکەڵی چا گرانبەهاکان دەکەن بۆ ئەوەی کێشی زیاتر بێت و بتوانن لە بازاڕ کێبڕکێی مارکەکانی دیکەی پێ بکەن، بۆیە فرت و فێڵی زۆر لە چادا هەیە.
گوتیشی: زۆربەی مارکەکانی چا لە هەرێمی کوردستان زیاتر کێبڕکێ لەسەر فرۆش دەکەن، نەک بەرزکردنەوەی کواڵیتی.
چاندنی چا پێویستی بەئاوی زۆر و پلەی گەرمیی تایبەت و شێی زۆر هەیە، بۆیە ئەم بەرهەمە زیاتر لەناوچە گەرم و نیمچە گەرمەکانی باشووری گۆی زەوی دەچێنرێ. بەڵام لە ناوچەیەکی ساردی وەکو باشووری ڕووسیاش دەچێنرێ، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکووری قەفقاسیا.
$وەزارەتی کشتوکاڵ توێژینەوەی لەسەر دەکات$
هەرچەندە لە کوردستان گرنگی زۆر بەخواردنەوەی چا دەدرێ، بەڵام گرنگی بە چاندنی چا نەدراوە و توێژینەوەش لەسەر ئاستی شیاویی خاک و کەشوهەواکەی نەکراوە کە ئایا بۆ چاندنی ئەم بەرهەمە گونجاوە یان نا. بەڵام تورکیا و ئێران کە دراوسێی هەرێمی کوردستانن، دوو وڵاتی گەورەی بەرهەمهێنەری چان لەسەر ئاستی جیهان.
دکتۆر سەمەد سۆفی عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی توێژینەوە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت لە کوردستان تا ئێستا بەشێوەی بازرگانی چا نەچێنراوە، بۆیەش توێژینەوە لەسەر کەشوهەوای هەرێمی کوردستان نەکراوە کە ئایا شیاوە بۆ چاندنی چا یان نا. بەڵام لەبەر ئەوەی لە تورکیا و ئێران چا دەچێنرێت و بەرهەمیشیان باشە، بیرمان لەوە کردووتەوە، چەند جۆرێکی چای بهێنن توێژینەوەی لەسەر بکەین، ئەگەر جۆرێکی گونجاومان دەستکەوت و سەرکەوتوو بووین لە چاندن و بەرهەمهێنانی، هانی جووتیاران دەدەین بیچێنن.[1]
#27-07-2018#