سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 20 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە هەرێم لە خاوەنەکەیان وەرگیراونەتەوە.
د. نوری عوسمان، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئابی 2018 بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی 2018 زیاتر لە 20 پڕۆژەی وەبەرهێنان کە زۆربەیان لەبواری نیشتەجێبوونن هەڵوەشاوەتەوە بەهۆی سەرپێچیکردنی ڕێنمایی و یاساکان و تەواونەکردنی پڕۆژەکان لەکاتی خۆیدا.
وتیشی، ئه و پڕۆژانەی مۆڵەتیان وەرگیراوەتەوە دراوەتە وەبەرهێنەری دیکە، بۆ ئەوەی پڕۆژەکان لەکاتی خۆیدا تەواوبکەن.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەشی بەوەکرد، ئەو وەبەرهێنەرانەی پابەندی بڕیاری حکوومەت نابن بۆ تەواوکردن و دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکانیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، چونکە نابێ هیچ پڕۆژەیەک بمێنێتەوە و بەیەکجاری تەواونەکرێت، ئێستا پەیوەندی بە زۆرێک لە پڕۆژەکانەوە کراوە و هۆشداری دراوەتە وەبەرهێنەر و کۆمپانیاکان.
وتیشی لە #هەولێر# و #دهۆک# ژمارەیەک وەبەرهێنەر بەهۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوونیان بە پڕۆژەکانیانەوە دەستگیرکراون و لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا کراوە.[1]
#12-08-2018#