جەنابی کاک #مەسعود بارزانی# سەرۆکی #پارتی دیموکراتی کوردستان#
بەڕێز #نێچیرڤان بارزانی# جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان
لە یادی 72 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا پیرۆزبايی گەرم ئاراستەی ئێوەی بەڕێز دەکەین، لەرێگەی ئێوەشەوە پیرۆزبایی لە ئەندام و هەوادارانی پارتی دەکەین بەو ئومێدەی ئەم یادە ببێتە مایەی ئەوەی لەم هەلومەرجە هەستیارەی عیراق و هەرێمی کوردستاندا هەموو لایەک لە سۆنگەی بەرپرسیاری و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلەکەمان، بپرژێینە سەر ئەوەی بەرنامەی تۆکمە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەگەر و پێشهاتەکان گەڵاڵە بکەین و یەکڕیزی بە ئاراستەی خێری وڵاتەکەمان و چاکەی هاوڵاتیان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان دەستەبەر بکەین.
لەم یادەدا وێرای پیرۆزبایی، دەمانەوێ دووپاتی بکەینەوە کە سەرەڕای ناکۆکی و جیاوازی و ڕەخنەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەلومەرجی سیاسی عیراق و ناوچەکە و ئاراستەی گۆڕانکاریەکان ئەرکی ئەوە دەخاتە سەر هەموو لایەکمان کە گفتوگۆیەکی نیشتمانی فراوان دەست پێبکات بە مەبەستی دەربازبوون لە دۆخی چەقبەستووی سیاسی و چارەسەرێکی گشتگیر بۆ کێشەکان و ئامادەکاری بۆ قۆناغی داهاتوو و بەدورگرتنی کوردستان لەو مەترسیانەی بەڕێوەن، بۆ ئەوەی بەیەکەوە ئەو دۆخە چاوەڕوانکراوە بە قازانجی گەلەکەمان و ئارامی و خۆشگوزەرانی خەڵک و پێگەیەکی بەهێزتر لە ناو هاوکێشەی سیاسی ناوچەکەدا دەستەبەربکەین.
د. #بەرهەم ساڵح#
سەرۆکی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری
#16-08-2018#