ئامادەکردنی: #زریان سەرچناری#
سلێمانی 2018
پێنج خشتەکی جاهید لەسەر غەزەلێکی سابری:
وجودی نا وجودی من لە خزمەت دەرکرا چیبکەم؟
شەهادەی شێتی و مەستی بەناحەق پێم درا چیبکەم؟
بەرەڵا بوونی دەشتودەر لە بۆ من دانرا چیبکەم؟
خودا هاوارە ئەم شەو دولبەرم لێ دابڕا چی بکەم؟
شەرارەی ئاگری دووری لە سینەم هەڵگڕا چی بکەم؟
ئەمەندە ناتەوان و سەربەئێش و دڵخەفەت بارم
تەبیب پێی ناکرێ وەڵڵا عیلاجی ناڵەیی زارم
کز و مات و غەریب و بێکەس و بێ هەمدەم و چارم
لەبەر دەرد و غەمی یارم نەخۆش و خانە بێزارم
وەکو مەجنون دڵم بۆ چۆڵ و سەحرا هەڵخرا چی بکەم؟
لە سەد سەوداسەر و شەیدا حیسابی عاشقی پرسیم
لە سەد فەرهاد و مەجنونیش وەرمگرت دەرس و هەم تەعلیم
نەبوم ڕزگار مەگەر وابو نەسیب و بەخت و هەم تەقسیم
خودا ڕۆژی ئەزەل گریان و قوڕپێوانی پێ بەخشیم
بە ئەمری حەق وجودم هەڵنەکێشم لەم قوڕا، چی بکەم؟
ژیانم چو بەسەر چیبکەم نییە چارەم بە مەئیووسی
فەلەک سەت نەوعە خۆی گۆڕی وەکو ئەشکالی تاووسی
لەناو بەحری غەما غەرقم بە مەحکومی بە مەحبووسی
قەڵەم ڕۆژی ئەزەل بۆ ئێمە هەر دەرد و غەمی نووسی
هەموو ڕۆژ گەر نەناڵێنم شەوانی بێ چرا چی بکەم؟
لەسەر ئەم حاڵەتەی خشم ژیانی خۆم بەکەس نادەم
ڕەقیب باسەرکەوێ بۆمن کەوا خوا نەیخا و من نایخەم
نەفس سەد ئارەزووکاتن عەقڵ نەیبات و من نایبەم
قسەی بێفائیدە و بێجێ زەروورەت پێم نەکا نایکەم
ئەگەر گریە و فوغان ناکەم لە ئارامم برا چی بکەم؟
بەهارە دەشتودەر ڕازاوە بولبول وا لە ئیقباڵە
مەحاڵە پایە بووسی گوڵ بکەم بەم وەزع و ئەحواڵە
نەتیجەی عاشقی هەر ڕوت و پەرپوت و عەدەم حاڵە
هەمو عالەم بەبەرگی جەژنەوە سەرمەست و خۆشحاڵە
ئەگەر قانع نەبم (سابر) لە نێو بەرگی شڕا چی بکەم؟
قەناعەت کەنزە بۆ (جاهید) هەژاری هەر بەسەر چاوان
چە دەخل پێیە بۆ عالەم ئەگەر شایی بێ یا سەیران
نەبو جاری هەواڵی من بپرسێ یارەکەی جاران
نەگەییە دامەنی حوسنی هەناسەی (سابری) یاران
لە دونیادا بە بەدناوی کە من زەنگم زڕا چی بکەم؟ [1]