ساڵێک دوای #16ی ئۆکتۆبەر#، بەشێک لە هاونیشتمانییانی کوردی #خورماتوو# دەستیانکردووە بە گواستنەوەی منداڵەکانیان لە خوێندنگە کوردییەکان بۆ خوێندنگە عەرەبییەکان، هۆشداریش دەدرێت لە ئەگەری نەمانی خوێندنی کوردی لەو شارە.
لە خورماتوو نزیکەی 900 قوتابی لە یەک قوتابخانه دەخوێنن، خوێندکارەکان بە سەر سێ قۆناخی دەوامکردندا بەشکراون، نەبوونی کتێب و خراپی پۆلەکان و کەمی مامۆستا، کێشەی زۆربەی قوتابخانە کوردییەکانن.
نزیکەی دوومانگە بەشێکی زۆری خەڵکی خورماتوو، منداڵەکانیان لە قوتابخانەکانی خوێندنی کورد دەردەهێنن و دەیانخەنە بەر خوێندنی عەرەبی، ئەمەش بە تاکە چارەسەر دەزانن.
قانع عەلی، هاونیشتیمانییەکی خورماتوو دەڵێ من یەکێکم لەوانەی برازایەکی خۆمم لە پۆلی حەوتی بنەڕەتییەوە گواستووەتەوە بۆ خوێندنی عەرەبی و منداڵەکانی خۆشم هەر لەئێستاوە لە باخچەکانی ساوایان بە عەرەبی دەخوێنن. کێشەی کەمی کتێب و کەمی قوتابخانەمان هەیە. ئەمساڵ کێشەیەکی دیکەش دروست بووە، کە بڕیاریاندا چەند قوتابخانەیەکی دیکە هەڵبگرن، بەمەش چەند قوتابخانەیەک تێکەڵ بەیەکدی دەکرێن.
لە خورماتوو هەر مامۆستایەک زیاتر لە سێ وانەی جیاواز دەڵێتەوە، ساڵێک زیاترە هیچ هاوکارییەک و پێداویستییەک بۆ قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی له و شارۆچکەیە دابین نەکراوە و، پێداویستییە سەرەکییەکان لە خەرجی گیرفانی بەشێک لە قوتاییان و مامۆستایان دەکڕدرێن.
سەعدان جەلال، مامۆستای وانەی کوردی لە خورماتوو دەڵێ لە خورماتوو بە گشتی ژمارەی ئه و کەسانەی منداڵەکانیان دەنێرن بۆ خوێندنی کوردی کەم بووەتەوە، ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە. دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەری بکات، هەر له دابینکردنی پێداویستی، تا دەگاتە دامەزراندنی مامۆستا.
بارەگای بەشی خوێندنی کوردی لە خورماتوو لەنێو یەکێک لە قوتابخانەکاندا دوو ژووریان پێدراوە، زیاتر لە جارێک پەروەردەی پارێزگای سەڵاحەدین و بەشی خوێندنی کوردی لە #کەرکووک# لە کەموکوڕییەکان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.
کەسانی خێرخواز لە ژمارەیەک قوتابخانە کاری نۆژەنکردنەوەیان ئەنجامداوە و چەند پۆلێکی نوێیان لەسەر ئەرکی خۆیان دروستکردووە، بەڵام پەروەردەی پارێزگای سەڵاحەدین بە بڕیارێک ئه و کارەی لە خێرخوازەکان قەدەخەکردووە.[1]
#27-11-2018#