بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی #سلێمانی# ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردودا 103 کەس بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەوانە مامەڵەکردن بە مادەی هۆشبەر، دزینی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل، خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و فێڵکردن لە هاووڵاتییان دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ 21-1-2020، سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە سەرەتای ئەم مانگەوە دوو کەس بە تۆمەتی مامەڵکردن بە ماددەی هۆشبەر، هەشت کەس بە تۆمەتی دزینی ماتۆڕسکیل، 19 کەسیش بە تۆمەتی دزیکردن، لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیرکراون.
راشیگەیاند: هەر له و ماوەیەدا 15 کەس بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، 28 کەس بە تۆمەتی فێڵکردن لە هاووڵاتییان، دوو کەس بە تۆمەتی تەقاندنی تایەی ئۆتۆمبێل لە شارەدێی زەلان، پێنج تۆمەتبار بەتۆمەتی دزینی مۆبایل و 14 کەسیش بەتۆمەتی سواڵکردن دەستگیرکراون.
ئاماژەی بەوەشدا، لە سێ هەفتەی ڕابردودا چوار تۆمەتبار لەسەر دۆسیەی کوشتنی هاووڵاتییەکی خانەنشین لەسیتەک دەستگیرکراون, هەروەها سێ کەسی دیکە بە تۆمەتی دزینی قەل و قاز دەستبەسەرکراون، هەروەها لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە چوار ژن و چوار پیاو بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری لەشفرۆشی دەستگیرکراون.[1]
#21-01-2020#