پارتی دیموکراتی گەلان - #هەدەپە#، لەبارەی ڕێوشوێنە تەندروستییەکان بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پاکێجێکی بڵاو کردەوە کە خۆی لە 18 پێشنیاردا دەبینێتەوە لەبوارەکانی تەندروستی و ئابووری و سیاسیدا، دەشڵێت: دەسەڵات لە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان دواکەوتووە.
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە لە بارەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی تەندروستی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پاکێجی ناوەندی کۆردیناسیۆنی قەیرانەکانی پارتەکەی بڵاوکردەوە.
بوڵدان بە چەند خاڵێک پاکێجەکەی ئاشکرا کرد و پەیامێکیشی ئاڕاستەی گەل کرد.
=KTML_Bold=پێشنیارەکانی هەدەپە لەڕووی تەندروستیەوە بریتین لە:=KTML_End=
1-دەبێت نەخۆشخانەکان وەکو کەرەنتینە دیزاین و ئامادە بکرێن.
2- دەبێت گشت هاوڵاتییان بە بێ بەرامبەر بتوانن پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن.
3- دەرمان و پێداویستیەکانی تەندروستی دەبێت بەبێ بەرامبەر بگەنە دەستی ئەو کەسانەی مەترسیان لەسەرە، بە تایبەت ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵەوەیە، هاوکات پەنابەر و کۆچبەران.
4- ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان کە لە دەستی دەزگاکانی دەوڵەت و شارەوانیدان، دەبێت وەکو ناوەندەکانی کەرەنتینە، سەر لەنوێ ئامادە و دیزاین بکرێن.
5- دەبێت هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکی بواری تەندروستی بەبێ بەرامبەر بێت.
6- دەبێت تەداویکردن بێ بەرامبەر بێت.
'دەبێت ئازاد بکرین'
=KTML_Bold=دەبێت لە ڕووی یاساییەوە ئەم هەنگاوانە بنرێن:=KTML_End=
1- دەبێت زیندانییە پیر و بەتەمەنەکان، منداڵ و ئەو ژنانەی منداڵیان هەیە، بە پەلە ئازاد بکرێن.
2- دەبێت مافی زیندانیان بۆ بەکارهێنانی تەلەفۆن، پارێزراو بێت و بتوانن لە کاتی خۆیدا بەکاری بهێنێن، هاوکات مافی چوونە دەرەوە لە ژوورەکانیان هەموو ڕۆژێک پارێزراو بێت.
3- لە گشت گرتووخانەکان دەبێت ماسک و پێداویستی خۆپاراستن بەبێ بەرامبەر دابەشبکرێن.
4- دەبێت پارێزەران بتوانن چاوپێکەوتن لەگەڵ بریگرتەکانیان ئەنجام بدەن، هاوکات دەبێت پشکنینە تەندروستیەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەنجام بدرێن.
5- دەبێت هەموو زیندانەکان وەکو ناوەندێکی کەرەنتینی لێبکرێت.
'دوورخستنەوەی کارمەند و کرێکار لە کارەکانین دەبێت قەدەغە بکرێت و دانەوەی پارەی پسوڵە دوا بخرێت'
لە ڕووی باری ئابووریشەوە تێڕوانینەکانمان بەم شێوەیەن:
1- لەم قۆناغەدا دوورخستنەوەی کارمەند و کرێکار لە کارەکانیان قەدەغە بکرێت.
2- ئەو کەسانەی مەترسیان لەسەرە و نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان هەیە و هەروەها ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، دەبێت مۆڵەتی بە مووچەیان پێ بدرێت.
3- ئەو دایک و باوکانەی بە یەکەوە کار دەکەن، دەبێت مۆڵەتی چوونە ماڵەوە بە یەکێکیان بدرێت.
4- هەموو بێکارەکان دەبێت سوود لە یاسای دڵنیایی وەربگرن.
5- دەبێت هەموو پسوڵەکانی ئاو، غاز و کارەبا و ئەنتەرنێت بوەستێندرین.
6- دەبێت لەم قۆناغەدا کرێ لە کرێچیەکان وەرنەگرێت.
7- دەبێت هەموو قیستی بانکەکان بە بێ زیادکردنی سوو، دوا بخرێن.
پەروین بوڵدان بەناوی هەدەپەوە بانگەوازیی ئاڕاستەی پەرلەمان کرد، کە وتوێژکردنی لەسەر پرۆژەیاساکان بوەستێنن و بابەتی کۆبوونەوەکان بکرێت بە ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەڵێت: وەکو هەدەپە بۆ ئەم مەبەستە ئامادەین، لەم ڕووەوە بەرپرسیاریەتیەکی مێژووی لە ئەستۆی پەرلەماندایە، دەبێت بە بەشداری ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و مەدەنیەکان، کۆبوونەوەیەکی بە پەلە ئەنجام بدرێت.
هەدەپە بانگەوازی ئاڕاستەی گەل دەکات و دەڵێت: تا ناچار نەبن لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە، ئێمە نازانین ئەم قۆناغە تاکەی بەردەوام دەبێت، هەروەها بانگەزایی ئاڕاستەی گەلەکەمان دەکەین خۆراک و ئەرزاقی پێویست دابن بکەن.
لەکۆتایشدا دەڵێت: دەسەڵات لە ڕووی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست دوا کەوتووە، بە داخەوە تا ئێستا هیچ پلانێکی جدیان نییە، ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپە و هەموو ئەندامەکانمان لەم قۆناغەدا دەبێت ئەم بارودۆخە لەبەر چاو بگرن و لە هەر جێگایەکی تورکیا پێویست بێت، هاوکاری پێشکەش بە گەلەکەمان بکەن.[1]
#18-03-2020#