کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی باشوری کوردستان، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، ئێمە وەک گەنجان و داهاتووی ئەم وڵاتە دەسبەجێ داوای ڕاگرتنی ئەم لەڕوودا وەستانەی براکان دەکەین، کە گومانی تیا نییە خزمەت بە دوژمنانی گەل دەکەن بە بەردەوامیتان، لێرەوە بە ناوی هەموو گەل و لاوانی کوردستانەوە هەمووتان دەخەینە بەردەم بەرپرسیارییەتی مێژوو.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە:وەک هەموو لایەک ئاگادارن و دەزانن، چەند ڕۆژێکە هێزێکی زۆر جوڵەی پێکراوە بەرەو ناوچەی (وەرتێ) و جێگیر کراوە لە ناوچەکە، بەبیانووی ڕێگریکردن لە زیاتر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەچوارچێوەی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم، بەڵام بەچاولێکردنی مێژوو ئەو ئەزمونە تاڵەی هەمانە لاوان و گەل و کۆمەڵگە هەست بەو مەترسیە گەورەیە دەکەین کە لە زینی وەرتێ لە ئارادایە، بۆیە ئێمە وەک تۆڕی هاوبەشی ڕێخراوەکانی لاوان لە سۆنگەی هەستکردن بە بەر پرسیارییەتی و وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتیمانی ئەو بارودۆخەی هەیە شەرمەزار دەکەین، وە لێرەوە داوا لە پەڕلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و سەرجەم حیزب و ڕێکخراوەکان و بە تایبەت گەل دەکەین، کە پێویستە هەڵوێستی ڕوون و جددیان هەبێ سەبارەت بە دۆخەکە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە توشبوونی گەلەکەمان بەشەڕێکی ڕەش و شوومی ناوخۆ و براکوژی، چونکە تا ئێستا زامی ڕابردوومان ساڕێژ نەبووە و لێکەوتەکانی تا ئێستا لە کۆمەڵگادا نەسڕاوەتەوە.
هەر لەو بەیاننامەدا هاتووە:ئەم بارودۆخەی ئێستا هەیە لە زینی وەرتێ جگە لەوەی دوژمنانی یەکێتی نەتەوەیی دڵخۆش دەکات، وە بەهێزیشیان دەکات بۆ زیاتر لێک ترازانی ماڵی کوردی، بەڵکو زۆر دووریشمان دەخاتەوە لە مافی ڕەوای گەلەکەمان کە سەربەخۆیی و ئازادییە، وە لە لایەکی دیکەوە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت مانای بەفیڕۆدانی خوێنی چەندین قارەمانی گەلەکەمانە کە گیانی خۆیان لە پێناو ئاشتی و ئارامی و ئازدیی گەلەکەمان بەخت کردووە، بۆیە ئێمە وەک گەنجان و داهاتووی ئەم وڵاتە دەسبەجێ داوای ڕاگرتنی ئەم لەڕوودا وەستانەی براکان دەکەین، کە گومانی تیا نییە خزمەت بە دوژمنانی گەل دەکەن بە بەردەوامیتان، لێرەوە بە ناوی هەموو گەل و لاوانی کوردستانەوە هەمووتان دەخەینە بەردەم بەرپرسیارییەتی مێژوو.
تۆڕی هاوبەشی ڕێخراوەکانی لاوان
ڕێکخراوی ئازادی لاوانی کوردستان
ڕێکخراوی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان
ژنانی گەنجی تێکۆشەر
سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان
یەکێتی لاوانی کوردستان
گەنجانی بزوتنەوەی گۆڕان و حزبی شیوعی و زەردەشتی[1]
#17-04-2020#