ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- #هەپەگە#، لەسەر چالاکیی گەریلاکانی دژی سوپای داگیرکەری تورک لە چیای جودی و هەروەها شەهیدبوونی دوو هاوڵاتیی مەدەنی لە خواکورک، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە چوارچێوەی هەنگاوی تۆڵەکردنەوەی شەهید مەدیا ماوا و شەهید ڕزگار گەڤەر، هێزەکانمان ڕۆژی 28ی ئەم مانگە کاتژمێر 03:50 خولەکی دوانیوەڕۆ لە ناوچەی نێوان گردەکانی بێسپن و چەلێ خوشک و برا لە چیای جودی دژی سوپای داگیرکەری تورک چالاکییان ئەنجامدا، لە چالاکییەکەدا گورزی قورس لە مۆڵگە و حەشارگەکانی دوژمن وەشێندرا، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکان ڕوون نەبووەتەوە، دوای چالاکییەکە سوپای داگیرکەری تورک بە چەکی قورس ئەو دەوروبەرەی تۆپباران کرد، دواتریش بە هێلیکۆپتەر سەربازە کوژراو و بریندارەکانی دوور خستەوە، یەکینەکەمان بە سەلامەت و سەرکەوتووانە گەیشتەوە بارەگای خۆی.
هێرشی ئاسمانی
لە بەردەوامی هاتووە: ڕۆژی 27ی ئەم مانگە کاتژمێر 04:30 خولەکی ئێوارە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک دەشتی نەحلە لە گابار، مەیدانی مەرڤانۆس لە ئاڤاشین و مەیدانی گۆشن و بەربزن لە خواکورکیان بۆردوومانکرد.
شەهیدبوونی دوو هاولاتی ڕۆژهەڵاتی
لە کۆتاییش هاتووە: لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا، زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە، بەڵام لە ناوچەی خواکورک لەسەر سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوو هاوڵاتی مەدەنی بە ناوەکانی ڕەشید میرۆیی و فاخر تازەوارد لەلایەن سوپای داگیرکەری تورکەوە شەهید کران، لەم هێرشەدا سوپای تورک بە زانابوون ئەو هاوڵاتیانەی کردە ئامانج، سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو هاوڵاتیانە و هەموو گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین.[1]
#29-04-2020#