لە چالاکییەکی گەریلادا لە ناوچەی پاسوری #ئامەد#، دوو ئەندامی دەزگای سیخوڕی دەوڵەتی تورک- میت و سێ کۆنترا جاش کوژراون.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- #هەپەگە#، لەسەرچالاکیی گەریلاکانی لە ئامەد و جولەمێرگ و هەروەها شەهید بوونی حەوت گەریلای لە ناوچەی کاغزمانی سەربە قەرس، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی 8ی مانگی ڕابردوو لە ناوچەی پاسوری ئامەد، لە نزیک گوندی ساڤوشاک لە دژی ئۆتۆمبێلێک کە هەڵگری ئەندامانی میت و کۆنتراکان بوو چلاکی ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا دوو ئەندامی میت و سێ کۆنترا کوژران، یەکینەکەمان سەرکەوتووانە گەڕایەوە بارەگای خۆی، سوپای داگیرکەری تورک دوای چالاکییەکە تا ڕۆژی 23ی مانگی ڕابردوو، لەو ناوچەیە ئۆپەراسیۆنێکی بەڕێوەبرد و بێ ئەنجام کۆتایی پێهێنا.
لە بەردەوامی هاتووە: دەوڵەتی فاشیستی تورک بۆ لەناوبردنی هێزەکانمان، ڕێی و ڕێبازی جیاواز و چەپەڵ دەگرێتەبەر، یەکێکیان ئەوەیە کە تۆڕەکانی میت و کۆنترا بە جلی مەدەنییەوە هەوڵدەدەن زانیاری لە شوێن و جموجوڵی گەریلا بەدەستبێنن، دەوڵتی مشەخۆری تورک و میدیاکانی بە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و هەڵە، هەوڵدەدەن ئەو کەسانە وەک خەڵکی مەدەنی نیشان بدەن و ڕاستییەکان لە ڕای گشتی بشارنەوە، ڕۆژانە لەسەر ئەم بابەتە بانگەشەی درۆ دەکەن، ئەو کەسانەی لەم چالاکییەدا کراونەتە ئامانج، نەک خەڵکی مەدەنی، بەڵکو سیخوڕ و کۆنترای دەوڵەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپەن و دژی گەریلاکانی ئازادیی بە تایبەتی بە ڕێکخستن کراون.
هەروەها هاتووە: لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێرانەی شەهید باگەر و شەهید ڕۆنیا-دا، هێزەکانمان 2ی ئەم مانگە کاتژمێر 07:00ی بەیانی لەدژی بارەگایەک لە ناوچەی چەلێ جۆلەمێرگ چالاکییان ئەنجامدا، گورز لە مۆڵگە و حەشارگەی ناو بارەگاکە وەشێندرا، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی دوژمن ڕوون نەبووەتەوە.
لە بەردەوامیدا هاتووە: ڕۆژانی 29 و 30ی مانگی ڕابردوو، لە مەیدانی قزل پیریز لە ناوچەی کاغزمان سەربە قەرس، سوپای داگیرکەری تورک دەستی بە ئۆپەراسیۆن کرد، بەهۆی بۆردوومانەکان لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، چوار هەڤاڵمان شەهید بوون، کە دواتر ناسنامەکانیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێت.
لە کۆتاییش هاتووە: ڕۆژی 2ی مانگی 11ی ساڵی 2019، لە پێدەشتەکانی ناوچەی کاغزمانی سەربە قەرس، لە نێوان یەکینەکانمان و سوپای داگیرکەری تورک شەڕ ڕوویدا، لەو شەڕەدا سێ هەڤاڵمان کە قارەمانانە بەرخۆدانیان کرد شەهید بوون، دواتر ناسنامەکانیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێت.[1]
#03-05-2020#