بڕیارەکانیش بریتین لە:
1- هەموو دەروازە و مەرز و خاڵە سنوورییەکان بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان و گەشتیاران بە داخراوی دەمێننەوە و کاتی پێویست دیاریدەکرێت بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتیانەی هەڵگری پاسپۆرتی عێراقین بۆ هەرێمی کوردستان، بەپێی بڕیارەکانی #وەزارەتی ناوخۆ# و ڕێنمایی تەندروستییە کارپێکراوەکان، ئەمەش تەنها لە ڕێی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخەوە دەبێت.
2- ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و جوڵەی بازرگانیی بەهەمان شێوەی ڕێنماییەکانی پێشوو بەردەوام دەبن.
3- بازگەکان لەگەڵ شارەکانی دیکەی عێراقدا بەڕووی هاووڵاتیان و گەشتیاراندا بە داخراویی دەمێننەوە و تەنها ڕێگە بە جووڵەی بازرگانیی و ئەوکەسانە دەدرێت، کە لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆدا دیاریکراون بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەکان.
4- تێرمیناڵەکانی گواستنەوەی هاووڵاتیان بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان تا کاتێکی نادیار ناکرێنەوە و ڕێگە بە هاتنە ناوەوەی هیچ ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی گشتی (تاکسی و پاس و مینی پاس)ێک نادرێت لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە، بێنە ناو هەرێم، بەتایبەتی سنوری ئیداریی پارێزگای #سلێمانی#.
5- هەرکەسێک لە هەر شوێنێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە دوای ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ بگەڕێتەوە پارێزگای سلێمانی، کەرەنتینە دەکرێت و پێویستە پابەندی تەواوی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستییەکان بێت.
6- قەدەغەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەهەمان ڕێکاری پێشوو بەردەوام دەبێت و، هەر فەرمانگەیەکی فەرمیی بە کاری ڕەسمیی پێویستی بە هاتووچۆ هەبێت ڕەزامەندیی لە پارێزگای سلێمانی وەردەگرێت.
7- فڕۆکەخانەکان بە داخراویی دەمێننەوە و هەر گەشتێک بۆ دەرەوەی وڵات یان هاتنەوە بۆ وڵات پێویستی بە ڕەزامەندیی فەرمیی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمەش تەنها بۆ حاڵەتی مرۆیی و ئەو وەفدە نێودەوڵەتیانەی لە بەیانەکانی وەزارەتی ناوخۆدا دیاریکراون.
8- چاودێری زیاتری سنورەکان دەکرێت و ڕێ لە هەر هاتنەوەیەکی یاساغ و قاچاخ دەگیرێت و ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
9-هاتنی گەشتیار بۆ سنووری ئیدارەی پارێزگای سلێمانی قەدەغەیە.
10- دەسەڵات بە قائمقامیەتەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەدرێت، بۆ ڕێکخستنەوەی ڕێنماییەکان بەپێی تایبەتمەندیی سنوورەکانیان.
11- تیمەکانی تەندروستیی بەردەوام دەبن لە چاودێریی و خۆپاراستن و چارەسەری تەندروستی و هەڵمەتەکانی پشکنین و وەرگرتنی سامپڵ.
12- پرسە و چوونە سەر قەبران و بۆ جەژن و ئاهەنگ و بۆنەکان و هەموو کۆبوونەوە و تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتنێک قەدەغەن و پێویستە هەموو لایەک پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن.
13- مزگەوت و پەرستگەکان کراوە دەبن بەپێی ئەو ڕێنماییانەی #وەزارەتی ئەوقاف# و کاروباری ئایینی و وەزارەتی تەندروستیی دیارییان کردوون، هەر سەرپێچییەک دەبێتە هۆی داخستنی ئەو شوێنەی سەرپێچییەکەی تێدا دەکرێت.
14- جەژنی ڕەمەزان لە هەموو هاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی و کوردستان و جیهان پیرۆز دەکەین، داوا لە هەموو هاووڵاتیانی بەڕێز دەکەین، پابەندی تەواوی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان لە گەڕانی ماڵان و گەڕەکەکان و هەر تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتنێک بەدوور بگرن و خۆیان لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتە نەریتیی و باوەکان بپارێزن.
15- تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانیی و شارەوانیی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی بەردەوام دەبن لە دەرمانپژێنکردنی مزگەوت و پەرستگه و شوێنە گشتیەکان.
16- تیمە هاوبەشەکانی لیژنەی ئارامیی سلێمانی بەهەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی بەردەوام لە شوێنە گشتیەکان ئەنجام دەدەن و بۆ پێدانی ڕێنماییە خۆپارێزییەکان بە هاووڵاتیان.
17- داوا لە هەموو دەزگا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرا، وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتیی و نیشتمانیی و تەندروستیی ڕۆڵی خۆیان لە ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان و دوورخستنەوەیان لە مەترسییە بەردەوامەکانی کۆرۆنا و پابەندبوونیان بە ڕێنماییە تەندروستیەکانەوە، وەک هەمیشە، ببینن.
18- باڕو ڕێستۆرانتەکانی شەوانە تا دوای جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز ناکرێنەوە، دواتریش پێویستە پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستیی و گەشتیاریی و کارگێڕیی و ئارامییەکان بن و بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت، بۆ مەبەستی دیکە بەدەر لە ڕێنماییەکان بەکاربهێنرێن.
19- بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕاسپێردرا، کە بەهیچ شێوەیەک مۆڵەت بۆ ئەو کافتریا و ڕێستۆرانتانە نوێ نەکاتەوە، کە دەکەونە شوێنەکانی نیشتەجێبوون و گەڕەکەکان و هەر شوێنێک کە لیژنەکانی قائمقامیەتی سلێمانی بە پەسەندی نازانن. هەر شوێنێک لەم شوێنانە نێرگەلەی تێدا دابنرێت پێویستە باخچە و شوێنی کراوەی هەبێت و پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستیی و ئارامییەکان بێت، بەپێچەوانەوە دادەخرێت.
20- شوێنە گەشتیارییەکان بەپێی ڕێنماییە تەندروستیی و گەشتیارییەکان تەنها بۆ هاووڵاتیانی ناوخۆ دەکرێنەوە.
21- بە هەموو شێوەیەک سەردانیکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانە گشتیی و تایبەتەکاندا قەدەغەیە و پێویستە هەموو لایەک پابەندی ئەم بڕیارە بن.
22- ڕێکاری پێویست بەرامبەر هەر زیادەڕەوییەک بۆ موڵک و ماڵی گشتیی دەگیرێتەبەر، بۆ ئەم مەبەستەش دادگایەکی تایبەتمەند بە زیادەڕەوی لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی بەهەماهەنگیی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەستبەکار دەبێت.
#17-05-2020#