گۆشتی سووری خۆماڵی تەنیا نیوەی پێداویستیی هەرێمی کوردستان پڕدەکاتەوە و ئەوی دیکە لە وڵاتانی دیکەوە هاوردەکرێت. ئامارەکان پیشانی دەدەن کە لە ساڵانی ڕابردوودا خواست لەسەر گۆشتی سوور بەرزبووەتەوە و ڕێژەی هاوردەکردنی ئاژەڵ بەراورد بە پێنج ساڵ پێشتر 72% زیاد بووە.
لە کێڵگەیەکی بەخێوکردنی گۆلک لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە هەزار گۆلکی قەڵەو و جوانەگا بۆ سەربڕین دەفرۆشرێن، بەڵام بەهۆی هاوردەکردنی گۆلکی قەڵەوەوە کە ڕاستەوخۆ سەردەبڕدرێت، خاوەنی کێڵگە نیوخۆییەکە تووشی زیانبووە.
جەوهەر عومەر، خاوەنی کێڵگەی بەخێوکردنی ئاژەڵە و دەڵێت، ئاژەڵەکان 10 بۆ 12 مانگ دەمێننەوە پێمان نافرۆشرێن، بەهۆی ئەو ئاژەڵە قەڵەو و هیندییانەی دەیانهێنن؛ گۆشتیان تەواو نییە و تامی نیی. ئێمە تووشی زیان بووین. ئەو گۆلکانەی ئێمە هەمانە تەمەنیان شەش بۆ حەوت مانگە لە دەرەوە دەیهێنین. لێرە گەورەرەیان دەکەین. هەشت بۆ 12 مانگ قەڵەویان دەکەین، ئینجا دەیانفرۆشین، بۆیە داوادەکەین گۆلکی قەڵەو نەهێنرێت.
بەهۆی زۆریی خواست لەسەر گۆشتی سوور ساڵ بە ساڵ بازرگانیی هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو زیادی کردووە، بە جۆرێک هاوردەکردنی گۆلک لە ساڵی 2019دا بەراورد بە ساڵی 2015 بە ڕێژەی 72% زیادیکردووە.
لە هەرێمی کوردستان 59 پرۆژەی مۆڵەتپێدراوی قەڵەوکردنی گۆلک هەن. لە هەر وەجبەیەک کە لەنێوان هەشت بۆ 12 مانگدایە، دەتوانن نزیکەی 20 هەزار گۆلک قەڵەوبکەن. هەروەها شەش پرۆژەی قەڵەوکردنی بەرخ هەن کە لە هەر وەجبەیەک دەتوانن دوو هەزار و 110 سەر بەرخ قەڵەو بکەن، بەڵام بەشێکیان بەهۆی هاوردەکردنی گۆلک و بەرخی قەڵەوەوە بۆ سەربڕین تووشی زیان بوون و لە کار وەستاون.
هۆگر جەلال، ئاژەڵفرۆشە و دەڵێت، خۆماڵی کەمە و زۆر نییە. کە لە دەرەوەش ماڵات دەهێنرێت با بە کەمی و دیاریکراوی بهێنرێت بۆ ئەوەی هیچ لایەنێک زیانمان بەرنەکەوێت.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 112 هەزار سەر مەڕ، ملیۆنیک و 233 بزن، 367 هەزار ڕەشەوڵاخ بە نێر و مێوە هەن. ئەوانەی ساڵانە سەردەبڕدرێن نیوەی پیداوستیی گۆشتی سووری نێوخۆ پڕدەکەنەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ دەیەوێت بڕیارەکانی بە جۆرێک بن کاریگەرییان لەسەر گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور نەبێت.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، بڕیارە نوێیەکەمان ئەوەیە کە لە ماوەی یەکەمدا دەکرێتە دوو بەش: 40% بۆ خاوەن پرۆژەکان و 60% بۆ هاوردەکردنی ئاژەڵە. دوای شەش مانگ پێچەوانە دەبێتەوە: 40% بۆ هاوردەیە و 60% بۆ خاوەن پرۆژەکان دەبێت.
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ لە پێنج ساڵی ڕابردوودا 529 هەزار و 932 سەر ئاژەڵ بە مۆڵەتی فەرمی لە وڵاتانی جۆرجیا، ڕۆمانیا، ئەرمینیا، ئۆکراینا، مۆڵداڤیا، پاراگوای و بەرازیل هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە. [1]